ئێران بەھەموو حسێبێک تاریخی مەسرەفی تەواو بووە. چەند رۆژ پێش، ئەمریکا لە کردەوەیەکی زۆر لە ناکاو و بە زەبر، گەورە ژنرال و پیاوکوژی کۆماری ئیسلامی قاسم سولەیمانی، لە نیوەی شەودا پارچە پارچە کرد و لەتوکوتەکانیان بە سندوق ناردەوە بۆ ئیمامی ئۆمەت و فرمێسکەکانی ئیمام بە بەرچاوی ھەموو جیھان بۆنی ئاگر و غەزەبی تۆڵەی لێوەدەھات.
لە سناریۆیەکی شینی ئیمام حوسێنانەدا و ژێر پێ کەوتنی دەیان کەس لە خەڵکی ئێران و قوڕی ھەموو ئێران بەسەر کردن لە نیوەی شەودا لەتوکوتەکانیان لە چاڵ نا.
پێش چاڵ کردنی وەک فەرھەنگێکی عەشیرەتی تا تۆڵە نەکەینەوە ناینێژین، چەند موشەک رەوانەی عێراق و ھەولێر کرا و ھەواڵی ئاگری شەڕیکی گەورە بە گوێی گۆی زەویدا دادرا و زۆربەمان تا بەری بەیان چاوەڕێی یاری پلەی ستێشنەکەی ساڵی ٢٠٠٣ بووین کە بە نیوە شەو سەدامی پێ رووخا و لەناویان برد.
بەری بەیان سەرۆکی ئەمریکا دڵنیای کردین بچین بنووین و سبەی قسەمان بۆ دەکا و رایگەیاند کەس نەمردووە و موشەکەکان شتێکی واش نەبوون.
رێک وا دەرچوو، بۆ چەند کاتژمێریک نرخی نەوت و ئاڵتون چوونەسەریان بەخۆوە بینی و دواتر وەک خۆی لێھاتەوە.
ئیمامی ئێران بەیانی زوو گووتی جارێ زلەیەکمان لە ئەمریکا سرەواند و دواتر تۆڵەی تریش دەکەینەوە.
بەم کارەی دۆی شەو بە خەیاڵی خۆیان شەقامی ئێران جارێ ئارام کرایەوە و کەف وکوڵەکانیان دامرکاندۆتەوە. ھەڕەشەی پیتاندن و دەسپێکردنەوەی سەلاحی ئەتۆمی ھەڕەشەی ھەرە گەورەی ھەردوو لای ئێران و ئەمریکایە، ئێران دەڵی دەست پێدەکەمەوە وئەمریکاش دەڵی بیکەی لەناوت دەبەم.
ھەر ئێستا سەرنجام ئاغای ترامپ ھاتوو قسەی کرد و ھەرچی پیاوی عەسکەری و سیاسی و ئەمنی خۆی ھەبوو لە پشت سەری وەستا بوون، بە وەی کە ئێران ھەرگیز بە سلاحی ئەتۆمی ناگات بە بێ سەلام و علێک دەستی پێکرد. ئەو بە دڵنیایی باسی بێ زیانی خۆیانی کرد لە ھێرشی شەوی رابردوو، تەنیا ھەڕەشەی لە ئێران کرد کە نابێ دەست بە دروست کردنی چەکی ئەتۆمی بکاتەوە.
بیانووی چەکی ئەتۆمی بەرای من ھەنگاوی داھاتووی ترامپ دەبێ بۆ کۆدەنگی ھاوپەیمانان. ئەمریکا ھەروەک لە ساڵانی ٨٠ زانیاری ھەڵەی ھەبوو لە سەر سۆڤیەت و لێی تۆقیبوو ھەر ئێستاش لە نەبوونی زانیاری دروست لەبەر گەورەیی و پانتایی خاکی ئێران حەز ناکا بە تەنیایی رووبەڕووی ئێران ببێتەوە.
لە ھەنگاوی داھاتوو کاری ئەمریکا دەبێتە کۆدەنگی و ھاوپەیمانێکی فراوان لە سەرتاسەری ناوچەکە وئوروپا و کانادا و ئوسترالیا بۆ بەگژداچوونەوەی بە کۆ، دژی ئێران.
ھەروەک باوە و دەیبینین زۆربەی جاران کاری راوێژکاران لە سیاسەت بە زۆر ھۆکار راست دەرناچن و لایەنێک بە چەواشەدا دەبەن.
ھەر ئێستا بە ھەموو لێکدانەوەیەک ئەگەر ھەر ھەمووی سناریۆ و موئامرە نەبووبێت، دەبوو ئەمریکا دژکردەوەیەکی توندی دژی ئێران کردبا، بۆ نەیکرد؟!
ئەمریکا لە ھەلێک دەگەڕێ کۆدەنگێکی جیھانیی تەواو دژی ئێران دروست بێت و بە کورتی ئاغای ترامپیان قەناعەت پێنەکراوە کە شەڕی ئێران بە تەنیا بەوان دەکرێ و ئێران ئەوە نییە کە خۆی لێ وێنا دەکا و ئەو شێرە نییە کە دونیای تۆقاندووە، ئەوان واتا ئێران زۆرتر فەقیر کوژ و تەنیا ئازان بۆ خەڵکی بێدەرەتان و بێدەسەڵاتی خۆیان و زۆرتر لەوەی کە شەڕ بکەن بە درێژایی مێژوو بە درۆ و فێڵ وناجوامێری، دوژمنی خۆیان شکست پێداوە و رێوی سفەتانە پەنایان بۆ حیلە و خەنجەر لە پشتدان بردووە.
ئێران وەک عیراق و سەدام گەر شەڕی لە گەڵ بکرێ زۆر زوو چۆک دادەدا بەس تا ئێستا راوێژکارانی ئاغای ترامپ نەگەیشتوونە ئەوەی ئازایانە بریار بدەن و ئەو ھەموو خاوە خاوە نەکەن لە بەگژداچوونەوەی گەورەترین دەسەڵاتی تروریستان لە سەرتاسەری جیھان.
خۆ ئەگەر یارمەتی خەڵکی بێزار و ماندووی ئێرانیان دابا لە ھاتنە سەرجادە و توڕەیان لە مانگی رابردوو دەکرا زۆر بە ئاسانتر بە دەستی کۆمەڵانی خەڵک خۆیان لە کۆڵ شەڕی مەلایان کردباوە، تەنانەت رازی نەبوون بۆ چەند رۆژێک ھێلی ئینترنێتیان بۆ دابین بکەن تا وەکو لە پەیوەندی لەگەڵ جیھاندا بەردەوام بن و دەنگیان بگاتە ھەموو لایەک و وا بەئاسانی سەرکوت نەکرێن!
ھەڵبەت ئەوەش ھەیە ھەرچی دەگڕێتەوە سەر خودی ئەمریکا و بەتایبەت ترامپ، رەنگە زۆریش بە زەرەری نەبێ مانەوەی ئێران و پارە پەیدا کردن پێی!