سهنتهری میترۆ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاند، لهساڵی ڕابردودا ٤٣١ پێشێلكاری بهرامبهر به ٣٠١ ڕۆژنامهنوس و دامهزراوهی میدیایی لهههرێمی كوردستان ئهنجامدراوه دەزگا ئەمنی و هێزی نەناسراو، زۆرترین هێرشیانکردووەتەسەر ڕۆژنامەنوسان و جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان زۆنێکی لەبارنییە بۆ کاری ڕۆژنامەوانی یاسای ڕۆژنامەگەری جێبەجێ ناکرێت.
رۆژی دووشەممە(١٦\١\٢٠٢٣) لە شاری سلێمانی و له كۆنگرهیهكی ڕۆژنامەنوسیدا، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هێشتا زۆنێکی ئارام نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنوسی و ڕۆژنامەنوس لەسەر پیشەکەی، ڕووبەڕووی کوشتن و لێدان و گرتن و بێسەروشوێنکردن دەبێتەوە.
سهنتهری میترۆ ڕهخنه لە دهسهڵاتی حوكمڕانی ههرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێت: پاش ٣٢ ساڵ لەحوکمڕانی هاوبەشی دوو هێزە سەرەکییە کوردییەکە، پارتی و یەکێتی، ڕۆژنامەنوسان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و ڕووماڵی ڕووداوەکاندا، پەلامار دەدرێن و پێشێلکاریی جۆراوجۆریان بەرامبەر دەکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی هەرێمەکە، بەردەوام وەک شانازییەک باس لەڕەخساندنی کەشوهەوای ئازادی کاری میدیایی دەکەن.
له ڕاپۆرتهكهی سەنتەری میترۆدا هاتووە: ساڵی ڕابردو ٤٣١ پێشێلکاریی بەرامبەر بە ٣٠١ ڕۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی تۆمارکراون، بەجۆرێک، ڕێگریکردن ١٩٥ حاڵەت، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی ٦٨ حاڵەت، هێرش و هەڕەشەو سوکایەتی ٤٦ حاڵەت، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا ٦٤ حاڵەت، دەستگیرکردن بەبڕیاری دادگا چوار حاڵەت، لێدان و برینداربون ٢٦ حاڵەت، داخستنی نوسینگەی کەناڵ یهك حاڵەت، هێرشی موشەکی دوو حاڵەت، هەڵکوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەنوس سێ حاڵەت، هێرشی ئەلیکترۆنی شهش حاڵەتو پڕکردنەوەی بەڵێننامە ١٦ حاڵەت.
سهنتهری میترۆ ئاشكرایكرد، کە زۆربەی پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کراوە بە جۆرێک، لەساڵی ٢٠٢٢دا ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر تیمەکانی ڕاگەیاندن، لەکاتی ڕوماڵکردنی ڕوداوەکاندا، گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتوەو زۆربەی ئەو ڕوداوانەی کە بەهای هەواڵیان هەیە، ئاستەنگیان بۆ ڕۆژنامەنوسان دروستکردوە تا ڕوماڵەکانیان ئەنجامنەدەن.
ئەوەشخرایەڕوو، پێشێلکردنی یاساکە و ڕەفتاری دژ بەپرهنسیپەکانی دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ، وایکردووە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، ڕەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان بگرن و داوایان لێبکەن کە پێشێلکارییەکانی لەمەڕ مافی ئازادی ڕادەربڕین بوەستێنن.
سهبارهت بهڕاپۆتە نێودەوڵەتییەکانیش میترۆ جەختیکردەوە، ڕێکخراوەکانی پەیامنێرانی بێسنور، کۆمیتەری بەرگری لەڕۆژنامەنوسانی جیهان (CPJ)و ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، لەڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠٢٢یاندا، جەخت لەخراپی ژینگەی کاری ڕۆژنامەنوسی لەهەرێم و عێراق دەکەنەوەو داواش لەدەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق دەکەن کە کۆتایی بەو زەبرو زەنگانەی سەر ڕۆژنامەنوسان بهێنن.