
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣ لە عێراق نزیکەی ٢٩٠ هەزار کەس بێسەروشوێنکراون لەوانەش نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسیان کوردن.
دەشڵێت، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، ٢٠٠ هەزار عێراقی دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی ئەمریکا و بەریتانیادان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، شەپۆلێکی نوێی رفاندنیش هاوکات بووە لەگەڵ راگەیاندنی دامەزراندنی “دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا” لەلایەن گروپی چەکداری داعشەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە لە ساڵی ١٩٧٩وە، لە ساڵی ١٩٨٠ جەنگی عێراق و ئێرانی هەڵگیرساند و ماوەی هەشت ساڵی خایاند و درێژترین جەنگی سەدەی بیستەم بوو، دواتر لە دوای کۆتای هاتن بە جەنگ لەگەڵ ئێران دوای سێ ساڵ و لە ساڵی ١٩٩١دا جارێکی دیکە عیراق هێرشیکردە سەر وڵاتی کوێت و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپەرچی دایەوە، ئەوەش جگە لە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر کورد و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و پڕۆسەی ئەنفال.
تا ئێستاش هیچ ئامارێکی فەرمی ورد لەبەردەستدا نییە کە لەو جەنگانەدا چەند کەس گیانیان لەدەستداوە و چەند کەس بریندار و کەمئەندام بوون و چەند کەسیش بێسەروشوێن بوون.