
– لەم قۆناغەماندا پێویستمان بە ئامۆژگاری کردنی ژنانمان نییە، چونکە کۆمەڵگای ئێمە هاوشێوەی وڵاتە ئەوروپیەکان نییە، کە ژینگەیەکی لەباری بۆ ژیان هەبێت و ژنانی ئێمە توشی نەخۆشی دەروونی و بەرێلادابردنی هەوەسی نەبوون کە دواجار شکۆمەندیان بروشێنێت تا پێویستیان بە ئامۆژگاری بێت.
– ئێمە پێویستمان بەوەیە لە بری چاکردنەوەی ژیانی ژنان، ژینگەی ژیانمان چاک بکرێتەوە و بارودۆخی دادوەری و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو تاکێک فەراهەم بکەین تا هەموو تاکەکان نەفەسی ماف هەڵمژن نەک تەنیا ژنان کە بەداخەوە بەشێک لە ڕێکخراوەکانمان خاڵین لەم ئامانجە .
– ڕێکخراوەکانی ژنان ئەوەندەی خەریکی دژایەتی کردنی پیاوانن، خەریکی ڕەخساندنی هەلومەرجی پێکەوە ژیان نین.
– لە بری ناشرین کردن و دژایەتی کردنی پیاوان، پێویستە ئەم ڕێکخراوانە پیاو وەکو دروست کراوی خودا و نیوەی پێکهاتەی کۆمەڵگا بگەرێننەوە بۆ چوارچێوە بنەرەتیەکەی کە مرۆڤە و خاوەنی مافە، چونکە لە کۆمەڵگای ئێمە حوکمی کلتوور پیاوانی کردۆتە ناو چوارچێوەی پیاو سالاری و خۆزاڵ کردن .
– کارکردن لە پێناوی ماف بە گرتنی شەقام و بە بەیاننامە دەرکردن نییە، بەڵکو پێویستە ئەو کەسانەی ڕابەرایەتی ژنان دەکەن خۆیان خاوەن خێزانێکی تەندروست و بەختەوەر و خاوەن پەیوەندی هاوسەرگیری پر ڕێز بن تا نموونەیەک بن شایەنی چاولێکردنەوەیان بێت .
– ڕێکخراوەکانی ژنان لە بری هاوارکردن و داوای هاوکاریکردن و ئامادەبوونی پیاوان لە کۆنفرانس و ژووری کۆبوونەوەکان، داوای پشگیری فکریی پیاوان لە ماڵەکانیانەوە بکەن، گۆرانکاری بە پرکردنەوەی کورسیەکانی هۆڵی بۆنە و یادەکان ناکرێت، بەڵکو بە گۆرینی فکریی تاکی خێزان دەکرێت و دواجار کۆمەڵگایەکی تەندروست دروست دەکات .
– بەشێک لەو پیاوانەی لە ژێر ناوی مافی ژن کاردەکەن ئامانجەکانیان لە دەست و چاویاندا کۆبووەتەوە و نیەتیان وەچەنگ خستنی نێچیرێکە بۆ ئارەزووەکانیان، تەنانەت تاوەکو ئێستاش لە بەشێک لە خوێندنگا و پەیمانگا و تەنانەت زانکۆکانیش کچان لە جیاتی کەسایەتیەکی خاوەن ڕا، ئامرازی هەوەس و پەیکەری سێکسی چاوی بەشێکی پیاوانە، بۆیە وەکو لە خاڵی سەرەوە ئاماژەم پێکردووە، پێویستمان بە گۆرینی فکریی هەیە نەک پشتگیری هەوەسی!.
– بەشێکی زۆری سایت و بڵاوکراوە کوردیەکانمان باسی ماف و بوونی ژن و ئازادی دەکەن، بەڵام هاوشانی ئەوە، ناو و وێنەی ژنیان وەکو پەیکەری سێکسی و سەرنجراکێشان و وروژاندن لە چەندین بواردا بەکاردەهێنن.
– ئێمە پێویستمان بە خستنەڕووی ئامارەكانی توندوتیژی نییە، چونكە خۆمان لەناویدا دەژین، كەمكردنەوەی ئاماری توندوتیژی بە وۆركشۆپ و كۆنفرانس و نانخواردن ناكرێت.