ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین ڕاپۆڕتیدا، ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بڵاوكردەوەن، هەروەها هۆشداریش دەدات لەوەی، لانیكەم ١٠٩ خۆپیشاندەر مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، كە بارەگاكەی لە نەرویجە، لە ڕاپۆڕتێكدا نوێترین ئامارەكانی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە ماوەی نزیكەی چوار مانگە بەردەوامە، بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆڕتەكەدا هاتووە، لەئێستادا لانیكەم ١٠٩ خۆپیشاندەر مەترسی سەپاندن و جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئاماژەی بەوەش كراوە، زۆربەی ئەو كەسانەی، كە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە لە سێ پارێزگای خوزستان، سیستان و بەلوچستان و تارانن، ڕونیشیكردوەتەوە، لە پارێزگای خوزستان ٢٤ خۆپیشاندەر، لە سیستان و بەلوچستان ٢٢ خوپێشاندەر و لە تارانیش ٢٠ خۆپیشاندەری دەستبەسەكراو مەترسی سەپاندن و جێبەجێكردنی ئەو سزایەیان لەسەرە.
ڕێكخراوەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ناوچە جیاجیاكانی ئێران، نموونەی ئەشكەنجەی سێكسی خۆپیشاندەرانی دەستبەسەركراو باس كراوە و دەتوانین بڵێین، ئەو كارە پلان بۆ داڕێژراوە و مكانیزمێكی سیستماتیكی لەپشتەوەیە.
لە بەشێكی تری ڕاپۆڕتەكەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دا هاتووە، لە ماوەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان تا ئێستا لانیكەم ٤٨١ خۆپیشاندەر لە ئەنجامی توندوتیژی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران گیانیان بەختكردووە، كە لەو ژمارەیە ٦٤ كەسیان منداڵ و ٣٥ كەسیشیان ژنن.
دەسەڵاتی دادی ئێران، بە تۆمەتەكانی “بڵاوكردنەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی” و “شەڕ دژ بە خوا” سزای لە سێدارەدانی بەسەر ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرە دەستبەسەركراوەكان دا سەپاندووە و هەر یەك لە موحسێن شكاری، مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، محەمەد مەهدی كەرمی و محەمەد حێسنی-شی بە بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و دادگاییكردنی دادپەرەوانە لەسەر بنەمای ئەو جۆرە تۆمەتانە لە سێدارە دا.
جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو چوار خۆپیشاندەرە لە كاتێكدایە لە سەر ئاستی جیهانی كاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام سەرباری ئەوە هێشتا جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان بەردەوامە و كاربەدەستانی باڵای كۆماری ئیسلامیش سوورن لەسەر درێژە پێدان بە جێبەجێكردنی ئەو سزایە لەسەر خۆپیشاندەران.