لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ تاریق عەزیز; پیاوی متمانەپێكراوی سەدام

تاریق عەزیز; پیاوی متمانەپێكراوی سەدام

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان

tarq azizمیخائیل یۆحەنا عەزیز، راوێژكاری هەرە نزیك‌و متمانەپێكراوی سەدام حسێن، تاكە مەسیحی نێو كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی بەعس، كۆتایی هەفتەی رابردو لەتەمەنی 79 ساڵیدا گیانی سپارد، ئەو رۆژگارێك كە لەلوتكەی دەسەڵاتدا بو بەكوردی وت “تا هەزار ساڵی تر دەبێت بۆ كەركوك بگرین، وەك چۆن عەرەب تا ئێستاش شین بۆ ئەندەلوس دەكات”.

ماوەی ساڵێكە ئەو شارۆچكە مەسیحی نشینەی دەشتی موسڵا كە 79 ساڵا لەمەوبەر تاریق عەزیز چاوی بەدنیا تێدا پشكوت، لەژێر دەستی شەڕەنگێزترین گروپی توندەڕەوی ئیسلامیدایە، ئەو لەكاتێكدا كە لەنەخۆشخانەیەكی ناسریە ماڵئاوایی لەژیان دەكات، عێراق پڕە لەململانێ‌‌و شەڕ‌و كارەسات، ئەمەش دەرەنجامی سیاسەتێك بو كە بەعسیەكان سەردەمانێك لەعێراقدا پەیڕەویان كردو ئەمیش یەكێك بو لەداڕێژەرانی.

عەزیز كە لەكۆتایی دەیەی 1950ەوە سەدام ناسیوە، بوە بەهاوڕێی گیانی بەگیانی، هەرچەندە زۆربەی مەسیحیە كلدانیەكانی عێراق لەو سەردەمانەدا هەواداری بیری چەپ‌و حیزبی شیوعی بون، بەڵام ئەم بوە بەهاوڕێی ئەو بەعسیانەی بیری ناسیۆنالیزم‌و پان عەرەبیزمیان لەمێشكدا بوە، لەكاتی هاتنە سەر كاری بەعسیەكاندا لەساڵی 1968 بوە بەسەرنوسەری رۆژنامەی “سەورە”ی زمانحاڵی حیزبی بەعس‌و دواتریش وەزیری راگەیاندن‌و ماشێنی پڕوپاگەندەو راگەیاندنی حكومەت‌و حیزبی بەعس بەڕێوەبردوە.
ساڵی 1979 كە سەدام دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق، تاریق عەزیز دەبێتە ئەندامی “ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش”، لەساڵی 1980شدا لەسەروەختی هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی لەئێران، كە كێشەو ململانێكانی نێوان حكومەتی بەعس‌و حكومەتی تازە دامەزراوی خومەینی لەپەرەسەندندا بو، تاریق عەزیز لەدەروازەی زانكۆی موستەنسریەدا روبەروی هەوڵی تیرۆركردن بۆوە، سەدام حسێن هەر هەمان رۆژ “ئێران”‌و “حیزبی دەعوە”ی نزیك لەئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان هەبوە لەو هەوڵەدا.
 لەساڵی 1983دا، سەدام حسێن پۆستی وەزیری دەرەوە بەتاریق عەزیز دەسپێرێت، كە گەرمەی شەڕی دژواری عێراق‌و ئێرانە، عەزیز بەوپەڕی كارامەییەوە ئیدارەی دۆسیەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی عێراق دەكات، پشتیوانی رۆژئاواو ئەمەریكا لەعێراق دژ بەئێران دەستەبەر دەكات‌و دواتریش لەدانوستانەكانی راوەستانی شەڕیشدا كە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەنجامدرا، نوێنەرایەتی عێراقی كرد.
لەكاتی داگیركردنی كوەیتیشدا لەلایەن سوپای عێراقەوە، عەزیز رۆڵێكی گرنگی لەدانوستانەكانی پەیوەست بەو قەیرانە بینی كە سەرتاسەی جیهانی پێوە سەرقاڵا بو، چەند كاتژمێرێك بەر لەراگەیاندنی جەنگی وڵاتانی هاوپەیمان دژ بەعێراق لەهاوینی1990دا، وەك دوا هەوڵدان بۆ كشانەوەی عێراق لەكوەیت لەڕێگەی دبلۆماسیەوە، جیمس بیكەری وەزیری دەرەوەی عێراق‌و تاریق عەزیز كۆبونەوە. بیكەر لەیاداشتەكانیدا دەڵێت “لەدەستپێكی كۆبونەوەكەدا بەتاریق عەزیزم وت نامەیەكم پێیە لەسەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاوە بۆ سەرۆك سەدام حسێن، پێمخۆشە كۆبونەوەكە بەرادەستكردنی ئەم نامەیە دەستپێبكەم. عەزیز وتی: كۆپییەكت پێیە بتوانم بیخوێنمەوە؟ وتم: بەڵێ‌. وەریگرت‌و خوێندیەوە، خوێندنەوەكەی 10 دەقەی خایاند. پاشان وتی: ناتوانم ئەم نامەیەیە وەربگرم چونكە بەزمانێك نوسراوە كە شایستەی پەیوەندی نێوان سەرۆكی وڵاتان نییە”.
بیكەر باس لەوە دەكات كە “تاریق عەزیز لەو كۆبونەوەیەدا چاودێرییەكی توندی لەسەر بو، بارزانی زڕ برای سەدام‌و باڵوێزی عێراق لەبارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان لەجنێڤ لەلای راستیەوە دانیشتبو، وەرگێڕە تایبەتەكەی سەدامیش لەلای چەپیەوە”.
تاریق عەزیز كە بەشی ئینگلیزی لەزانكۆی بەغدا تەواو كردبو، لەنێو پیاوانی رژێمی سەدامدا كە زۆربەیان تكریتی‌و سونی مەزهەب بون روخسارێكی دەگمەن‌و بەتواناو كارامە بو، بەڵام وەك غەسان شەربلی رۆژنامەنوسی ناوداری عەرەب دەڵێت “زیرەكی‌و كارامەیی كەڵكی چیە كە وەزیری دەرەوەی پیاوێكی دیكتاتۆری وەك سەدام حسێن بیت”.
گوێڕایەڵی‌و ملكەچی عەزیز هەرگیز لەلای سەدام حسێن جێی گومان نەبو، تەنانەت ئەو كوڕی دوەمی خۆی ناونا سەدام، لەساڵی 1968ەوە تا 2003 یەكێك بو لەكەسە نزیكەكانی سەدام حسێن‌و لەكاتی دادگایی كردنەكەیدا، سەدامی بە”هاوڕێی سەنگەر” ناوبردو دواتریش لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵا كەناڵی “عەرەبیە”، سەدامی بە”براو هاوڕێی ئازیز”ی ناوبردو ئیعدامكردنی سەدامی بە”دژواترین‌و ناخۆشترین ساتەوەختی ژیان”ی ناوبرد‌و پێیوابو “ئیعدام كردنی سەدام، كوشتنی عێراق بو”.
ئەم پیاوە سەرسپییە كە لەسەر راگواستن‌و سەركوتكردنی كورد‌و پرۆسەی ئەنفال حوكمدرابو، ساڵی 1991 كاتێك كە شاندی دانوستانكاری كورد باسی كەركوكیان كردبو، پێیوتبون “دەبێت تا هەزار ساڵی تر بۆ كەركوك بگرین، وەك چۆن ئێمەی عەرەب تا ئێستاش شین بۆ ئەندەلوس دەكەین”.
تاریق عەزیز كە ژمارە 43 بو لەپلەبەندی 55 داواكراودا لەلایەن ئەمەریكاوە دوای داگیر كردنی عێراق لە2003دا‌و پاش دو هەفتە لەكەوتنی بەغدا خۆی رادەستی هێزەكانی ئەمەریكا كرد، سێ‌ منداڵی هەیە.

سەرچاوە : ئاوێنە نیوز

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە