
شەوی رابردوو لە كاتی بەڕێوەچونی فێستیڤاڵێكی میوزیك، لە نزیك هۆتێلی ماندلی بای لاس ڤیگاس لە ویلایەتی نیڤادای ئەمریكا گوللـە وەك باران بەسەر بەشداربوانی ئەو فێستیڤاڵەدا داباری، گەرچی سەرەتا تەنها هەواڵی كوژرانی 2 كەس و برینداربونی 25 ی تر بڵاوكرایەوە، بەڵام دواتر دەركەوت، روداوەكە مەرگەساتبارترەو لانیكەم 50 كەس كوژراون و 200 ی تریش برینداربون.
لاس ڤیگاس كە لەساڵی 1911 بە فەرمی بۆتە شارو نازناوی گەورەترین شاری بونیاترای لە سەدەی بیستەم پێبەخشراوە، بەهۆی گروپی مافیاكان كە هەوێنی بەرهەمهێنانی چەندین فیلمی ئاكشنن ناسراوەو جیا لەوەش، مەیخانەو هۆتێلەكانی ناوبانگێكی جیهانیان پێبەخشوە.
شەوی رابردوو هەر لە نهۆمی 32 هەمینی یەكێك لەو هۆتێلانە، واتە ماندلی بایەوە، ستیڤن پدیكی تەمەنی 64 ساڵان، گوللەی بەسەر بەشداربوانی فێستیڤاڵێكی میوزیكدا باراند.
ستیڤن لەلایەن یەكەیەكی تایبەتی پۆلیسەوە كوژراوەو تائێستا نازانرێت كە پاڵنەرەكانی ئەو بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە كە بە خوێناویترین هێرشی چەكداری مێژوی هاوچەرخی ئەمریكا دادەنرێت، چی بوەو لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسیش بگەنە ئەنجام بۆ دۆزینەوەی ئەو پرسیارە، هێشتا بەشێك لە نهێنی و هۆكارەكانی لەگەڵ خۆی دەباتە ژێر گڵ.
پۆلیس بە گومانی هاوكاریكردنی ستیڤن، ماری لو دانلی دەستگیركردوە كە دەوترێت لە خانویەكدا پێكەوە ژیاون.
10 خوێناویترین هێرشە چەكدارییەكانی مێژوی هاوچەرخی ئەمریكا پێش یەكشەممەی خوێناوی لاس ڤیگاس:
1- 12 ی حوزەیرانی 2016، عومەر مەتین، هێرشیكردە سەر یانەی شەوانەی هاوڕەگەزبازەكان لە ئۆرلاندۆ، كە تیایدا 50 كەس كوژران و 53 كەسی تری بریندار بون.
2- لە 15 ی نیسانی 2007 دا خوێندكارێكی زانكۆی ڤێرجینای تاك بە ناوی سۆنگ هوی چوو 27 خوێندكار و 5 كارمەندی زانكۆی كوشت و دواتر كۆتایی بە ژیانی خۆیهێنا.
3- لە 14 كانونی یەكەمی 2012 دا ئادام لانزای تەمەن 20 ساڵان هێرشیكردە سەر خوێندنگەی ساندی هوك لە نیوتاون لە ویلایەتی كانتیكات و 27 كەسی كوشت و دواتر كۆتایی بە ژیانی خۆیهێنا.
4- لە 16 ی تشرینی یەكەم 1991 جۆرج هیناردی تەمەن 35 ساڵان بە ئۆتۆمبێل خۆی بەناو كۆفی كیلینی تەكساسدا كردو بەهۆی ئەو پەلامارەوە 23 كەس كوژران و 27 ی تر برینداربون.
5- 18 ی تەمموزی 1984، جیمز هۆبرتی تەمەن 41 ساڵان، 21 كەسی لە ریستۆرانتی ماك دۆناڵد لە كالیفۆرنیا كوشت.
6- یەكی ئابی 1966، چارلز جۆزێف ویتمان، ئەندامی پێشووی سوپای ئەمریكا دوای كوشتنی دایك و هاوسەرەكەی، چوە ناو زانكۆی ئاستینی تەكساس و 16 كەسی تریشی كوشت و 30 كەسیشی بریندار كرد.
7- 20 ی ئابی 1986 پاتریك هێنری شریل، 14 كارمەندی ئیدارەی پۆستەی شاری ئیدمۆندۆی ئۆكلاهۆمای كوشت و كۆتاییشی بە ژیانی خۆی هێنا.
8- 2 ی كانونی یەكەمی 2012، سەید رزوان فاروق و تشفین مالیكی هاوسەری بە دەستڕێژی گوللە 14 كەسیان لە سان برناردینۆی كالیفۆرنیا كوشت و 22 ی تریان بریندار كرد، دواتر هەر دوو هێرشبەرەكە بە تەقەی پۆلیس كوژران.
9- 20 ی نیسانی 1999، ئەریك هەریسی تەمەن 18 ساڵان دیلان كلبولدی تەمەن 17 ساڵ لە دواناوەندی كۆڵۆمباینی شاری لیتڵتۆنی ویلایەتی كلۆرادۆ 12 خوێندكار و مامۆستایەكیان كوشت و 20 كەسی تریشیان بریندار كردو هەر لەناو خوێندنگاكەدا بۆخۆشیان كوژران.
10- 5 ی تشرینی دووەمی 2009، نزال مالك حەسەنی تەمەن 39 ساڵان كە پزیشكی دەرونناس بوو لە بنكەی سەربازی فۆرت هودی تەكساس، 13 كەسی كوشت و 30 كەسی تری بریندار كردو دوای دەستگیركردنی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.