سەرنج: وەرگێڕانی ئەم وتارەی جۆن مالینۆ بەرهەمی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستییە، بەڵام بەم بۆنەیەوە جێگەی خۆیەتی بڵێین کە دوو ئاراستەی ئایدیۆلۆژیی و ترسناک هەن لە قەزیەی مردنی فیدڵ کاسترۆدا، یەکێکیان ئاراستەی دونیای سەرمایەداریی جیهانی و لیبڕاڵ جەماعەتی لای خۆمانن کە فیدڵ کاسترۆ وەک دوا شەیتانی سەر زەوی وەسف دەکەن و دیارە هەمووشمان دەزانین ئاراستەی ئەمریکیی باڵادەستە و کوردەکانی خۆشمان دوای ئەم ڕەشەبایە کەوتوون کە لەداهاتودا قسەی لەسەر دەکەین، ئاراستە دووەم بەرەی چەپە کە ڕۆڵی گەورەترین پاڵەوانی مارکسیستیی دەداتە فیدڵ کاسترۆ بێ ئاگا لەوەی سیستەمی ئابووریی کوبا نەک سۆسیالیستیی بەڵکو سەرمایەداریی دەوڵەتییە و تەنها لەڕێگای خزمەتگوزاریی خۆڕاییەوە ئەم سیستەمە تێکەڵ بە سۆسیالیزم دەکەن کە لەسەردەمی سەدام حسێن و تا ئەم دواییانەی کوردستانیش هەر هەبووە بێ ئەوەی سیستەمیکی سۆسیالیستیی بێت و لەلایەکی دیکەوە سەیرە چەپی کورد تا شتێک روونەدات ناتوانێت پێشتر قسەی لەسەر بکات و لەگەڵ رووداوەکەشدا دەستدەکات بە موناجات و ڕیزکردنی وشەی جوان جوان، ئێمە سالێکە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستیی لەسەر کوبا کارمان کردووە و لە کتێبی مارکسیسزم لە هەزارەی سێیەمدا بڵاوبووەتەوە و ئێستاش کتێبیکمان لەسەر میراتی شۆڕشگێڕیی گیڤارا و پەیوەندییەکانی بە مارکسیزمەوە ئامادەیە…. ئێمە هەردوو دیدگاکە ڕەت دەکەینەوە و فیدڵ کاسترۆ وەک خۆی دەبینین و ستایشی ئەزموونە شۆڕشگێڕییەکەی دەکەین و پشتیوانیشی دەکەین، و دژی لیبڕاڵ جەماعەت دەوەستینەوە،، بەڵام چاو لەهەڵەکانیشی ناپۆشین بەبیانووی دژیەتیکردنی ئیمپریالیزمەوە. فەرمون ئێوە و وتارەکەی مالینۆ:
ملیۆنان کەس لە ڕادیکاڵ و چەپ و سۆسیالیست و دژە ئیمپریالیستەکانی سەرتاسەری جیهان، بە هەواڵی مردنی سەرکردەی تەمەن ٩٠ ساڵی شۆڕشی کوبا (فیدڵ کاسترۆ) دڵتەنگ و خەمبار بوون. ئاشکرایە کاسترۆ لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتی لە بەشی زۆری ئەمریکای لاتین و ئەفریقیا و بەشەکانی دیکەی جیهانی سێدا، بە بەرەنگاربوونەوە و بەڕووداوەستانەوەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی ناسراوە.
چیرۆکی شۆڕشی کوبا و هەردوو ڕابەرە سەرەکییەکەی، (کاسترۆ و گیڤارا)، لە بنەڕەتەوە چیرۆکێکی رۆمانتیک و پاڵەوانبازییە. تەنها ٨٢ چەکدار، بە سەرکردایەتیی فیدڵ، لە بەلەمێکی بچوکدا بە ناوی “گرانما”، ئاوەکانی خۆرهەڵاتی مەکسیکیان تێپەڕاند و لە (٢ی دیسەمبەری ١٩٥٦)دا لە کەنارەکانی کوبا گیرسانەوە. دەستبەجێ ئەم چەکدارانە لەلایەن هێزی ئاسمانیی کوبییەوە هێرشیان کرایە سەر و زۆربەیان بوونە قوربانی و ئەوانەش کە مانەوە هەریەک بە لایەکدا بڵاوبوونەوە و لێکدابڕان. کاتێکیش رزگاربووەکان لە شاخەکانی (سیێرا مایسترا) کۆبوونەوە، تەنها ١٢ چەکداریان مابوونەوە. دواتر و لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٩دا، دیکتاتۆرە پیس و دڕندەکەی کوبا (پاتێستا) هەڵهات و سوپا شۆڕشگێڕەکەی کاسترۆ بە سەرکەوتووی چووە هاڤانای پایتەختەوە.
لە سەرەتادا کاسترۆ و بزووتنەوەکەی، دیموکرات ناسیۆنالیست بوون، نە سۆسیالیست بوون نە کۆمۆنیست، بەڵکو دوژمنایەتییان بۆ چینی فەرمانڕەوای کوبا و ئیمپریالیزمی ئەمریکی، هەریەکە لە کاسترۆ و وڵاتی کوبای بەرەو خۆماڵیکردنی گەلێک لە پیشەسازییەکان و بلۆکی سۆڤیەتی ئاڕاستەکرد، هەتاوەکو دواجار و ساڵی ١٩٦١ کاسترۆ رایگەیاند شۆڕشی کوبا شۆڕشێکی سۆسیالیستییە.
ئەم چیرۆکە بەتەنها، لە سەردەمی یاخیبوونی ئەنتی ئیمپریالیزم لە سەرتاسەری جیهان و جەنگی ڤێتنام و خەباتی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا، بۆ ملیۆنان کەس ئیلهامبەخش بوو. هاوکات دوو دەستکەوتی دیکە بوونە پارێزەری وێنەی کاسترۆ لە مێشکی خەڵکیدا: یەکەمیان خۆڕاگریی خۆی و رژێمەکەی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ لەبەردەم فشارە توندەکانی ئەمریکادا، کە مەودای ئەم فشارە سەرەتاکەی دەستتێوەردانی سەربازی بوو لە کەنداوی بەرازەکان لە ساڵی ١٩٦١، دواتریش سەریکێشا بۆ هەوڵەکانی هەواڵگریی ئەمریکا بە مەبەستی تیرۆرکردنی، دواجاریش قەدەغەی ئابووری و قەدەغەی سەفەرکردنی خرایەسەر. دەستکەوتی دووەم دامەزراوەی تەندروستیی و پەروەردەی گشتیی کوبایە، کە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەمریکای باشوور و کاریبی، بگرە بەراورد بە خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئاستێکی بەرزدان.
بەڵام سەرەڕای ئەوانە؛ کێشەگەلێکی مەترسیدار هەن پەیوەست بە ریشەی سەرهەڵدانیان لە هەریەکە لە خودی شۆڕشی کوبا و رژێمە شۆڕشگێڕییەکەی ئەو وڵاتە.

یەکێکی دیکە لە ئاستەنگە گەورەکان بریتییبوو لە دابڕان و کەنارگیری و قەتیسبوونی شۆرشی کوبا و پشتبەستنی بە یەکێتیی سۆڤیەت. لەم بارە گەمارۆدراوەدا، کوبا کەوتبووە ناو هەژارییەوە و هیچ توانایەکی نەمابوو بۆ گەشەپێدانێکی چالاکی خۆی. کاتێکیش یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١دا هەرەسی هێنا، پاڵپشتییەکانی ئەو دەوڵەتەش بۆ کوبا کۆتاییان پێهات و ئابوورییە قەیراناوییەکەی کوباش هەرەسی هێنا، ئیدی کوبا کەوتە ناو قەیرانێکەوە کە هەتاوەکە ئەمڕۆ بە تەواوی لێی رزگار نەبووە. ئەمەش پاڵی بە کوباوە نا بۆ نزیکبوونەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرمایەداریی خۆرئاوایی.
جارێکی دیکە، سۆسیالیستەکان هەر لە مارکسەوە، هەمیشە لەوە تێدەگەن کە دەستپێکی شۆڕش لە وڵاتێکەوە، بناغە سەرکەوتووەکەی بریتییە لە ئینتەرناسیۆناڵبوون، بە مانایەکی دیکە پێویستە ئەو شۆرشە درێژببێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە. ئایدیای “سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا” داهێنانی (جۆزێف ستالین) بوو لە ساڵی ١٩٢٤، کە ئەم چەمکەی بۆ شەرعییەتدان بە دامەزراندنی دیکتاتۆریەتە تایبەتەکەی خۆی بەکارهێنا.
گیڤارای هاوڕێی کاسترۆ لە گرنگیی بڵاوکردنەوەی شۆرشی کوبا و پاڵەوانبازییەکی مەزن و لەئەستۆگرتنی ئەم ئەرکە تێگەیشتبوو. بەڵام هەوڵەکەی شکستی هێنا. میتۆدەکەی گیڤارا هەوڵدان بوو بۆ دووبارەکردنەوەی خەباتی پارتیزانی لە شاخەکانی پۆلیڤیا، هاوشێوەی کوبا. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتادا پێیوابوو دەتوانرێت کار لەگەڵ کاسترۆدا بکرێت و لە قۆناغەکانی سەرەتادا هیچ ئامادەکارییەکی ئەوتۆی نەکرد بۆ شکستهێنان بەو بزووتنەوەیە، بەڵام ئەم هەڵەیەی لە پۆلیڤیا و هیچ ناوچەیەکی دیکەی ئەمریکای لاتینی دووبارە نەکردەوە کە خەباتی پارتیزانیی تیدا بەگەڕخرابوو. ئەوەبوو ساڵی ١٩٦٧ گیڤارا دەستگیرکرا و کوژرا. ئەمەش دووبارە چاوخشاندنەوە بوو بە سەرکەوتنەکەی کوبادا. ئیدی دواتر کوبا و شۆڕشکەی هەژار و دابڕاو و پەراوێزخراو مانەوە.
ئەوانەی بێ هیچ رەخنەیەک پشتیوانیی لە کوبا دەکەن و خەریکی پاڵەوانپەرستیی (کاسترۆ)ن، تاوانی ئەم کێشانە دەخەنە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاڕادەیەک ئەمە جێگەی قبوڵکردنە، هەروەک [لایەنە پۆزەتیڤەکانی] کوبا بەراورد دەکەن بە هایتی و جامایکا و دراوسێکانی دیکەی، کە دیسان ئەمەش جێگەی قوبڵکردنە. بەڵام لە ئاست نەبوونی دیموکراسی و ئازادی سیاسی و سەرکوتکارییەکی ماوەدرێژی کەسانی LGBT (ڕەگەزگۆڕاو، لیزبیان، گەی، بیسێکسوال) و دابەشبوونە چینایەتییەکان و نایەکسانیی روولەزیادبوو و مامەڵە و سازانی زیاتر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاویان دادەخەن، کە ئەمەیان هەڵەیە.
سۆسیالیستەکانی ئەمڕۆ لە جیهاندا، دەتوانن دان بە دەستکەوتەکانی کاسترۆدا بنێن، لە هەمان کاتیشدا دەبێت ڕوونیبکەنەوە کە ئێمە تێگەیشتنێکی تەواو جیاوازتر لەوەمان هەیە بۆ سۆسیالیزم، کە بریتییە لە دیموکراسیی راستەقینەی جەماوەر و یەکسانی و ئازادی لەسەر بنەمای دەسەڵاتی کرێکاران بەسەر شوێنی کار و کۆمەڵگەوە.