
ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان
رۆژی سێشەممە 10-1-2023، عەمید محەممەد روشدی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “دوو ملیۆن و 41 هەزار و 147 هەزار ئۆتۆمبێل و 18 هەزار و 819 ماتۆڕسکیل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.”
لەو ژمارەیە، یەک ملیۆن و 36 هەزار و 860 ئۆتۆمبێل و حەوت هەزار و 880 ماتۆڕسکیل هەڵگری تابلۆی پارێزگای هەولێرن. 258 هەزار و 998 ئۆتۆمبێل و 44 ماتۆڕسکیل هەڵگری تابلۆی پارێزگای دهۆکن، 593 هەزار و 127 ئۆتۆمبێل و 10 هەزار و 895 ماتۆڕسکیل هەڵگری تابلۆی پارێزگای سلێمانین. 152 هەزار و 162 ئۆتۆمبێلیش هی ئەو کەسانەیە کارتی زانیارییان هەیە و خەڵکی شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقن.”
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ماوەی ساڵی 2022دا 123 هەزار و 157 ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و لە بەشی هونەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆش 663 هەزار و 91 مامەڵەی هاووڵاتییان راییکراوە.”
مۆڵەتی شۆفێری
عەمید محەممەد روشدی رایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار ئافرەت لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی شۆفێرییان وەرگرتووە.
بە گوتەی عەمید محەممەد روشدی: “797 هەزار و 449 مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوە و ونبوونی مۆڵەتی شۆفێری راییکراوە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 79 هەزار و 793 مۆڵەت بە هاووڵاتییان دراوە کە 245 هەزار و 15 مۆڵەت دراوەتە ئافرەتان.”
ئاماری ساڵی رابردووی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریشی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: “175 هەزار و 51 مۆڵەتی شۆفێری دراوەتە هاووڵاتییان کە 16 هەزار و 691 مۆڵەتیان بۆ ئافرەتان بووە” و دەشڵێت: “لە ماوەی 2022 لە هەرێمی کوردستان 531 هەزار و 441 ئۆتۆمبێل پشکنینی ساڵانەیان بۆ کراوە.”
سەرپێچییەکانی هاتووچۆ
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار سەرپێچی هاتووچۆ لەڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە تۆمارکراون.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “کۆی گشتی ئەو سەرپێچییانەی ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون بێجگە لە سەرپێچییەکانی کامێرای چاودێری، 499 هەزار و 394 سەرپێچی بوون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو 46 هەزار و 900 سەرپێچی زیادیکردووە.”
لەبارەی ئەو سەرپێجییانەی بە کامێراکانی هاتووچۆ تۆمارکراون، عەمید محەممەد روشدی گوتی: “کامێراکانی چاودێری ملیۆنێک و 825 هەزار و 976 سەرپێچییان تۆمارکردووە، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر 275 هەزار و 898 سەرپێچی زیادیکردووە.”
رووداوەکانی هاتووچۆ
لە ماوەی ساڵی رابردوودا زیاتر لە 3000 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە 7250 هاووڵاتی برینداربوون، کە هەزار و 586 کەسیان ئافرەت بوون.
عەمید محەممەد روشدی دەڵێت: “ساڵی رابردوو 3706 رووداو روویانداوە کە 444 رووداویان بەهۆی ماتۆڕسکیلەوە بووە و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەو ژمارەیە 78یان ئافرەت بوون.”
لەبارەی جۆری رووداوەکانیش، گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا: “2909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە و 773 رووداوی وەرگەڕان بووە و 438 رووداویش شێلان بووە.”
عەمید محەممەد روشدی گوتیشی: “لە ماوەی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 15 هەزار و 111 شۆفێری سەرپێچیکار دراونەتە دادگە و دەستبەسەر 14 هەزار و 614 ئۆتۆمبێل و هەزار و 305 ماتۆڕسکیلدا گیراوە.”