لهنوێترین ڕاپۆرتیدا، رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ جهختلهوهدهكاتهوه كه بەپاساوی پەیوەندییان بەچەکدارانی داعشەوە، ههردو حکومەتی هەرێمی كوردستانو حكومهتی عێراق ئەشکەنجەی ئاوارەکان دەدەن.
لهڕاپۆرتهكهدا كه ئەمرۆ سێشەممە بڵاوكراوهنهوه، ڕێكراوهكه ڕایگهیاندووه، دەسەڵاتدارانی ھەولێرو بەغدا پێشێلکارییان بەرامبەر ئاوارەکان کردووەو بەشێوەیەکی هەڕەمەکیو نادادپەروەرانە دەستگیریان دەکەنو زۆر بەخراپی مامەڵەیان لهگهڵدا دەکەنو ئەشکەنجەیان دەدەن.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دهڵێت، بۆ تۆمەتبارکردنەکانی ههردو حکومەتی هەرێمی كوردستانو حكومهتی عێراق رێکخراوەکەیان ئامادەیە بەبەڵگەی یەکلاکەرەوە تۆمەتەکان بسەلمێنێت کە هەزاران ئاوارە چۆن چەوسێنراونەتەوەو مافەکانیان پێشێلکراوە.
راپۆرتەکە لێدوانی ھاوڵاتییەکی تێدایەو ھاوڵاتییەکە رایگهیاندووه، “دوای ئەوەی سێ ساڵ لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بەتۆمەتی ئەندامبون لەداعش دەستگیکرابوم بەھۆی نەبونی بەڵگەی پێویستەوە ئازادکرام”. دەشڵێت، “لەعێراقدا هیچ شتێک ھێندەی ئەوە گەورە نییە، کە پێت بڵێن داعش، من هیوام بەژیانێکی ئاسایی هەبو، بەڵام داعشبون خاڵێکی سورە لەسەرمو رێگرە لەوەی بەئاسایی بژیم.”
لە راپۆرتەکەدا، نمونەی چاوپێکەوتنی لەکەمپەکانی، دیبەگە، حەسەن شامی دوو، حەسەن شامی سێ و کەمپی خازر لەسنوری پارێزگای هەولێر، کەمپی گەرماو لەپارێزگای دهۆک تیادایە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە کەمپەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی نەکراوە.
ھاوکات، لەسنوری دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیش، کەمپەکانی نەمروود، سەلامییەی یەک و دوو، لەپارێزگای نەینەوا ئاماژەیان پێکراوە.
لەبەرامبەرداو هەر ئەمڕۆ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی راپۆرتەکەی دایەوە و باس لەوەدەکات، “بەر لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەیان بەماوەیەک رێکخراوی ناوبراو چەند پرسیارو تێبینییان پێڕاگەیاندبوین، ئێمەش وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، بەڵام لەدوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە رێکخراوەکە بەهیچ شێوەیەک ئاماژەیان بەوەڵامەکانی ئێمە نەکردووە.”
زێباری رایگهیاندووه، “راپۆرتەکەدا لەزۆر رووەوە بێ بنەماو بەڵگەیە، چونکە پشتی بەوتەی چەند کەسێکی نادیار بەستووە بێ ئەوەی ئاماژە بەشوێنەکەو کاتی ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان بکات کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بتوانن بەدواداچوونی بۆ بکەن.”