محەمەد چاوشین:
ناوەندی سێکولار لەکوردستان، ماوەی چەند ھەفتەیەکە لەسەر دەستی کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و نوخبەی وڵاتەکەمان پێک ھاتووە. ئامانجی ئەو ناوەندە ، بەکورت و موختەسەری ، پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی سێکولار و داماڵراوە لەھەر بەرگێکی تائیفی و مەزھەبی و دینی.و بە گشتی ئیدئولۆیکییە. بەبۆچوونی من ، لەم بارودۆخە تێکچڕژاو و ئاڵۆزەی ھەنووکەیی ناوچەکەدا ، کە بزووتنەوە ئیسلامیە تەکفیری و جیھادییەکان و ھەروەھا بزووتنەوە ڕادیکاڵە تیرۆریستیەکان تەراتێنی تێدادەکەن، و مەترسییەکی گەورەیان لەسەر کۆی ژیانی مرۆڤایەتی درووست کردووە، بوونی ناوەندێکی ئەوتۆ و ھاوشێوەکانی زۆر پێویستن.
ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە جیھانی ئیسلامی، بەداخەوە زەمینەی سەرھەڵدانی بیری تەکفیری و جیھادی بە ئایدیۆلۆژیا و باکگراوەندی ئیسلامییەوە تیایدا لەبارە. لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ھەرێمی کوردستاندا ، گوتاری تووندڕەووی ئاینی زۆر بە باشی کاریگەریی لەسەر ھەست و بیرکردنەوەی خەڵک دادەنێت و داشی ناوە. ھەر لەژێر کاریگەریی ئەو بیرکردنەوەیەدا ، بەدەیان و سەدان گەنجی کورد ، ژیانی ناوداعشیان ھەڵبژاردووە وفکری تەکفیری و جیھادییان قەبووڵ کردووە . بۆیە ، بوونی ناوەند و ڕێکخراو ودەستەی ھاوشێوەی ناوەندی سێکولار لەکوردستان ، بۆ ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێمە زۆر پێویستن.
بیگومان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتنی ئەم هەلومەرجە و گەشە و پەرەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرییدا تاوانبارە. هۆی ئەمکارەش ئەوەیە کە هەبووبی دوو ئیداریی، نەبوونی ئیرادەی سەربەخۆ و خۆبەستنەوەی هەرکام لە لایەنەکانی دەسەڵات(پارتی و یەکێتی) بە دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستانەوە کە هەرکامەیان نوێنەری چەشنێک ئیسلامی سیاسی و رادیکالیزمی مەزهەبین، ئەو دوولایەنەی ناچار کردوە کە لەئاست تەراتێنی ئێران و تورکیە ،نەوێرن دەنگ هەڵبڕن. بەشێوەیەک کە ئەوە ٢٠ ساڵ زیاتر ئەو دوو وڵاتە لە باشووری کوردستان خەریکی بانگەشەی بیری کۆنەپەرستانە و فاناتیکی خۆیانن. کە بەداخەوە هەروەک لە سەرەتادا باسکرا، توانیویانە شوینی سەلبی لە سەر کۆمەلگەی باشووری کوردستان دابین.
بە باوەڕی من ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەبێ سەرلەنوێ بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پڕۆگرامەکانی خوێندنماندا بچینەوە و لەسەر بنەما و پرەنسیبەکانی “سێکولاریزم” و دنیای “مۆدێرن” دایانرێژینەوە. لێرەدا گرنگی گۆڕینی یاساکان و پەروەردە و سێکولار کردنیان، دەبێتە ھەنگاوێکی حەیاتی بۆ داھاتووی کوردستان.
جیالەوانەش پێویستە سەرلەنوێ چەمکی سێکولاریزم لە کوردستان پێناسە بکرێتەوە. چونکە ئیسلامی سیاسی لەکوردستاندا، کاری زۆری لەسەر شێواندن و ناشیرین کردنی ئەو چەمکە کردووە. ئەوەندەی ئەمنیش تێبینیم کردبێ ، لەو یەک دووساڵەی ڕابردوودا ، بزووتنەوەیەکی باش لەبواری پێویستی کۆمەڵگەیەکی سێکولار بەدی دەکرێت. پێویستە سێکۆلاریزم وەک وانەیەکی خوێندن بچێتە ناو پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لەکوردستان دا ، تا بەوشێوە بتوانرێت هەر لە خوێندنگەی سەرەتاییەوە، پێش بە دزە و گەشەی فیکر و روانگەی بناژۆیی و سەلەفیەت بگیرێت.
ھەڵبەت پرۆسەی سێکولار کردنی کۆمەڵگاى کوردستان ، پڕۆسەیەکی ئەوەندە ئاسان نییە ، بەڵام کارێکی (نا مومکین)یش نییە. لەگەڵ ئەوەی بە سێکولار کردنی کۆمەڵکەمان پشتیوانی زۆری لێدەکرێت، بەڵام دژبەرانی سێکۆلاریزمیش کەم نین. ئەگەرچی گرنگ ئەوەیە لەسەر ئامانجەکە بەردەوام بین و پێش بە گەڕانەوە بۆ دواوە. بگرین. قوتارکردنی کوردستان لەوبەرگە چڵکنەی بەھۆی تیرۆر و ئایدیۆلۆژیای تووندڕەوی ئاینییەوە بە بەریدا کراوە، کارێکی قورسە . بەڵام کاری باش و پشوودرێژی دەوێ. ھەنگاوەکە دەستی پێکردووە و بەھیوام بەئامانج بگەین.
بۆ بە ئامانج گەیشتنیش، ئیرادە پێویستە و دەبێ دەسەڵات لێبڕاوانە بڕیاری خۆی بدات . بەوشێوەیە کە ئێمە دەبێ خاوەنی دەستوورێکی سێکۆلار بین. ئێستە کە قسە لە گەڕانەوەی دەستوور بۆ پارلەمان و هەموارکردنی دەکرێ، یەکێک لە خالە گرنگەکان دەبێت سیکۆلار کردنی دەستوور و دەرهاویشتنی هەرچی خاڵ و بەندی گرێدراو بە ئایین و شەرێعەت لەو دەستوورەدایە ، دەىی لە دەستوور دا ڕاشکاوانە جیایی ئایین و شەرێعەت لە دەسەڵات و هاوکات دەستاو دەست کردنی دەسەلات لە رێگەی دەنگی کۆمەلانی خەڵکەوە مسۆگەر بکرێ. تەنیا لە وەها هەلومەرجێکدایە کە دەتوانین هیوامان هەبێت کە ئایەندەیەکی گەش و روو لە گەشە چاوەروانی نیشتمان و نەتەوەکەمان دەکات.
بەهیوای ئەو رۆژە.