دۆناڵد ترەمپ، چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمەریکا دوا کاتژمێرەکانی خۆی لە کۆشکی سپی بەڕێدەکات، وا بڕیارە کە رۆژی ٢٠ی/ کانونی دووەمی ٢٠٢٠، بارگە و بنەی بپێچیتەوە و کۆشکی سپی جێبھێڵیت و دەسەڵات رادەستی جۆ بایدن بکات.
دوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ترەمپ ھەوڵی زۆری دا کە بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆسپ لەبەردەم ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن درووست بکات، دوا جاریش بە ھاندانی لایەنگرانی لە رۆژی پشت ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان ھەوڵی دا لاینەگرانی ھەڵبکوتنە سەر کۆشکی سپی.
ھەموو لایەک دەزانین کە رووداوی ھەڵکوتانە سەر کۆنگرس، لە لایەن لایەنگرانی دۆنالد ترەمپ لە مێژووی ئەمەریکادا کەم وێنە بوو، ترەمپ بەو کارەی دیموکراسیەت و پڕۆسەی ڕادەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لە ئەمەریکا خستە ژێر پرسیارەوە، بە شێوەیەک کە بۆ خودی ترەمپ و پارتی کۆماریەکان بە زیان دەشکێتەوە.
تانەدان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، و دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنی سیناتی ویلایەتی جۆرجیا، و خۆپیشاندانی چەکداری و ھەڵکوتانە سەر کۆنگرس، بەدەردی سەرۆکە دۆڕاوەکەی ئەمەریکای نەخوارد، چونکە لە ئەمەریکا عورفێکی سیاسی ھەیە ئەویش دەبێت دۆراو کورسی بۆ براوە چۆڵ بکات.
وێڕای ھەموو ئەو پێ چەقاندنەی ترەمپ، لەپێناو مانەوەی لە کۆشکی سپی، بەڵام وا ماڵئاوایی دەکات، ئەوەی جێگای ھەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە ڕاستە ترەمپ دەڕوات و مالئاوای لە کۆشکی سپی دەکات، بەڵام ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەتوانین ناوی بنێین ترامپیزم، بۆیە دەپرسین ئایا کاریگەری ترامپیزم لەسەر پرۆسەی سیاسی ئەمەریکا چی دەبێت؟
تڕامپیزم، بریتیە لەو خەسڵەتانەی کە ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵ لە حوکمڕانی ئەمەریکا لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و حوکـمڕانی لە گۆڕەپانی سیاسی پەێڕەوەی لێکرد، کە لە ئایندەشدا کەم کاریگەریش نابێت، بە تایبەت ئەگەر بێین خوێندنەوە بۆ دەنگەکانی ترەمپ بکەین لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
شایانی باسە ئەگەر ١٠٪ ی ئەو دەنگانەی لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠ بە ترەمپ دراون پەیڕەو لە خوڕەوشتە سیاسیەکانی ترەمپ بکەن، کە دەکاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس لە کۆی ئەوە ٧٤ ملیۆن دەنگەی کە بە ترەمپ دراوە، تێدەگەین کە ترەمپیزم وەک دیاردە تا چەند ساڵی دیکەش جێ پەنجەی لە گۆرەپانی سیاسی ئەمەریکا دەمێنێت.
پیویستە بگوترێت کە ترەمپ، لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا ھەوڵی داوە لە بواری سیاسەتی دەرەکی لاسایی حەوتەمین سەرۆکی ئەمەریکا (ئەندرۆ جاکسن) بکاتەوە، ئەو بڕوای وابوو دەبێت ئەمەریکا گرنگی بە خۆشگوزەرانی تاکی خۆی بدات کاری بە وڵاتانی دیکە نەبێت، جاکسۆنیەکان، ھەڵگری درووشمێکن دەڵێن:
( بژی و لێگەڕی با خەڵکی دیکە بۆ خۆی بژی).
دوناڵد ترەمپ، بە سوود وەرگرتن لەو درووشمە و پەیرەوکردنی سیاسەتی (جاکسۆنیزم) ھەوڵی دا گرینگی بە ناوخۆی ئەمەریکا بدات، و پشتی لە رۆڵی ئەمەریکا لە سیاسەتی دەرەکی کرد.
لە نموونەی ھەڵوێستی لە رووداوەکانی سوریا و کشاندنەوەی ھێزە سەربازیەکانی لە ئەفغانستان و عێراق، و کشانەوەی لە رێکەوتنامەی دوڵی بۆ پارستنی کەشوھەوا، و پشتکردنە رێکخراوی تەندروستی جیھانی لەسەر ئاستی جیھانی، لە بەرامبەردا کەمکردنەوەی باج و بێکاری لە ئاستی ناوخۆیدا.
بۆیە دەتوانین بڵێین دوای (جاکسۆنیزم) لە ئەمەریکادا بیروباوەڕێک سەرھەڵدەدات پێی دەوترێت (ترەمپیزم) کە ئەگەر پڕۆسسی دادگایکردنی نە بێتە کۆسپ بۆ دۆنالد ترەمپ، ئەوا ترمپ و لایەنگرانی دەتوانن سەرئێشەی زۆر بۆ رکابەرەکانیان لە پارتی دیموکرات درووست بکەن، بە تایبەت کە دەبینین کە یەکەمین ھەڵبژاردنە جیاوازی دەنگ لە نێوانی دوو رکابەری دیموکرات و کۆماریەکان ( بایدن – ترمپ) زۆر نیە، و دەنگەکانی ناو ئەنجومەنی پیرانیشیان وەک یەکن واتا (٥٠-٥٠).
لێرەدا تێدەگەین کە راستە ترەمپ کۆشکی سپی جیدەھێڵیت، بەڵام سێبەری ترامپیزم بەسەر پڕۆسەی سیاسی ئەمەریکا کەم گاریگەر نابێت، بگرە سەر ئێشەیەکی زۆریش بۆ ئیدارەی جۆ بایدن درووست دەکات.