
شوان سابر، بەرپرسی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یەکێک لەو کێشانەی ساڵانە دووبارە دەبێتەوە “کێشەی قەرەباڵخی نێو گرتووخانە و چاکسازییەکانە؛ 73٪ـی ئەو شوێنانە قەرەباڵخییەکی وەهایان تێدایە کە لە هەندێک شوێن دەگاتە حەوت هێندەی توانای شوێنەکە”.
11 رێکخراوی سەر بە تۆڕەکە لە ئامادەکردنی ئەو راپۆرتەدا بەشداربوونە کە تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان بڵاویکردەوە. ئەوان سەردانی 30 گرتووخانەی چاکسازییان لە 13 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ هەر شوێنێک سێ سەردانیان ئەنجامداوە.
بەرپرسی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان ئەنجامی راپۆرتەکەی خوێندەوە، ئاماژەی بە “گرنگترین خاڵە ئەرێنییەکان” کرد و رایگەیاند، “100٪ـی ئەو شوێنانەی سەردانمان کردوون، تۆماری بنەڕەتیان هەبووە، واتە ناوی تەواوی بەندییەکان و بڕیاری دادگە و کاتی دەستگیرکردن و ئازادکردن و سەرجەم زانیارییەکانی دیکەیان هەبووە؛ ئەمە یەکێکە لەو خاڵەی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە. هاوکات پێداویستییەکانی خاوێنی و خۆشۆرینی تێدا فەراهەمکراوە. سێ ژەم خواردن بۆ بەندییەکانیان دابینکراوە، سزادراو و لەکاتی بەسەربردنی کاتی سزادانەکەی کەلەپچە و زنجیریان بۆ بەکارنەهێنراوە”.
بەپێی ئەنجامەکانی راپۆرتەکە، “100٪ـی” خەڵکی ئەو شوێنانەی ئەو گرووپانە سەردانیان کردوون، زانیاریی تەواویان هەبووە لەسەر رێنماییەکانی ناو چاکسازییەکان، بە گوتەی شوان سابیر، “ئەوەش هاندەر بووە بۆ ئەوەی “کەمترین سەرپێچی و تاوان رووبدات”هاوکات رێگە بە ئەنجامدانی سرووتە ئایینییەکان بۆ هەڵگرانی هەر بیروباوەڕێکی ئایینی دراوە و کاری گران بە بەندییەکان ناکرێت.
لەبارەی ئەو شوێنانەی ئافرەتیان تێدایە، شوان سابیر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو شوێنانەیشی کە ئافرەتیان تێدا بەندە چ بە راگیراو چ بە سزادراو، شوێنە سەرەکییەکانیان لەلایەن ئافرەتانەوە بەڕێوەدەبرێن. “رێنمایی تایبەتیشیان هەیە بۆ ئەو کەسانەی لەنێو چاکسازییەکان کاردەکەن”.
ئەنجامەکانی راپۆرتەکە دەریدەخەن، “84٪ـی ئەو شوێنانەی کە سەردان کراون، بە رووی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکان کراوەن.97٪یان کامێرای چاودێرییان تێدایە و لەکاتی بوونی هەر رووداوێکی نەخوازراودا دادگە دەتوانێت هانا بۆ ئەو کامێرایانە ببات. 87٪یشیان توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونیان هەبووە، کە ئەمانە جێگەی دەستخۆشین”.
ئەو تێبینییانەی تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەكان لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی خستنییەڕوو، هەروەک لە زاری بەرپرسی تۆڕەکە راگەیێندرا، ئەوەیە “تاوەکو ئێستا کێشەی قەرەباڵخی نێو گرتووخانە و چاکسازییەکان چارەسەر نەکراوە؛ 73٪ی ئەو شوێنانە قەرەباڵخییەکی زۆریان تێدایە و لە هەندێک شوێن قەرەباڵخییەکە بەجۆرێکە کە دەگاتە 7 هێندەی توانای شوێنەکە”.