
نەتەوە یەكگرتوەكان رۆژی ٩ی كانونی یەكەمی هەموو ساڵێكی وەك رۆژی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی راگەیاندووە، ئەمەش لەپێناو هۆشیاری گشتی دژی روبەرووبوونەوەی گەندەڵیی.
بەپێى داتاکانى رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى، عێراق و هەرێم، لە کۆی ١٨٠ وڵات، لە پلەی ١٥٧ەمیندا دێن، واتە دەیەم گەندەڵترین وڵاتی جیهانن.
عێراق و هەرێمی کوردستان ماوەی ١٦ ساڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیان پەسەند کردوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت تا ئێستا عێراق و هەرێم تەنها لە قۆناغی داننانن بە گەندەڵیدا و نەتوانراوە بازدانێک بەسەر ئەم قۆناغەدا بکرێت و بچنە قۆناغی لێپرسینەوە و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیی.
هاوکات، جێنین پلاسخارت نێردەى تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، گەندەڵی بەربڵاو یەكێكە لەو ئاڵنگاریە گەورانەی رووبەرووی عێراق بووەتەوە و گۆڕانکاری سیستماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی وڵاتەکە.
کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە دروشمی چاکسازیی و روبەروبوونەوەی گەندەلی بەرزکردەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی دژە گەندەڵی، دۆسێکانی گەندەڵی لە هەرێم زیادیکردووە و هیچ بەرپرسێکیش بەهۆی ئەو گەندەڵیانەوە نەدراوە بە دادگا یان سزا نەدراوە.
هەر بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ئەمساڵ ٧١٣ دۆسێی گەندەلی لە دەستەی دەستپاکی تۆمارکراون، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم تەنیا قسە بوون و گەندەڵکاران نەدراونەتە دادگا.
بەوتەى پەرلەمانتارانى ئۆپۆزسیۆن و شارەزایانى ئابوریی، گەندەڵى لە هەرێم بە سیستم کراوە، بەجۆرێک زیاتر لە هەشت ساڵە هەرێم یاساى بودجەى نییە، ئەمەش دەرگاى گەورەى بەڕووى بەهەدەردانى داهات و نادیاریی خەرجى و داهاتەکاندا کردووەتەوە.
هەر بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی دژی گەندەڵی، ساڵانە بەهۆی گەندەڵیەوە زیاتر لە سەدان ملیار دینار بەهەدەردەدرێت، ئەوەش بارگرانی لەسەر گوزەرانی خەڵک و مووچەخۆران دروستکردووە.
دەشڵێن، دۆسێی نەوت یەکێک لەو گەندەڵیانەیە کە لە ئێستادا زیاتر لەسەدا ٧٠ى داهاتەکەى نادیارە.