دوای ئەوەی سوید و فینلاند بڕیاریاندا بچنە ناو ناتۆوە، هەر ٢٩ دەوڵەتە بەشدارەکەی ناتۆ، خۆشحاڵ و هەلهەلەیان بوو، تورکیا نەبێت. بەگوێرەی ڕێسای ناتۆ، هەر ٣٠ دەوڵەت دەبێت ڕەزامەند بن بۆ بوون بە ئەندامی نوێ. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ تورکیا و داواکارییەکانی؟ وەک هەمووان دەزانن تورکیا داوا دەکات هەموو ڕێکخراوێکی کوردیی قەدەغە بکرێت، بەشێک لە سیاسییە کوردەکان ڕادەستی تورکیا بکرێنەوە، لە ناویاندا ئامینە کاکەباوە هەیە کە هەم هیچ پەیوەندییەکی بە خاکی تورکیا و باکووری کوردستانەوە نییە و هەمیش ئەندامی پەکەکە نەبووە و ئێستاش هاووڵاتییەکی سویدییە. ئایا ئەمە پارادۆکسی یاسای نێودەوڵەتیی و مافەکانی مرۆڤ و یاسای پاراستنی سەروەریی نییە؟ ڕەنگە هەمووان بڵێن بەڵێ. بەس چیرۆکی جووەکان زۆر شت ڕووندەکاتەوە.
چیرۆکێکی زۆر گرنگ هەیە لەسەر پرسی سەروەریی و دەوڵەت-نەتەوە:
ساڵی ١٩٤١ کاتێک کەشتییەکی گەورە دە هەزار جووی هەڵگرتبوو بەرەو بەندەرەکانی نیویۆرک دەپەڕییەوە، لەبەندەرەکە ڕادەگیرێن و بێ ئەوەی ڕێگەیان بدرێت پێ بخەنە سەر وشکانیی، دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتوون. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ؟ بۆچی ئەمریکا وەرینەگرتن لە کاتێکدا دەیویست شەڕی نازیزمیش بکات؟ وەڵامەکە ئەوەیە: ئەوان بێ پاسپۆرت و بێ مافی وابەستەبوون و پەیوەستبوون بوون و لەم ڕووەوە ئەمریکا تەنها ڤیزای دەدا بەوانە کە سەر بە دەوڵەتێکی دیاریکراون. تا یاساکانی نۆرنبێرگ و لە دەوڵەتداماڵینی جوو، هەموو جوویەک دەیتوانی بە ئەمریکا بگات، بەڵام هەرکە لەدەوڵەت داماڵران، ئیتر ئەمریکاش وەرینەگرتن، وەک پەنابەریش تەنانەت، لە کاتێکیشدا خۆی بە دوژمنی نازیزم دەزانی. پرسەکە بە سانایی ئەوە نەبوو کە ئەمریکا ئەنتی سێمیت و دژەجوو بوو (هەڵبەت بوو)، بەڵکو پرسی لەدەوڵەت-داماڵین بوو. لەم ڕووەوە ئەمریکا بە سانایی یاساکانی نۆرنبێرگی نازییەکانی قبوڵ کرد وەک یاسای ڕەوا و شەرعیی. چونکە هیچ سازشێک لەسەر پرسی دەوڵەت-نەتەوە و وابەستەبوون بوونی نییە ئەگەر تەنانەت هی کوشندەترین دوژمنیشم بێت. لە پرسی دەوڵەت-نەتەوەدا ئەمریکا بەسانایی لەو کاتەی پەلاماری نازیزم دەدات، کەچی هێشتا لایەنگری نازیزم دەکات. لەبەرئەوە هانا ئارنت لە پرسی دەوڵەت-نەتەوە و ئاوابوونی مافەکانی مرۆڤدا، بە ڕوونیی ئاماژە بەوە دەکات، لەناو دەوڵەتی مۆدێرندا، مافی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە وابەستەبوون بە چوارچێوەیەکەوە، نەک ڤاگابۆندبوون و دەربەدەربوون.
ئێستا پرسیارێک دێتە پێشەوە:
پرسیارە گەورەکە (بۆ ئەوروپییەکان) لێرەدا ئەوەیە: سوید بەها دیموکراسییەکانی بۆ چوونە ناو ناتۆ دەکاتە قوربانیی؟ هەڵبەت لە لیستەکەی ئەردۆغاندا ئانە لیند، وەزیری کاروباری دەرەوەش هەیە کە «پشتیوانیی لە تیرۆر کردووە»، واتا پشتیوانیی لە ڕۆژاڤا.
ئێستا خۆرئاوا کەوتووەتە بەردەم دووڕیانێکەوە: چوونە ناو ناتۆ بەقوربانیکردنی بەها دیموکراتییەکانی. بەڵام ئەوەی تا ئێرە تروسکاییەکی بۆ ئەوان تێدا هێشتووەتەوە ڕوانگەی یۆرۆسێنتەریزمەکەیانە: چۆن دەبێت ستەمکارێکی «خۆرهەڵاتیی» یاسا بەسەر «بەهای ئەوروپییدا بسەپێنێت»؟ ئەگەرچی ئەم یۆرۆسێنتەریزمە دیسان پارادۆکسیکەڵە بەڵام ڕەنگە تەنها ئامرازێکیش بێت کەمێک بەڕووی ئەردۆغاندا بووەستنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستڕەوەکانی سوید بێ گوێدانە «بەها ئەوروپییەکانیشیان» (چونکە ئەو بەهایانە ڕیشەی قووڵیان لەناو دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرندا هەیە) کە بەردەوام وێردی سەرزمانیانە، پەلەیانە لە چوونە ناو ناتۆوە، «بەهەر ئامرازێک بێت». کەواتە بۆ سویدییەکی ڕاستڕەو «ئامینە کاکەباوەیەکی چەپڕەوی ‘بەڕیشە پەنابەر’ لەکۆڵیان دەبێتەوە».
ئەمەش دیسان دەریخست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەیران ڕزگاری نابێت، بە قووڵیی دەستوپەنجە لەگەڵ «کێشەی کورد» نەرم نەکات. ئەم کێشەیە لە پانزە ساڵی داهاتوودا، ڕەنگە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریبکات، ئەگەرچی ئێرانییەکان زیاتر لە تورکەکان ترسیان لە «ئیسرائیلیزەکردن»ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. کەواتە ژنێکی لەدایکبووی گوندی تۆرجانی سەر بە شاری سەقز، دەکرێت ڕادەستی ئەنقەرە بکرێتەوە؟