ڕاپەرینی ئاداری ساڵی 1991، یەکێک لە لاپەڕە پڕشنگدارەکانی مێژووی تێکۆشانی گەلی کوردستان و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەیەتی ، کە وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەی لە تێکۆشانی نەپساوەی گەلەکەمان تۆمار كرد. ئەو دەسکەوتانەی کە ئەمڕۆ لەبواری مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی وەدیهاتوە ، هەرچەندە قۆناغی زیاتر و یەکلاکەرەوەی لەبەردەمدا ماوە، بەرهەمی راپەڕینی ئادارو قوربانی گەلەکەمانه لە تێکۆشانێکدا کە هەردەم ناوەرۆکی دیموکراسیانە و پێشکەوتنخوازانەی ھەبوە و، دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، بووە. هەڵبەتە ئاوات و خەونی رەوای گەلەکەمان ئیجگار فراوانترە لەوەی کە تا ئێستا لە گۆڕەپانی واقیعدا هاتۆتە دی. سەرەرای ئەوەی بەشێکی هۆکاری کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم نەهاتەدی ئەو ئاواتانە بۆ هۆکارە بابەتییەکان و، ئەو تابلۆ ئاڵۆزەی کە لە ئاکامی هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەڵوێستی وڵاتانی درواسێ هاتۆتەکایەوە، دەگەرێتەوە، بەڵام ئەم راستییە بێبەری نییە لە ئاکامەکانی کەلێن و هەڵە لە سیاسەت و پراکتیکی دەسەلاتی کوردستانی و، بەرپرسی خودیی لە پەرەسەندنی ئاقاری روداوەکان و ئاراستەکردنی. لەم روانگەیەوە پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی رەخنەگرانە بۆ ئەزمونی سیاسیی کوردستان وئەزمونی حوکمڕانی لە پاش راپەڕینەوە، بە هەموو بوارەکانیەوە، کارێک و ئەرکێکی تێکۆشەرانیە و، پێویستە زەمینە و بنەمایەکی سیاسی بۆ برەخسێ و، پێداویستییەکانی لە یەکریزی ڕاستەقینە و کۆبونەوەی ئەو هێزانەوە دەستپێدەکات، بە مەبەستی ئاراستەکردنی رەهەندەکانی پەرەسەندنی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی سیاسی کوردستانی، کە بنەماکانی فراوانکردنی دیموکراسی لە بواری دەسەلات و ژیانی سیاسی و، قوڵکردنەوەی نەریتی مەدەنیەت لە نێوکۆمەڵدا، و بە مەبەستی ئەنجامدانی پێشکەوتنی کۆمەلایەتی،گەشەپێدان بێت ، و زەمینەی لەبار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بنیاتنانی کاری دامەزراوەیی، و بەرپاکردنی شەفافیەت و دابینکردنی ژیانی پڕ کەڕامەت بۆ خەڵک لە رێگای ڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان ونەهێشتنی هەژاری و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک، مسۆگەر بکات. فاکتەری سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەی ئاماژەمان پێکرد، لەتەک ئەرکە نیشتمانییەکاندا، خۆی لە پاراستنی کیانی کوردستانی و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی ئابوری و گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکان بۆ سنوری فەرمی ئێستای حکومەتی هەرێم، بەرجەستە دەبێ، ئەمەش بۆ رۆڵی جەماوەری گەلەکەمان و کاراکردنی بەشداری لاوان لە ئەرکە سیاسییەکاندا، دەگەرێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر رەچاوی ئەوە بکەین کە ساڵ لە دووای ساڵ چەند نەوەی دوای راپەڕینی (1991)، لە دەنگداندا بەشدارن.
ئەزمونی چەندەها ساڵەی تێکۆشانی گەلەکەمان، ئەو راستییەی دەرخستوە کە هەڵگری پەیامی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەرەو مەدەنیەت و پێشکەوتن و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و، رووبەرووبونەوەی مانۆڕو پلانەکانی نەیاران، خودی جەماوەرە ، کە پێویستە هەلومەرجی لەباری بۆ برەخسێنرێ و، پێداویستییەکانی گەشەسەندی بەردەوامی لەبەردەمدا واڵا بێ و، کاریگەرانە لە دەسەڵات و بریارە چارەنووسسازەکاندا بەشدار بێ، بۆ ئەوەی هەردەم بەربەستێکى پۆڵاین بێت دژ بە نەخشە و پلانی نەیارانی رێگای ئازادی و دادی کۆمەڵایەتی . هەر ئەم بنەمایەش زەمینەی بەرنامەیی زامنی دەربازبوونە لە بیرۆکەی بەشبەشێنەی سیاسی کە ئاکامەکەی تەنها کورسی دەسەڵاتە ، نەک خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، و بوونی بەرنامەی یەکگرتووی دەربازبوون لە قەیرانەکان، و ئەنجامدانی گەشەپێدان. بەرز و بەڕێز بێت یادی ڕاپەڕینی ئاداری گەلی كوردستان. نەمری بۆ شەھیدانی گەل.
لیژنی کاری هاوبەشی
– حزبی زەحمەتكێشانی کوردستان.
– حزبی شیوعی کوردستان.
– بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
5ی ئاداری 2020