لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا، وادەى دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە زۆربەى وڵاتان نزیکبووەتەوە و لە هەندێکیش دەستی پێکردووە، بۆیە لە سەروبەندی کردنەوەى دەرگای قوتابخانەکان، ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خێزانەکاندا بڵاوبووەتەوە و لە خەمی سەلامەتی منداڵەکانیانن.
بۆیە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند ئامۆژگارییەکی بڵاوکردووەتەوە تاوەکو منداڵانی خوێندنکار لە قوتابخانەکاندا سەلامەت بن لە پەتای کۆرۆنا:
– لەگەڵ توشبوون بە کۆرۆنا پێویستە منداڵ لە ماڵدا بمێنێتەوە
– لەگەڵ هەر کۆکە و پژمینێکدا پێویستە دەستدەسڕ بەکاربهێنرێت و خێرا فڕێ بدرێت
– دەستشۆردنی هەردوو دەست بە بەردەوامی بە ئاو یاخود مادەى محولی پاککەرەوە
– پاککردنەوەى ڕووی کەلوپەلەکان و ئەو پێداویستیانەى زۆر بەکاری دەهێنین
– دورکەوتنەوە لە کەسانی تر و مەوداکەشی یەک مەتر کەمتر نەبێت
– بەکارهێنانی دەمام بەپێی پێویست
– دورکەوتنەوە لە تەوقەکرد، لەجیاتیدا دەست بەرزبکرێتەوە یاخود دەست بخرێتە سەر سنگ
– نابێت ئەو منداڵانەش بترسێنرێن کە توشی کۆرۆنا بوون
بە دڵنیاییەوە زۆر کەسیش پرسیار دەکات لەبارەى کاریگەری تەمەن لە توشبوون بە کۆرۆنا، یاخود تاوەکو چەند ساڵی پێویستە منداڵان دەمام ببەستن.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامۆژگاریمان دەکات ئەو منداڵانەى تەمەنیان سەرو 12 ساڵە دەمام ببەستن.
هەر بەپێی ڕێکخراوەکە، نابێت بەزۆر دەمامک بپۆشرێت بە منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ.
بەستنی دەمامکیش بۆ ئەو منداڵانەى تەمەنیان لەنێوان شەش بۆ 11 ساڵدایە کەوتووەتە سەر چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان پەیوەندی بە ڕادەی بڵاوبوونەوەى پەتاکە هەیە لەو شوێنەى کە منداڵەکەى تێدایە، هەروەها توانای منداڵەکە بۆ بەستن و بەکارهێنانی دەمامک.