
ئەم ناڕەزایەتییە فراوانە لە كاتێكدایە كە سیاسەتی گۆڕینی پەیكەری ئابووریی هەرێمی كوردستان و وەرگەڕانی لە چوارچێوەی ڕەچەتەكانی لیبڕالیەتی نوێ، نزیكەی دوو دەیەیە هەنگاو بە هەنگاو بە پلانێكی گشتی دەستی پێكردووە.
فرۆشتنی بەشێك لە كار و ئیشی وەزارەتەكانی (ناوخۆ، كارەبا، ئاو، داد، شارەوانی) لە ساڵانی پێشوودا ئەڵقەیەكی نەپچڕاوەیە لە درێژەی سیاسەتی وەرگەڕانی ئابووریی هەرێم بۆ ئابووریی سەرمایەداریی لە فۆڕمی (نیۆلیبرالیزم) دا.
نیۆلیبرالیزم، لە ئاستە ئابوورییەكەیدا، واتە وەرگەڕانی هەموو شتێك بۆ كاڵا، كاڵاش بۆ قازانجی كەمینەیەك، بە تەندروستیی گشتیشەوە. لێرەدا نەخۆشكەوتنی زیاتری خەڵك یەكسان دەبێت بە قازانجی زیاتری كۆمپانیاكان، هەروەك هەنووكە دەیبینین لە فرۆشتنی كارەكانی تاقیگەكان و زۆربوونی نەخۆشخانە تایبەتییەكان.
هاوكات، پرسی پیسبوونی ڕەگەزە سەرەكییەكانی ژینگەی هەموو كوردستان (ئاو، هەوا، خاك)، بەتایبەتی هەوای شاری هەولێر، نزیكە لە هەڵكشانی ڕێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە ڕۆژانە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان پشتڕاستی دەكەنەوە.
لەگەڵ ناڕەزایەتی دژ بە فرۆشتنی بەشێكی تری كاری نەخۆشخانە گشتییەكان، ناڕەزایەتی بە شێوەی جۆراوجۆر دژ بە پیسبوونی (ژینگە)ش لە هەڵكشاندایە، ئەمەش وایكرد، لەم هەفتەیەدا حكومەتی هەرێم چوار بڕیاری دەركرد بەناوی پاراستنی ژینگە. بەمەش حكومەت، هەروەكو دەیان جاری تر، بڕیارێكی تری خستە سەر ژمارەی ئەو دەیان بڕیارانەی داویەتی و لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ ناكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانمان، هۆكاری سەرەكیی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە كاركردنی پاڵاوگەكانی نەوت، كارگەكانی كەرتی تایبەت، مۆلیدە و زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان. ئەگەر دیقەتی وردی تابلۆكە بدەین و توانای گرێدانی وێنە گشتییەكەمان هەبێت، نەك تەنها گۆشەیەكی تابلۆكە، دەبینین بوونی سەدان پاڵاوگەی كەرتی تایبەت و هەزاران مۆلیدە و زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نەبوونی سیاسەتێكی گشتیی حكومەتەوە هەیە بۆ دانەنانی پاڵاوگەی نیشتمانی و نەبوونی هێڵی گواستنەوەی گشتی و كارەبای نیشتمانی. هەموو ئەوانە بەشێكن لە خۆدزینەوەی حكومەتی هەرێم لە كاراكردنی خزمەتگوزاریی كەرتی گشتی و هێشتنەوەی كەلێن و بۆشایی لە پێناو قازانجكردنی كۆمپانیاكان لەسەر حیسابی ڕووتاندنەوەی گیرفان و نەخۆشخستنی تەندروستیی گشتی، تا كار گەیشتووەتە سەر ئەوەی بیر لە كڕینی ئۆكسجینێكی پاك بكەینەوە لەبەردەم دەرگای كۆمپانیاكان كە هەموومان دەزانین خاوەنەكانیان كێن.
پرسیارێك ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: ئەم ناڕەزایەتیانەی هەیە دژ بە فرۆشتنی كەرتە خزمەتگوزارییەكان، كەرتی تەندروستی و پیسبوونی ژینگە، بەبێ ڕێكخستن و كاری بەیەكەوەیی و بەبەرنامە دەتوانێت پاشەكشە بەم ئاراستە ڕێكخراوەی حكومەتی هەرێم بكات؟ ئەمە بۆ بیركردنەوەی ئێوە جێدەهێڵم.
هیوا عومەر
15/01/2025