سایتی سۆمه‌رییه‌نیوز له‌سه‌ر زاری عادل عه‌بدولمه‌هدی، رایگه‌یاند، كێشه له‌نێوان حكومه‌تی ناوه‌ند‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به‌ڵام تائێستا رێكه‌وتنه‌كه “رێزلێگیراوه” له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانه‌وه، سه‌ره‌ڕای ناكۆكی له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی.
ئاماژه‌شیدا، هه‌وڵی چڕ له‌ئارادایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌رێی رێكه‌وتنه‌كه‌وه نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه.
پاش نیگه‌رانییه‌كانی هه‌رێم له‌بودجه‌ی نێردراوی مانگی نیسانی رابردو، له 13ی ئه‌م مانگه وه‌زیری نه‌وتی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری كرد به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی رێكه‌وتنی نه‌وت-بودجه‌ی نێوان هه‌ولێر‌و به‌غداد.
عه‌بدولمه‌هدی وتیشی، كه‌ركوك نه‌وتی زیاتر له‌رابردو هه‌نارده‌ده‌كات‌و هه‌نارده‌كردنیشمان له‌مانگی رابردو بۆ به‌نده‌ری جیهان به‌نزیكه‌ی 500 هه‌زار به‌رمیل بوه، ئه‌م رێژه‌یه‌ش پێشتر نه‌هاتوه‌ته دی ته‌نانه‌ت ئه‌وكاتانه‌ش كه كه‌ركوك نه‌وتی هه‌نارده‌كردوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه ئاسته‌نگه داراییه‌كان له‌عێراق واده‌كات هه‌موان له‌بارێكی نیگه‌راندا بن.