لەسەر دیاردەی خێرکردن و گرتنی وێنەی سێڵفی لە کاتی دابەش کردنی خێرەکەو دەرکەوتنی ئەوانەی بەسەریان دابەش دەکرێ جارێکیان کۆمێنتێك زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کۆمێنتێکی یەك دێری نوسیویەتی:
” خێرکردن بەم شێوەیە بەردەوام بێت ماوەیەکی تر ئەکرێت بە کلیپ“!
ئەم پۆستە یەك دێریە کە توانجە بە ئاسانی بزەو پێکەنین دروست دەکا، بەڵام قوڵە لەوەی پێشوەختە نیازێکی بێ شوماری سودبینین دیاری دەکا لە دیاردەی هەژاری. ڕەنگە بۆ بەشێك لەو هەژارانە ئاسایی بێت وێنەیان بگیرێت لە کاتی کۆمەك کردنێکی “ڕەمزی” لەوانەشە هەندێکیان ئەگەر پێشیان خۆش نەبێت وێنەیان بگیرێت نەتوانن لەم ساتە قسەیەك بکەن، چونکە خۆش نیە بە ڕەقی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە بکەیت کە کۆمەکت دەکا.
توێژێکی پارەدارو سیاسەتمەدار لە رێگەی حیزبایەتی، ئەندام پەرلەمانی، وەزیفەی حکومی دەستیان گەیشتووە بە پارەیەکی زۆر، لەم قەیرانەدا کۆمەکی هەژاران دەکەن و لە کاتی دابەش کردنیش وێنەیەك دەگرن، ئەی ئەم هەڵایە چیە دروست بووە؟
لە سەرتاسەری دونیا؛ لە عێراق و لە کوردستانیش سۆشیال میدیا بە ئاستی جۆراو جۆر سەرکەوتوو بوو لەوەی مرۆڤە سروشتیەکان بگۆڕێ بۆ ” مرۆڤی نمایش”، لە کوردستان ئەم نەخۆشیە قوڵترە بۆ ئەم نوخبە پارەدارە حیزبیە، ئەوان تەنیا بەوە ناوەستن کە گۆڕاون بۆ مرۆڤی نمایشی بەڵکو هەموو ڕۆژێك هەموو سەعات و دەقەیەك هەڵس و کەوتەکانیان بریتیە لە هەڵس وکەوتی ” هەڵمەتی هەڵبژاردن” !
لێرەدا من حەز دەکەم بەراورد بکەم لە نێوان دوو جۆر لە پارەداری و دوو جۆر لە ئاکتی خێرخوازی کە هەردوکیان لە یەك کاتدا لە نێو ژیانی ئێمەدا هەن:
سەرمایەدارێك هەیە بە مانای کەلیمە سەرمایەدارەو لە ڕووی بیروباوەڕیشەوە کەسێکی ئیماندارەو پڕۆژەی خەیاڵی لە کوردستان هەیە تا دەگاتە بوونی ئەو وێستگە کارەبایانەی کە بەشێكی سەرەکی کارەبا بۆ کوردستان دابین دەکا. لە ڕوانگەی من ئەو کەسە بزنسمانێکی ئاساییە، بەڵام هەر ئەو کەسە موچەی بۆ سەدان کەسی هەژار بڕیوەتەوە تا ئێستا بڕوا ناکەم نەك تەنیا سێلفی هەبێت لە کاتی دابەش کردنی موچەکاندا، بەڵکو بە پێ ی بە دواچوونی خۆم بەشی زۆری ئەوانەی موچەیان بۆ بڕاوتەوە تا ئێستا ئەم سەرمایەدارەیان بە شەخسی نەبینیوە!
هەر ئەو سەرمایەدارەش ڕەنگە لەو ٢٠ ساڵەی ئەخیری ٣-٤ جارێك لە تەلەفزیۆن بینرابێت هیچ ئەکتیڤیش نیە لە سۆشیال میدیا، جیاوازی ئاکاری ئەم بزنسمانە کلاسیکە ئەوەیە کە ئەو وەبەرهێنان دەکا لە بوارەکەی خۆی، پارەیەکی خەیاڵیش لە پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و زێدەبایی بە هەموو تەفسیڵاتی چینایەتی خۆیەوە پەیدا دەکات، ئینجا بۆ ئاسودە کردنی ویژدان بێت یان پاڵنەرێکی ئاینی بێت کۆمەکی ژمارەیەکی بەرچاو دەکا بە پێ ی فلتەرێك کە خۆی دایناوە بۆ دەست نیشان کردنی ئەو خێزانانە.
ئەم سەرمایەدارە پێویستی بە نمایش نیە، چونکە بە بێ نمایش، لە نێو پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنانا دەسکەوتی خۆی ” سەرمایە” دابین دەکا.
جیاوازی ئەم سەرمایەدارە لەگەڵ ئەو نوخبەیەی سەرەوە کە ئیحتیمالی زۆرە ماوەیەکیتر بە وێنە نەوەستن و بیکەنە کلیپ، ئەوان بوونە خاوەنی جۆرێك لە داهات و دەرامەت لە دەرەوەی پەیوەندیە ئاساییەکانی بەرهەمهێنان بە مانا سەرمایەداریەکە خۆی، بەڵکو ئەم نوخبەیە دەرکەوتەی سیاسەت و مشەخۆری ئابوری ڕەیعین، سەرمایەکەی ئەوان تێکەڵێکە لە کۆنتراکتی سیاسی فرۆشتنی ” مەشهور” بوون بۆ زیاد کردنی دەنگ و کۆمەڵایەتی بوونی حیزب بەرامبەر پارەو سەپۆرتی حیزب، یان بوون بە ئەندام پەرلەمانی یان گەیشتن بە پێگەیەکی حیزبی بەرزتر یان وەزیفەیەکی حکومی پڕ لە دەسەڵات، کۆی ئەم هاوکێشەیە وا دەکا کە ئەم نوخبەیە بە شوێن هەموو دەرفەتێك بن بۆ نوێ کردنەوەی ” کۆمەڵایەتی ” بوونی خۆیان، چونکە بنچینەی هەموو سەرمایەو بزنسەکە ئاوا دەخوازێ، جا دونیای فەنتازیی سۆشیال میدیاش گونجاوترین مەیدانە، کە ئاوێتەیەك لە “سەرمایەگوزاری مەعنەوی” لەسەر مەینەتی و هەژاری لە گەڵ کلتوری جێگیربووی ” نمایش” بە یەکتر بگەیەنێ!