لە توندترین ناکۆکی سیاسی لەنێو عەرەبدا، هەریەک لە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر، لەناکاو و بەشێوەیەکى ڕێکخراو پەیوەندیەکانیان لەسەر چەندین ئاست لەگەڵ قەتەر پچڕاند و ژمارەیەک ڕێوشوێنیان لە دژی ئەو وڵاتە گرتەبەر.
ڕێوشوێنەکان بریتین لە:
یەکەم: پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان بە پاساوى پاراستنی ئاسیشی نیشتمانی
دووەم: داخستنی هاتوچۆی ئاسمانی و دەریایی و وشکانی بەڕووی قەتەردا.
سێیەم: دەرکردنی هاوڵاتیانی قەتەری و ڕێگرتن لە گەشتى هاوڵاتییەکانى خۆشیان بۆ قەتەر.
پاڵنەرەکانى ئەو بڕیارەش بریتین لە:
یەکەم: پشتگیریکردن لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین.
دووەم: پشتگیریکردن لە ڕێکخراوەکانی داعش و قاعیدە و بەرەى نوسرە (ئەحرارى شام) و کۆمەککردنیان.
سێیەم: هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
چوارەم: هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتەکانیان لە ڕێگەی ژمارەیەک گروپی نزیک لە ئێران.
پێنجەم: پشتگیریکردن لە ئەجێنداکانی ئێران لە ناوچەکە و گوێنەدان بە نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتانە، کە بە وتەی چاودێران ئەم هۆکارەیان لە هەموو هۆکارەکانی دیکە بۆ ئەو وڵاتانە لە پێشتر و هەستیارترە.
قەتەر بە بڕیاری ئەو وڵاتانە تووشی شۆک بووە و دەسەڵاتدارانی دەوحەش نکوڵی لەسەرجەم ئەو تۆمەتانە دەکەن کە خراوەتە پاڵیان.
لە دوای ئەو بڕیارەشەوە قەتەر لە ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو و هاوپەیمانێتی عەرەبی لە شەڕی یەمەن دەرکرا و لە کۆمکاری عەرەبیش وەک ئەندامێکی ڕەزا قورس تەماشای دەکرێت.
سعودیە دەڵێت قەتەر بەشدارییەکی ڕەمزی لە هاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن کردووە و هیچ یەکەیەکی سەربازیشی بەشداریی ڕاستەوخۆی شەڕی حوسییەکان و چەکدارانی عەلی عەبدوڵا ساڵحی نەکردووە، بەڵکو بگرە هاوسۆزی حوسییەکانیش بووە، هەربۆیە نەمانی لە هاوپەیمانێتیەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاوپەیمانی عەرەبی بۆ گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ یەمەن نابێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قەتەر لەلایەن ئێران و تورکیاوە بە توندنی پشتگیریی لێدەکرێت و هەرچی ڕوسیاشە لە خەمی نرخی وزەدایە و جەخت دەکاتەوە بواری وزەی جیهانی بەو پێشهاتە نوێیە زیانی ئەوتۆی پێناگات.
ئێرانیش پێی وایە بڕیارەکەی ئەو وڵاتانە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی ترەمپ و سەمای شمشێرەکانەوە هەبووە کە تیایدا ڕاستەوخۆ ئێرانی بە هۆکاری تێکچوونی ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبردبوو.
بەرپرسێکى باڵاى ئێرانیش ڕایگەیاند، پچڕاندنى پەیوەندییە دیبلۆماسیەکان لەگەڵ قەتەردا هاوکار نابێت لە کۆتاییهێنان بە کێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
ئەمریکاش لەسەر زاری ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوە تەنها وتویەتی پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ قەتەر کاریگەریی بۆ سەر جەنگی دژی داعش نابێت، وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداویشی هاندا ناکۆکیەکانی نێوانیان چارەسەربکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمریکا گەورەترین بنکەی سەربازیی لەناوچەی کەنداو هەیە کە ئەویش بنکەی (سیلیە) یەو دەکەوێتە خاکی قەتەرەوە و پیشتر لە جەنگەکانی کەنداودا سوودى زۆرى لێبینیوە.
لە ڕووی ئابورییەوە قەتەر بەهۆی بڕیاری ئەو چوار وڵاتەوە ئەم زیانانەی پێدەگات:
یەکەم: هێڵی ئاسمانیی قەتەر کە یەکێکە لە هێڵە جیهانییەکان و بە شادەماری ئابوری قەتەر هەژماردەکرێت سەرجەم ڕێڕەوە ئاسمانیەکانى بەڕوودا دادەخرێت.
دووەم: بواری بازرگانی لەسەر ڕێگەی وشکانی بە تەواوەتی شکست دەهێنێت چونکە قەتەر لە ٣ لاوە ئاوی کەنداو دەوریداوە و تەنیا سنوری وشکانی لەگەڵ سعودیەدا هەیە.
سێیەم: خەونی میوانداریکردنی قەتەر لە مۆندیالی ٢٠٢٢ بەربەستی زۆرى بۆ دروست دەبێت.
بە وتەی چاودێرانی سیاسی لە ئێستادا هەوڵێک لە پشت پەردەوە هەیە بۆ دروستکردنی کودەتایەک لەسەر قەتەر، بەو پێیەی ئەو وڵاتە پێشتر چەندین کودەتای دیکەی بەخۆوە بینیوە و لەئێستاشدا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی قەتەر لە ڕەفتارەکانی میری قەتەر نیگەرانن و ئەو بڕیارەش هێندەی تر هانیان دەدات بیر لە کودەتا بکەنەوە.