عەلی حسێن کەریمی:
٧\٥ ڕۆژی هەڵبژاردنەسەرتاسەریەکەی بەریتانیا بوو. لە چوار هەرێمەکەی ئەم وڵاتە چەندەها پارت ئەسپی خۆیان لە پێشبڕکێکەدا تاودا. بەڵام ئەسپە شین پۆشەکەی پارێزگارەکان توانی خۆی لە پێشەنگدا ببینێتەوە.
سکۆتلەند یەکێک بو لە چوار هەرێمەی کە بەشداربوون لە دیاریکرنی نزیکەی ٦٠ ئەندام بۆ وێست مینستەرەکەی لەندەن.
سکۆتیەکان بەرەو رێگایەکی تەواو جیاواز ملیان نا، کە تا ڕادەیەکی زۆر بەلای چاودێرەسیاسیەکانی ئەم وڵاتە سوپرایز بوو.
چونکە زەرد پۆشەکانی سکۆتلەند لە هەڵبژاردنی پێنج ساڵ لەمەوبەر تەنها شەش کاندیدیان ناردبۆوە لەندەن. لە کاتێکدا ئەسپە رەنگ سورەکە توانیبوی خاوەنداریەتی لەم هەرێمە بکات، لە کۆی ٥۹ کورسی توانیبوی ٤۱ کورسی بەدەستبهێنن.
ئەم جارە مێژوو خۆی بە شێوەیەکی تەواو پێچەوانە نمایش کرد، پارتەکەی خانم نیکۆڵا ،توانی سوپڕایز سوپڕایز پیشانی سەرانی لەندەن بدات. خانمە نیکۆڵا و پارتەکەی لە ساڵی ڕبردوو خەونی سەربەخۆی سکۆتلەندایان نزیک خستبۆوە، لەم هەڵبژاردنەدا ئەمەیان دوبارە کردەوە کە خەونی داچەقاندنی ئاڵای سەربەخۆی هەرگیز نامرێت.
لە ئەلێکشنەکەی ئەم جارەدا توانیان ئەسپێکی دواوەی پێشبڕکێکە تاو بدەن و بە شێوەیەکی ئەفسووناویی پێشەنگ بگرنە دەست.
لە کۆی ٥٩ کورسی تەرخانکراوی پەرلەمانە دور و درێژەکەی لەندەن ٥٦ بەدەست بهێنن. دێوەزمەیەکی ترسناکیان پیشانی یەکگرتوی شانشینی گەورەدا.
ئەنجامە خەیاڵیەکەی هەرێمەکەی داڤید لیڤندستۆنی گەورەپاڵەوانی مێژووی شێرکوژ، دایڤدەکەی لەندەنی توشی ترسێکی گەورەکرد.
ئەوەی لەم هەرێمە ڕاونرا تەنها پارتەکان نەبون بەڵکو وەک چاودێران دەڵێن ڕەنگی بەریتانی بوون بوو. بەڵام دەرکراوی سەرەکی ئەم ماڵە لەیبەر بوو. دوای یەک کاتژمێر لە کۆتایی پرۆسەکە، لیدەرەکانی ئەم پارتە دەستیان بە فرمێسک ڕشتن کرد.
ئەسپە زەرد پۆشەکەی قەڵای ئیدنبرە، رەنگە زەردەکەی هەموو هەرێمەکەی داپۆشی. زەرد بونی قەڵا بەرزەکانی کەلەدۆنیا لە کاتێکدایە کە هەشت مانگ لەمەوبەر لە پێشبڕکێیەکی زۆر سەختدا توشی دۆڕان هاتبوون، کە نەیانتوانی سنورەکەیان بە تەواوی جیابکەنەوە لە شانشینی یەکگرتوو.
لێرەوە پرسیاری راشکاو خۆی قوت دەکاتەوە، خاتوونە نیکۆڵا ئەم وزەیەی لە کوێوە هێنا کە هەسپە دۆڕاوەکەی هەشت مانگ لەمەوبەر بکاتە تاکە سواری هەرێمە شاخاویەکەی.
ئەلێکس سالمۆندی جەنگاوەرە سەرسەختەکەی سەربەخۆی سکۆتلەند، هەسپەکەی لە قەڵا بەرزەکانی ئەبەردینەوە تاودا بۆ لەندەنی پایتەختی شانشینیەت.
وەک دەڵێن ماجیکەکەی پەنای ئەم سوپرایزە چەند هۆکارێکن، یەکێک لەمانە، دانیشتوانەکەی ئەم هەرێمە لە چینی خوارەوەی شانشینی بەریتانیان، هەر ئەمەش هۆکارێک بو بۆ بەهێزی پارتی کرێکاران لەم هەرێمە.
بەڵام ئەفسوونە بەهێزەکە بۆ خانمی یەکەمی ئەم پارتە و ئەم هەرێمە دەگێڕنەوە.
نیکۆڵا، بە گوتارێکی بەهێز و زمانێکی پاراو، مانایەکی تەواوی دەدایە گوتارەکانی، کە ئەمە بە پێی شیکەرەوەکانی سیاسەتی بەریتانیا، سەرجەم گوتارەکانی فێرست مینستەر لەگەڵ چینی خوارەوەی کۆمەڵگا هاوتەریب بوو.
سەرەڕای هەموو ئەمانە زۆرێک لە سکۆتیەکان دەڵێن بە ئاشکرا دابەشبونێکی حەقیقەتمان بینی لە سیاسەتەکانی پارتە ئینگلیزەکان، وەک دەردەکەوت هاڕابوون لەگەڵ پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندیی وەک خیانەت لە وڵات سەیر دەکرا لە لایەن تۆری و لیبەرەوە، بۆیە هەرێمەکەی ولیام هۆڵس لە جیاتی ئەستێرە سوورەکان، ئەستێرە زەردەکانی خستە ئاسمانی خۆی.
___________________________
* کەلەدۆنیا: واتا سکۆتلەند بە زمانی رۆمانییەکان.