ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، سەرەڕای بونی یاسا و دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی بۆ چاودێرکردن و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، بەڵام لە 8 ساڵی رابردودا ئەوەی تێبینی دەكرێت یاسای ئەم دەستەیە وەك پێویست جێبەجێنەكراوەو دەستەی دەستپاكی نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت.
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە راپۆرتێکدا بەناونیشانی “دەستەی دەسپاكی لە هەرێمی كوردستان لەنێوان پەیوەستبون بە یاساو پێشێلكاریدا” ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرچەندە لە مادەی (پێنجەم)ی یاساکەدا ئەركەكانی دەستە بە وردی دەستنیشانكراون. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت وەك پێویست نەتوانراوە بەشی زۆری ئەم ئەركانە جێبەجێ بكرێن و تا ئێستا بەرپرسێكی باڵا بە پلەی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی نەدراوە بە دادگا، ئەمە جگە لە سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران.
ئەوەش هاتوە، “یەكێك لەو سێكتەرانەی گومانی لەسەرە كە گەندەڵی تیادایە بواری نەوت و گاز و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە كە زۆرترین قسە هەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەلایەن دەستەی دەستپاكیەوە هیچ كارێكی لەسەر نەكراوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەلایەن حكومەت و بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە هیچ زانیاری و داتایەكی دروست بە دەستەی دەستپاكی نەدراوە”.
ئینستتیوتی پەی ئەوەشی خستوەتەڕو، “دەبوایە دەستە لەو بەرپرسانە بپێچێتەوە كە سامانیان بە بەدەستهێنانی ناڕەوا كۆكردۆتەوە، بەڵام لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێك نەنراوە و دەبوایە پەرلەمانیش بەدواداچون بكات لە جێبەجێنەكردنی یاساكە و وەك پێویست هەڵنەسانی دەستە بە جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەر شانی، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسیەوە ئەوەش نەكراوە”.