هیومان ڕایتس وۆچ دواین ڕاپۆرتى خۆى تەرخانکردووە بە ڕەوشى ژیانى ئەو کەسانەى کە بەتۆمەتى پەیوەندییان بە ڕێکخراوى داعشەوە دەستگیر کراون و پاش تەواوکردنى ماوەى یاسایى سزاکانیان لە زیندانەکانى هەرێمدا و لەدوای ئازاد بوونیان دووبارە مەترسى دەستگیرکردنەوەیان لەسەرە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە.
هیومان ڕایتس وۆچ کە ڕێکخراوێکى سەربە نەتەوەیەکگرتوەکانە و گرنگى بە ڕەوشى مافى مرۆڤ دەدات لەو وڵاتانەى کە پێشێلکاریی مافى مرۆڤیان تێدایە ئاماژەى بەوەکردووە، دەیان مێرد منداڵ و سەدان پیاوى دیکە، كه لەم ماوەیەدا له زیندانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ئازاد ده‌كرێن، مه‌ترسی دووباره ده‌ستگیركردنه‌وەیان لەسەرە، ئەمە جگە لەوەى دەبێتە هۆى قەرەباڵغییەکى زۆر لە زیندانەکاندا لە هەمان کاتیش‌دا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو خێزانەکانیان و جارێکى تر تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە.
ڕاپۆرتەکە هۆکارى ئەمەى بەستووەتەوە بەنەبوونى هەماهەنگى لەنێوان سیستمى دادوەرى عێراق و هەرێمى کوردستان و دەشڵێت، بەهۆى نەبوونى هەماهەنگییەوە دەستگیرکراوەکان دووجار سزادەدرێن.
هه‌ریه‌ك له دوو سیستمه دادوه‌ریه‌كه‌ی هەرێم و عێراق یاسای دژه‌تیرۆری تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه كه له دادگاكانیاندا كاری پێده‌كه‌ن، به‌رپرسانی به‌غدا به‌پێی یاسایی دژه‌تیرۆری عێراقی ژماره ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥ سزای ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ن كه تۆمه‌تبارن به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به تیرۆرەوە، هه‌رێمی كوردستانیش یاسای دژه‌تیرۆری خۆی هه‌یه كه به یاسایی ژماره ٣ی ساڵی ٢٠٠٦ کاردەکات.
هیومان ڕایتس وۆچ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ماوه‌ی سزادان به تاوانی تیرۆر له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستاندا زۆر كورتتره به به‌راورد به دادگاكانی حكومه‌تی عێراقی.
بە پێى وتەى چەند دادوەرێکیش لەماوەى ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی زانیاری له‌نێوان هه‌ردوو سیستمه دادوه‌ریه‌كه‌دا هه‌بووه، به‌ڵام له‌ئێستا ئاڵوگۆڕی زانیاری له نێوان هەردوولایاندا كاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌ماوه به تایبه‌ت له‌دوای ڕیفراندۆمەوە.
ڕۆژى ى١٢ى کانونى یەکەمى ئەمساڵ هیومان ڕایتس وۆچ نووسراوێكی ئاراسته‌ی محه‌مه‌د تاهیر به‌ڕێوه‌به‌ری مافه‌كانی مرۆڤ له ئه‌نجوومه‌نی ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق کردووە و تیایدا نیگەرانیەکانى لەسەر ئەم پرسە پێگەیاندووە، بەڵام تاێستا هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە.
لەوەڵامى ڕاپۆرتەکەى هیومان ڕایتس وۆچدا، دیندار زێبارى رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر کەسێک بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرابێت و حوکم درابێت، ئەوا تۆمەت و سزاکەی دەخرێتە نێو پەڕاوەکەی و لە کاتی پێویستدا دەتوانرێت لە رێگای پارێزەرەوە ئەو زانیاریانە دەست بکەوێت، دوای ئازاد کردنیان و بەسەر بردنی ماوەی سزاکەی لە هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی بۆ ناوچەکەی خۆی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دووچاری دەستگیرکردن نەبێتەوە.
ڕێکخەرەکەى حکومەتى هەرێم ئەوەشیخستووەتەڕوو، کە پرۆسەیەکیان دەستپێکردووە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ بۆ ڕادەستکردنەوەى دەستگیرکراوەکانى داعش بۆ ئەم مەبەستەش تائێستاش ١٤٠٠ کەس ڕادەستى حکومتى فیدڕاڵ کراونەتەوە.