لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا حکومەتێک بۆ سزادانی هاوڵاتیان

حکومەتێک بۆ سزادانی هاوڵاتیان

0 تێبینییەکان 13 بینینەکان

ئەگەر سەیری سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین لە جیاتی ئەوەی هەنگاو هەڵبگرێت بەرەو ئەوەی کە ببێتە حکومەتی هاوڵاتییان یان حکومەتی چاک، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هاوڵاتیان بێ هیوا دەکات و بارگرانی زیاتریان بۆ دروست دەکات و توشی ڕەشبینی و دڵەڕاوکێ و دواجاریش نەخۆشی دەرونی و جەستەی زیاتریان دەکات ، هەر حکومەتێک کە دروست دەبێت لە جیاتی چاوگێڕانەوە بە خواست و ویستەکانی هاوڵاتی و چارەسەری گەندەڵییەکانی حکومەتی پێشوو ، تەنها لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکی بێ ناوەڕۆک دەخاتە ڕوو کە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەو هیچی تر ، بە هەمان شێوازو ستایلی حکومەتی پێشوو درێژە بە کارەکانی دەدات ، بەمەش دەتوانین بڵێین حکومەتی هەرێم لە جیاتی ئەوەی خاوەنی ۲۹ ساڵ لە حکومڕانی بێت ، تەنها یەک ساڵەو ۲۹ جار دوبارەی دەکاتەوە .دروست بونی ئەم کابینە نوێیەی حکومەت لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازتر بوو لە حکومەتەکانی پێشوو ، ئەو پڕۆژەیەش کە سەرۆکی حکومەت ڕای گەیاند سەرەتا خەڵک وا چاوەڕوانی دەکرد کە شتێکی نوێ بێ و هیوایەک بۆ هاوڵاتییانی بگەڕێتەوە ، چونکە ئەم حکومەتە لە دوای شەڕی داعش بو کە ئەمەش خەرجییەکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاندەوە .

هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ۲۱ دۆلارەوە گەیاندە سەرو ٦۰ دۆلار ، دەستکەوتی دارایی ناوخۆش لە ۱۰۰ ملیۆن دۆلارەوە بەرز بووەوە بۆ زیاتر لە ۳۰۰ ملیۆن .ئەمەش سەرەڕای زیادکردنی باج و چەندان شتی تری وەک نرخی فلێکس و ئاوی ماڵان و کارەباو گەشەسەندنی بواری بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ، لە لایەکی تریشەوە هەتا ئێستاش هاوپەیمانان بڕی ۲٥ ملیۆن دۆلار دەدەنە هێزی پێشمەرگە ، ئەمەش سەرەڕای زیادبونی دەستکەوتی سامانی گازو خاڵە سنورییەکان ، لە جیاتی ئەوەی حکومەت پڕۆژەیەکی تازە ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی کە زیادبونی دەستکەوتی دارایی بکاتە هۆکارێک بۆ گەشەپێدان و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری ، بەڵام هەموو چاکسازییەکی ئەوە بوو کە لە پەرلەمان پڕۆژەیەکی خستەڕوو کە ئەویش تەنها ڕێکخستنەوەی مووچە بوو .

حکومەت هەتا ئێستاش ناتوانێت ئەوەی کە هاڵاتی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیانەوێت ئەنجامی بدات کە ئەویش خۆی لە شەفافیەت و فرۆشتنی سامانی وزەیە کە لە نەوت و گازدا خۆی دەبینێتەوە، لە ڕاستیشدا ئەمەش سەنگی مەحەکی ئەم حکومەتەیە ، لەمەوە دەتوانین بگەینە ئەو ڕاستیەی کەلە هەرێمی کوردستاندا دوو حکومەت بونی هەیە ، حکومەتێک لە پشتی پەردەوەو پارتە دەسەڵاتدارەکان بەڕێوەی دەبەن، ئەو حکومەتەش کە وەک دیکۆر لە واقیعدا دەبینرێت . لەبەر ئەوە هەتا ئەم دوو حکومەتە یەکنەخرێت و بە شەفافی داهاتی نەوت و دەستکەوتەکانی تر نەخرێتە ڕوو ئەم دۆخە چارەسەر نابێت ، چونکە لەو دۆخەدا حیزب و بەرپرس و کۆمپانیاکانی هەڵدەستن بە دادۆشینی حکومەت و لەم حاڵەتەشدا هەر ئەوە بەرهەمدێت کە دەبینرێت ، ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوڵاتییان ڕۆژانە ئەم دۆخە ناهەموارە دەبینن و ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن .

کەواتە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم حکومەتە بۆ ئەوە هاتووە کە سزای هاوڵاتییانی بدات و لە مانگە ساردەکانی زستاندا سزای بێ نەوتی و بێ غازی بدات و موچەی بۆ پاشەکەوت بکات و سەروەت و سامانەکەی بەرێت . لە راستیدا ئێستا حکومەت تەنها ئەرکی بۆتە دابەشکردنی موچەو ناتوانێت ئەم کارەش بەباشی بکات و لە ئێستادا کە مانگی سێیە موچەی مانگی ۱۱ی پاردەدات کەواتە کە بەر پرسیایێتی حکومەت تەنها ئەمەبێت کواتە خەڵک حکومەتی بۆچیە چونکە ئەو ئەرکە بە فەرمانگەیەکیش دەکرێت و پێویست بەو هەمو دامەزراوە زەبەلاحە ناکات باشە حکومەت دەبوایە بەم شێوە بوایە یان دەبوایە بەردەوام لەگەڵ هاوڵاتییاندا بژیایە و هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان بدات و ببێتە سەرچاوەی دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆیان و گرنگی بە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە بدایە .

عومەر عەلی محەمەد

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە