
گواستنەوەی ئەم کەرتانە بە رووی دەرەوە لە ژێر ناونیشانی (بەرژەوەندی گشتی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانە)، بەڵام لە ناوەوە و لە جەوھەری پرۆژەکەدا بۆ بەرژەوەندی کەمینەی دەسەڵاتدار و سەرمایەدارەکان لەو مۆدێلەی کوردستان ناتوانین ناوی بازاری ئازادیشی لێ بنێین، چونکە تەماحی ئەوان ئەوێشی داگیرکردووە .
بەتایبەتکردن (الخێخێە،Privatization ) چەندین جۆری ھەیە ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان دەگوزەرێت بریتییە لە بەتایبەتیکردنی رەھا، واتە گواستنەوەی موڵکی گشتی و حکومەت بۆ کەرتی تایبەت لە زۆربەی زۆری کەرتەکان ھەنگاو بەھەنگاو تا دەچێتە قۆناغی بە تایبەتیکردنی رەھا. ئەمە لە کاتێکدا لە ناوەندە سەرمایەدارەگەورەکان خزمەتگوزارییە گرنگەکان ھێشتا لە لای کەرتی گشتییە.
ئەم گواستنەوەیە جەوھەری ئابوری و سیاسی ھەیە کە پێی دەگوترێت سیاسەتی ئایدۆلۆژیای (نیولیبرالیزم) لەماوەی دەسەڵاتی (ریگان و تاتشر) فەرزکراو چووە بواری کرداری و دواتر رۆژ لە دوای رۆژ بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژئاوای گرتەوە، کۆی ئەم گواستنەوەیە پرۆسەیەکە بە فەرمانی زلھێزە سەرمایەدارەکان و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی بە ھاوکاری راستەوخۆی دەسەڵاتی ناوخۆ ئەنجام دەدرێت، وەک لای خۆمان کە شوناسێکی بۆرژوازی مشەخۆری پاشکۆی وەرگرتووە.
لێکەوتەکانی لە دوای گۆرینی پەیکەری ئابوری لە ئاستی جیھانی ناوخۆش بریتی بوو لە کەمکردنەوە یا نەمانی بیمە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییەکانی تەندورستی و خوێندن ھتد..، نەمانی رۆڵی حکومەت لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و فەرزکردنی باج و رسومات لەسەر ھەموو خزمەتگوزارییەک کە پێشوو بەخۆرایی یا نرخی رەمزی بوو، سەرەنجام بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری و ھەژاری و دابەزینی داھاتی تاک و ناوەندی تەمەنیشی لێ کەوتەوە .
ئەم پرۆژەیە لەگەڵ خۆیدا روبەروی رەتکردنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان بوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیھانی، بەتایبەتی لە ئەمریکای لاتین پارتە چەپە و کۆمۆنیستەکان بە ھاوکاری سەندیکا و رێکخراوە جەماوەرییەکان راستەوخۆ روبەروی دەسەڵاتداران بوونەوە.
لە ھەرێمی کوردستان دژ بە تایبەتیکردنی موڵکی گشتی و پاڵپشتینەکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەتایبەتی لە سێکتەری تەندروستی و خوێندن و کارەبا و ھتد..، دەیبنیین لە ئاستێکی فراوانی جەماوەری نارەزایەتی دروست بووە، ئەم نارەزایەتییە کۆمەڵایەتییە لە ئاستی ھاشتاک و خۆپیشاندانی ئەلیکترۆنی نامێنێتەوە، بەڵکو بۆ سەر جادە و روبەروبوونەوەی دەستەویەخە دەچێت .

هیوا عومەر: