
ئەوەش هاتووە، “دوای وەستاندنی کاری کۆمپانیاکانی پاککردنەوە ئێمە وەک ئەرکی سەرشانی خۆمان و تا تێپەڕبوونی ئەم بارەی بەسەر شارماندا ھاتووە، ھاوشان بە کارمەندە ماندوونەناسەکانمان لە بەشەکانی خزمەتگوزاری و ئامێرەکان و بەشی ئامێرەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان، بەشداربووین لە پاککردنەوەی ناوبازاڕ و شەقامە سەرەکییەکان.”
ئاماژە بەوەشکراوە، “کارمەندەکان چەند ناوچەیەکیان بۆ کۆکردنەوەی خاشاک دانابوو کە دواتر لەڕێگەی شۆفڵ و ئامێرە گەورەکان گواسترایەوە بۆ دەرەوەی شەقام و گەڕەکەکانی شار.“
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی داواش لە هاوڵاتیان دەکات، “ھاوکاری تیمەکان بن” و نووسیویشییەتی، “لە ھەوڵی جددیداین بگەینە سەرجەم کوچە و کۆڵانەکان تا چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە یان دۆزینەوەی پلانی جێگرەوە.”
زیاتر لە هەفتەیەکە بەهۆی مانگرتنی ژینگە پارێزانەوە خاشاکێکی زۆر لە شاری سلێمانی کۆبووەتەوە و دیمەنی شارەکەی بە تەواوی گۆڕیوە.
لە هەفتەی رابردووشدا تەندروستی سلێمانی هۆشداری دابوو زیاتر مانەوەی خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقام و ناو گەڕەکەکان؛ ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار و کوشندەی لێدەکرێت.