
رۆژی چوارشەممە 12-1-2022 لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسان و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راپۆرتی ساڵی 2021ی تایبەت بە خستەڕووی داتا و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و دەزگاکان ئاشکراکرد.
لیژنەکە دەڵێت، مەبەستیان لە خستنەڕووی ئەو داتا و پێشێلکارییانە، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکان: “هەموو ساڵێک پێشێلکارییەکان دووبارە دەبنەوە، بەڵام هەرجارە و بە فۆڕم و شێوازێکی دیکە”.
زۆرترین پێشێلکارییەکان، وەک لیژنەکە ئاماژەی بۆ کردووە، لە کاتەکانی گرژی و ناکۆکی سیاسی، هەڵبژاردن و رووداوەکاندا کراون.
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسان و مافی رۆژنامەنووسان، ئاماژە بە زیادبوونی گێچەڵی سێکسی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانی مێینە دەکات و باس لەوەش دەکات، سەندیکای رۆژنامەنووسان بەهاوکاری رێکخراوی ئینتەرنیوز رێبەرێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گێچەڵی سێکسی لەنێو دەزگاکانی راگەیاندن و چاپخانەکان بڵاوکردووەتەوە. بەپێی راپۆرتی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان، ساڵی رابردوو 187 حاڵەتی پێشێلکاریی لە سەندیکای رۆژنامەنووسان تۆمارکراوە
جۆری پێشێلکارییەکان بریتیبوون دەستگیرکردن، رێگەنەدان و جیاکاری، سووکایەتی، لێدان و هەڕەشە، داخستنی نووسینگە و کەناڵ.
بەپێی راپۆرتەکە ساڵی رابردوو 35 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون. 61 رۆژنامەنووس رێگەی لێگیراوە و جیاکاری بەرامبەر کراوە. 79 حاڵەتی هێرش و سووکایەتی بەرامبەر رۆژنامەنووس تۆمارکراون. هەروەها پێنج رۆژنامەنووس لێیدراوە و چوار رۆژنامەنووسیش هەڕەشەی لێکراوە. سێ نووسینگە و کەناڵی راگەیاندنیش داخراون.
پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021 بەپێی پارێزگا:
– هەولێر 33 حاڵەت.
– سلێمانی 20 حاڵەت.
– دهۆک سێ حاڵەت.
– هەڵەبجە یەک حاڵەت.
– کەرکووک 17 حاڵەت.
– خانەقین یەک حاڵەت.
– موسڵ یەک حاڵەت.
– بەغدا یەک حاڵەت.
– نەجەف یەک حاڵەت.
– رۆژئاوای کوردستان چوار حاڵەت.
لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان، دەڵێت: “لەکۆی ئەو پێشێلکارییانە بەپێی رەگەز، 186 لە رەگەزی نێر بوون و یەک حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر رەگەزی مێ تۆمارکراوە”.
لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان راشیگەیاند، ئەو پێشێلکارییانە لەسەر داوای ئەو رۆژنامەنووسانە تۆمارکراون، کە بۆ ئەوانیان ناردووە.
لە خشتەی پێشێلکارییەکانی لیژنەکەدا هاتووە، لە رێکەوتی 1-1-2021 تاوەکو 30-6-2021 ژمارەی پێشێلکارییەکان 31 پێشێلکاری بوون. هاوکات کۆی ئەو دەزگا و رۆژنامەڤانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر کتاوە 71 کەس و دەزگا بوون.
لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانانیش ئاماژەی بە 7 حاڵەت کردووە کە یەکێکیان هی تەحسین قاسم و نایف عیدۆ، پەیامنێر و وێنەگری رووداو بوون لە شنگال و لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکران و دواتر ئازادکران.
لەلایەکی دیکەشەوە لیژنەکە حەوت هێرش و سووکایەتی تۆمارکردووە لەو ماوەیەدا کە یەکێکیان بۆسەر دیاری محەممەد، وێنەگری رووداو بووە لە هەڵەبجە. لەلایەکی دیکەشەوە هێرشکراوەتە سەر پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لەکاتی رووماڵی شەڕە تەقەی نێوان دوو هێزی ئەمنی لەلایەن ئاسایشەوە.