سەلما خان :
ئاشکرایە ترس لە ڕوتبونەوەی جەستە بە شێکی دانەبڕاوی کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتە بە گشتی و کۆمەڵگەی کوردی بە تایبەتی،لە ڕاستیدا ترس لە ڕوتبونەوەی جەستە ترسێکی ناوەکی خۆی نییە بەڵکو سەرچاوەکەی لە دەرەوەی خۆی هەلدەقوڵێت کە هەمان بونیادی سایکۆلۆژی و پێوەری نەریتی و ئەخلاقی کۆمەڵایەتییە لێرەدا دەتوانین بڵێین کە جل و بەرگ پلە بەندی لە نێوان ئینسانەکاندا دروست دەکات و ئیمکانی ناو نان و پێدانی شوناس و خەسڵەتی ژنی باش بە حیجاب پۆش و ژنی خراپ بە ژنی نیمچە ڕوت یاخود بێ حیجاب دەبەخشێت ،لێرەدا دەبینین پەیوەندی “جەستە” و “پۆشاک” پەیوەندییەکی کردەی ناو نان و بەخشینی شوناسە بە جەستەکان بۆ نمونە:
جاران دەوترا گەر دەتەوێت کەسێک بناسی، لەگەڵیدا بکەوەرە گفتوگۆوە خۆی پێناسەی خۆی دەکات. بەڵام لەمڕۆدا کە جیهان بە تەواوی وێنەیی بۆتەوە و کۆمەڵگاکان گۆڕاون بۆ کۆمەڵگای نمایشی و هەژموونی وێنە زاڵکراوە، کۆی هاوکێشەکە گۆڕاوە و ئێستا ئیتر وێنەی کەسەکان و سیمای ڕواڵەتییان هۆکارن بۆ ناسین و دەرخستنی شوناسەکانیان. واتە وێنە و خۆ نمایشکردن جێگای گفتوگۆ و ناسینی یەکتری لە ڕێگای دیالۆگەوە گرتۆتەوە وبۆتە سیمبولی کرانەوە و دژە باوی بەشێک لە ژنان بەم ڕێگایە تەعبیر لە خۆیان دەکەن و دەیانەوێ لە رێگەی پۆشاکە ڕوت و نیمچە ڕوتەکانیانەوە نازناوی جوانی و شاجوانی وڕۆشنبیری ببەنەوە لەلایەکیتریش باڵاپۆشەکان دەیانەوێت لە ڕێگای حیجاب و ڕوبەندەوە نوێنەرایەتی پاکدامەنی و شکۆی پاکیزەیی و پابەند بونیان بەو ڕێسا ویاسایانە بسەلمێنن کە بە ناوی شەریعەت وخوداو ئیسلام بەسەریاندا سەپێنراوە ، کە ئەمە بۆ ئەوان ستانداردی جوانییە و باڵاپۆشیش ناوێکە جەستەیانی پێ دەناسرێتەوە،بە بروای من هەردو حاڵەتەکە بە زیانی ژن دەکەوێتەوە هەر وەک نەوال السعداوی دەڵێت:”حیجاب و ڕوتی دوو ڕوی یەک دراون ،حیجاب دژی ڕەوشتە ڕاست وەک خۆ ڕوتکردنەوە بە بڕوای من خۆ ڕوتکردنەوە لایەنێکی تری حیجابە چونکە هەردوکی بۆ ژن جۆرێکە لە کۆیلایەتی چونکە حیجاب و ڕوتی یەک پەیامیان هەیە ئەویش ئەوەیە ژن تەنها جەستەیە نەک ئەقڵ .بۆیە پێویستە ژنان کار بۆ ئازادکردنی ئاوەز و بیرکردنەوەیان بکەن پێش جەستە هەروەک نەوال السعداوی لە یەکێک لە دیمانەکانیدا دەڵێت:”ناوتوانین وێنەی جیهانێکی چاکتر بکێشین ،ئەگەر ئاوەز و جەستەی ژنان ئازاد نەبن لە پێش ئەو دوانەشەوە زمانیان”بۆیە لە ڕاستیدا لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژن نە بە ئاوەز ئازادە نە بە جەستە بەشێک لە ژنانیش هەر بەو زمانە دەدوێت کە زمانی زاڵی پیاوانە بەتایبەت ژنانی مسوڵمان هەمیشە بە زمانێکی پیاو سالاری دەدوێت و لە هەوڵی زاڵبونی زمانی پیاوسالاری و دین سالارین کە بەرهەمی عەقڵی پیاوانە، پێویستە ژنان کار بۆ ئازادکردنی ئاوەز و جەستەیان بکەن و لەوە تێبگەن کە ژنان تەنها خۆیان خاوەن و بڕیاردەری خۆیانن پێویستە ژنان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆیان بکەن بەو جۆرە مامەڵە بکەن کە خودی خۆیان و ئەقڵیان ئەیانەوێ نەک ببنە ئامرازێکی بەکارهێنراو بۆ دین و کۆمەڵگە.
٢٨\١١\٢٠١٤