لە کاتێکدا ، کە دەبوو حکومەت و لایەنە بەشدارەکانی، پابەند بە بەڵێن و کارنامەی راگەیەندراوی حکومەت، بە هەنگاوی کارا بەگژ دیاردەی گەندەڵی دابچنەوە ، هەلی کار بۆ بێکاران بڕەخسێنن و دەستەبەری پێداویستیی رۆژانەی خەڵک بکەن ، کەچی رۆژ لە دوای رۆژ باج و زەریبە زیاد دەکرێ و ئەمەش هێندەی تر باری ژیان و گوزەرانی سەر شانی خەڵکی زەحمەتکێش گرانتر دەکا؛ سەرەڕای ئەوەش لەو کاتەدا کە شەپۆڵی سەرما و سۆلە و بەفربارین ڕوو لە کوردستانە و پلەکانی سەرما لە ژێر سفر دایە ، ئەزمەی غاز لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێ. لە جیاتی ئەوەی لە سەرچاوەکانی سامانی سروشتی کوردستان ، پێداویستیی زستانەی سووتەمەنی بە نرخی هەرزان و گونجاو بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێ ، بە هۆی ململانێی نێو حزبەکان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبییەکان ، ئەزمەی غاز دروست بووە.
ئێمە لە لیژنەی کاری هاوبەشی چەپ نیگەرانی قووڵی خۆمان لەو بارە ناهەموارە دەردەبڕین و حکومەت و لایەنە بەشدارەکانی بە بەرپرسیار دەزانین لەو دیاردە مەترسیدارەدا، کە دەبێ هەرچی زووە پێش بە پاوانخوازی بگیرێ و سنورێک بۆ دیاردەی چەکداری دابنرێ و هەموو هێزە چەکدارەکان بە پێی بنەمای نیشتمانی ڕێکبخرێنەوە. هاوکات داوا دەکەین بە پەلە پێویستیی خەڵک لە غاز و سوتەمەنی دابین بکرێت ، چونکە ناکرێ لەوە زیاتر لەو وەرزە ساردەدا خەڵکی هەژار و نەدار و بێکار، بکرێتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیا حزبییەکان و ژیانی ئاسایی لە خەڵک تێکبدرێ و باری سەرشانیان گرانتر بکرێ. هەر لەو سۆنگەشەوە داوا لە کۆمەڵانی خەڵک دەکەین ، ئەوەی ئەمڕۆ بێباکانە لە هەقیان دەکرێ، بەراوردی بکەن بە دروشم و بەڵێنە قەبەکانی هەڵبژاردن!
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپ
– حزبی شیوعی کوردستان.
– بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.
– حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
۱۰ی شوباتی ۲۰۲۰