هاورێ مام خدر:لەیادی راپەرین،دەبێت ئەو بارودۆخە بەهەند وەربگیرێت ..
لە یادی ٣٢ ساڵەی راپەڕینە مەزنەکەی خەلکی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی یەک بەیەکی خەڵکی کوردستان دەکەین و هیوادارین ئامانجەکانی راپەرین وەک ئەو سەرەتایە بێتەدی کە خەونی پێوەبیندرا، ئەوانیش بەدیهێنانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراتی و فرە حزبی راستەقینە و ئارامی و ئاسودەی بۆ خەلکی کوردستان و هەموو گەلانی عێراق .
هەرچەندە هەرێمی کوردستان لەماوەی ٣٢ ساڵی دەسەلاتی خۆماڵی کوردیدا توانی چەندین پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدات و پەرلەمان و حکومەت دورست بکات و کۆمەڵێک هەنگاوی باش بهاوێت،هەموومان گەیشتبوینە ئەو بڕوایەی کە هەنگاوی دوایی و سەرەکیمان سەربەخۆییە و لە ئامانجەکانمان زۆر نزیک بوینەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە ئەو هەڵومەرجەی ئەو چەند ساڵەدا کە پەرتەوازەیەک لەنێوان هێزە سیاسیەکان هەیە کە بۆتە هۆکاری دوورست بوونی دەیان قەیران لە کۆمەڵگادا و نائومێدیەکی کەمەرشکێن بە سیمای خەڵک و تێکۆشەرانمانەوە هەست پێدەکرێت، لەهەمویان قورستر ئەوەیە مووچەی کارمەندان و فەرمانبەران و کرێکاران نادڵنیایەکی زۆری تێدایە باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی قورس کردوە و جموجۆڵی ئابوری و بازرگانی تا ئاستێکی زۆر سنووردارکردوو.
ئێمە لەبزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، سوپاس و دەستخۆشی لەیەکە یەکەی برا پیشمەرگەکانمان دەکەین کە خۆراگرانە و قارەمانانە کوردستانیان پاراستوە لە تیرۆرستانی سەدە تاریکەکان و پاشەکشەی تەواویان بەو هێزە تاریکانە کردووە .
ئەمڕۆ لەساڵرۆژی راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ی خەلکی کوردستان دژی فاشیەتی بەعس،هیوادارین هێزە و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەو بارودۆخە بەهەند وەربگرن و بەزووترین کات کێشە و قەیرانەکان بخەنە سەر میزی دیالۆگ و گفتوگو و چارەسەری بنەڕەتی بکەن و بڕیاری بوێرانە بدەن و شەفافیەت لەداهات و فرۆشتنی نەوت و گەڕاندنەوەی عەدالەت بۆ خەرجیەکان بەبڕوای ئێمە زامنی چارەسەرکردنی بەشیکی زۆری کێشە و گرفتەکانە، بۆ ئەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رزگاریان بێت لە مەینەتی و برسیەتی و بێکاری رۆژانە کە ئەمە یەکێک بوو لە ئامانجە سەرەکیەنی راپەڕینی خەڵکی لە ساڵی ١٩٩١ و وەدەرنانی بەعس لەکوردستان،لە کاتێکدا لەم هەڵومەرجەدا کەباس لە گۆرانکاری ریشەیی لەناوچەکە دەکرێت و سوود لەم دۆخە وەربگیرێت بۆ گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکانی راپەڕین تا خەلکی کوردستان بە ئاوات و ئامانجە دێرینەکانیان بگەن ..
دیسانەوە ٣٢ ساڵەی راپەڕینی خەلکی کوردستان دژی ستەم و فاشیەت پیرۆز بیت ..
بژی پێشمەرگە، بژی کوردستان
سەرکەوێ ئیرادەی خەڵک دژی دیکتاتۆریەت
هاوڕێتان: مام خدر
سکرتێری گشتی
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
سەرەتای ئازاری ٢٠٢٣ – هەولێر