دۆناڵد سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەكەیەتی، بێرنی ساندێرز ركەبەرەكەی كلنتۆن لەهەڵبژاردنی ناو دیموكراتەكاندا، لەپۆستێكدا كە لەتویتەر بڵاویكردەوەتەوە، دەڵێت “كابینەی ترامپ لەئەلفەوە تا یای كابینەی ملیاردێرو ملیۆنەرەكانە”.
نزیكەی مانگێكی دیكە، باراك ئۆباما دەوروتەسلیم لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی هەلًبژێردراوی ئەمەریكا دەكاتو ترامپ دەچێتە كۆشكی سپییەوە. هەرچەندە ترامپ بەردەوام لەكاتی كەمپینی هەڵبژاردنەكەیدا هیلاری كلینتۆنی تۆمەتبار دەكرد بەوەی كەینو بەینی لەگەڵ سەرمایەدارانی وال ستریدا هەیەو دەیەوێ دەوڵەمەندەكان باڵادەست بكات بەسەر ئەمەریكادا، بەڵام هەمو ئاماژەكان روەو ئەو ئاڕاستەیەن كە تیمەكەی ترامپ بەشێوەیەكی سەرەكی لەكۆمەڵێك ژەنراڵی خانەنشینو ملیاردێرو ملیۆنەر پێكدێت، میدیاكان كابینەكەی ترامپ بە”دەوڵەمەندترین كابینە” دادەنێن مێژوی ئەمەریكا بەخۆیەوە بینی بێت.
دۆنالد ترامپ، خۆی یەكێكە لەناودارترین ملیاردێرەكانی نیویۆرك، كە سەروەتو سامانەكەی بە4 تا10 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.
بیتسی دوس كە بۆ وەزیری پەروەردە دیاریكردوە، سەر بەبنەماڵەی ریچارد دوسە، كە سامانەكەی 5ملیارو100 ملیۆن دۆلارە.
فلیبەر روسس، وەزیری بازرگانی، سامانو سەروەتەكەی نزیكەی 3 ملیار دۆلارە.
ستیۆن مانچین، وەزیری خەزێنەداری سەروەتەكەی 40 ملیۆن دۆلارو خاوەن پشكەكانی بانكی گۆلدمەن ساكسە.
ئالن چائو، وەزیری گواستنەوەو گەیاندن كچی یەكێكە لەخێزانە دەوڵەمەندەكان كە لەبواری كەشتیسازیدا چالاكن.
ئەندرۆ پوزدر، خاوەنی زنجیرە ریستۆرانتە بەناوبانگەكانی”CKA”یە.
وێب سایتی “پۆلیتیكۆ” سەروەتو سامانی ئەم بەشە لەكابینەكەی ترامپ بەزیاتر لە35 ملیار دۆلار مەزەندە دەكات، كە
ئەم ژمارەیە لەكۆی بەرهەمی خۆماڵی10 وڵاتی جیهان زیاترە، وەك پۆلیڤیا، بەحرێن، كامیرۆن، لیبیا، ئۆگەنداو سلڤادۆر.
“پۆلیتیكۆ” ئاماژە بەوە دەكات كە لەكابینەكەی ئۆباماشدا سەرمایەدار زۆر بون، بەڵام ناگات بەكابینەكەی ترامپ.
بەشێكی دیكەی بنەڕەتی كابینەكەی ترامپ لەژەنراڵە خانەنشینكراوەكانی ئەمەریكا پێكدێت، كە بەدوژمنایەتییان بەرامبەر بەكۆماری ئیسلامی ئێران ناسراون. سێ ژەنراڵی خانەنشین “مایكل فلین، جیمس ماتیس، جۆن كیلی” پێكهاتەی سەرەكی كابینەو تیمی ئاسایشی ترامپ پێكدەهێنن.
مایكل فلین، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ژەنراڵێكی خانەنشینەو بەشداری جەنگی عێراقو ئەفغانستانی كردوە.
جۆن كیلی، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، 45 ساڵ خزمەتی لەسوپای ئەمەریكا كردوەو ژەنراڵی خانەنشینە، رۆبەرتی كوڕی ساڵی 2010 لەجەنگی ئەفغانستاندا كوژراوە.
جیمس ماتیس، وەزیری بەرگری، ژەنراڵی خانەنشینەو44 ساڵ خزمەتی لەسوپای ئەمەریكادا كردوە، ئەو بەهۆی خوڕەوشتی شەڕەنگێزییەوە بە”سەگی هار” ناودەبرێت، ماتیس رایگەیاندوە “خۆشیی لەكوشتنی هەندێك كەس دەبینم”، ئەو كە لەكاتی هێرشی ئەمەریكادا بۆ سەر عێراق لەساڵی 2003دا فەرماندەی مارێنز بو. دوژمنێكی سەرسەختی ئێرانەو پێیوایە “كۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشو ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو لەداعشو قاعیدە مەترسیدارترە”. ترامپ لەكاتی دیاریكردنی ماتیسدا بۆ ئەم پۆستە، ئەوی بە”ژەنراڵی ژەنراڵەكان” ناوبرد.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بژاردەی ترامپ بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا “ریكس تیلرسن”ی بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلە. كە بەعێراقو كوردستان ئاشنایه. ساڵی 2011، تیلرسن وەك بەڕێوەبەری ئیكسۆن مۆبیل رێككەوتنی لەگەڵ كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد بەمەبەستی دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت، سەرباری هەڕەشەو ناڕەزایی حكومەتی ناوەندی عێراق.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەوە نیگەرانە ئەم ژەنراڵانە كە ترامپ متمانەی پێیانە، ئەمەریكا راپێچی شەڕی زیاتر بكەن. رۆژنامەی “لۆس ئەنجلس تایمز”یش ئاماژە بەوە دەكات كە دەورەدانی ترامپ بەگروپێك لەملیاردێرو بانكدارو خاوەنكار، “ژەنراڵ ئیزنهاوەر” بیری ئەمەریكیەكان دەخاتەوە، كە لەدەیەی 1950دا لەكۆشكی سپی خۆی بەكۆمەڵێك دەوڵەمەند دەورە دابو، ئەمەریكیەكان نوكتەیان لەسەر كابینەكەی دەكردو ناویان نابو “نۆ ملیۆنەرو یەك لولەكێش”.
سەرچاوە:ئاوێنە