ماوەی حوکمڕانی لەم ھەرێمەدا ھەرچەندە کێشەکان و قەیرانەکانی سەر ھەرێم ناوخۆیی و دەرەکی ھێندە زۆربوون، بەویژدانەوە قسەبکەین ئاسان نەبوە پاراستنی قەوارەکە بەم شێوەیەی کە ئێستا ھەیە و گەیاندنیە ئەم قۆناغە، بەڵام ئەوەی جێگای مشت و مڕ و گفتۆ و بگرە ھۆکاری ئیفلیجبوون و بنبەستە سیاسی و ئیداری و ئابوریەکان و چاکسازیەکانە، نەتوانینی بە نیشتمانکردنی سیستمە حوکمڕانی و کۆی سیستمەکانی تری وڵاتە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕاستە لە سەرەتاکانی سەربەخۆیی ئەم ھەرێمەوە ئێمە حوکومەت و پەڕلەمانمان ھەبوو، بەڵام بە میکانیزم و ئیستحقاقی حیزبی و بەعەقڵی حیزبی و بە مۆدیلی حیزبی، بناغەی ئەم نیشتمانەمان داناوە.
ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی حوکمڕانی لەسەر ئەو ڕەگە حیزبی و بناغە حیزبیە ئێمە گەشەمان کردوە و گەورەبووین و باڵەخانە و میکانیزمی ھەموو کارەکانمان لەسەر ئەوە بونیاتناوە، ئەمە تەنھا پێکھاتەیەکی ئیداری و سیاسی و ئابوری حیزبی بۆ فەراھەم نەکردین، بەڵکو فەلسەفە و فیکر و ڕوئیا و ئایدیایەکی حیزبیشی لا دروست کردوین، کە ئەمە دەستکاری کردنی زەحمەتی زۆری دەوێت، چۆن ئێمە ئایدیایەکی حیزبی لە ئەندێشە و پەروەردە لە تاکەوە بیگرە تا نوخبەی سیاسی دەربێنین و بیکەینە نیشتمانی، ھەر شتێکبوو بە ڕوئیا ئەشبێت بە کلتور، کە شتیش بوە کلتور بەردەوام بەرھەم دێتەوە، ئەمە وایکردووە ھەرکات باسی ئەوە بکرێت ئۆرگانێک، سێکتەرێک یان ھەرپرۆسیەکی تر بکرێتە نیشتمانی دوور لە حیزبی دایڕێژینەوە بەئەستەمی دەبینینن و وایدەبینین کە سەرکەوتونابین، چونکە ھیچ پرس و ئۆرگان و سێکەتەرێکمان نەبینیوە بە مۆدیلی نیشتمانی کاربکات و ئەزموونی تاقی کراوە لامان مۆدیلە حیزبیەکەیە.
ئینگلیز شتێکی جوانیان ھەیە کە ڕوداوێک یان قەیرانێک بەسەریاندا دێت، سەرباری ڕووبەڕووبونەی و گرتنەبەری ئامرازی چارەسە شتێکیان بیر ناچێت و فەرامۆشی ناکەن ئەوی دەڵێنLesson To Be Learn:”” واتە “وانەیەک کە دەبێت لێوەی فێربین” یەکسەر دەچنە سەر ئەوەی ئەو ڕووداو قەیرانە چی لێوە فێربن، بۆیە لەم کاتەدا کە پەتای کۆڤید ١٩ بوە مەترسی بۆسەر گیانی ھەموومان، ئەو رۆحی بەیەکەوە ڕووبەڕووبونەوە تەنھا بریتی نەبوو لەوەی کە ھەریەکەمان لە گیانی خۆمان ترساین، زۆر ترسی تر ھەبوە لە ماوەی ڕابردووی ئەم ھەرێمە کە مەترسی لە کۆرۆنا خراپتری ھەبوە بۆسەر ژیانی کەسیمان، بەڵام بۆ بەم شێوە بەم ڕۆحە نەمانتوانی ڕووبەڕوویببینەوە.
نھێنی ئەمە یەک وەڵامە ئەویش” بەنیشتمانیکردنە” کاتێک لە حکومەتەوە تا میدیا تا کۆی سیستمە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی …ھتد ئەم پرسەیان کردە پرسێکی نیشتمانی و سزایان بۆ ھەر کەسێک دانا پێچەوانەی ئەم پرسە گشتی و نیشتمانیە بجوڵیتەوە، ھەمووان بەیەکەوە بەیەک ھەست و بەیەک ڕۆح ئەم خەمەمان لە کۆڵگرت، ئۆتۆماتیکی خەمەکە کەم بویەوە ئەگەرچی ھێشتا مەترسی ڤایرۆس و پەتاکەش مابێت ئەمە پێ دەوترێت بە نیشتمانیکردن.
بۆیە دەبێت ئینگلیز واتەنی؛ وانەکانی ئەم پەتایە لێوەی فێربین، پێش ھەموو شتێک وانە و قوتابخانە و بەسەرتا دەستپێکردنی بە نیشتمانیکردنی کۆی سیستم و جومگە و سێکتەرکانی وڵات بێت، ئێستا دەزانین بە نیشتمانیکردنی ھەرشتێک کە بمانەوێت سەخت نیە، دەزانین کە ئەگەر میدیا ،حکومەت، پەرلەمان، سیستمەکانی تری وڵات بەیەکەوە و بەیەک ئامانج بەیەک دروشم کاربکەن ھاوڵاتیش لەگەڵیان دەبێت، ھیچ فێرنەبوبین ئەوەمان زانی کە چۆن تونرا ھاوڵاتی و حکومەت بخرێتە سەری یەک ھێڵی ئیشکردن و یەک سەنگەر، یەک ئامانج، یەک مەبەست یەک گرتنەبەری ئامرازەکانی ڕووبەڕووبونەوە.
بۆیە ماوە بڵێم، ئیتر دوای کۆرۆنا با قۆناغی بەنیشتمانیکردن بێت، ئەم ھاوسەنگەریەی ھاوڵاتی و حکومەت تێک نەدرێت و بکرێتە بنەمایەک بۆ بە نیشتمانیکردنی کارەکانی داھاتوو، پەروەردە، میدیا، ئابوری …ھتدی ئەم ھەرێمە.