بەشێکی بەرچاو لەگەنجانی کوردستان خولیای گەیشتن بەئەوروپایان ھەیە، سەڕەرای ئەوەی دەزانن کە وەرگرتنی پەنابەر لەئێستادا زۆر قورسەو رێگەی گەیشتن بەئەوروپاش مەترسیدارە، گەنجێک دەڵێت “سەد جار ئەوروپا باوی نەمابێتو رێگەش پڕ لەمەترسی بێت، من ھەر لەسەر بڕیاری خۆم سوورمو دەڕۆم”. “ھەر کاتێک ھەلم بۆ بڕەخسێت دەڕۆم”.
ئەمە وتەی گەنجێکی سلێمانییە .
ئاڤیار محەمەد، گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵی خوێندکاری زانکۆی پۆلەتەکنیکە، باس لەوە دەکات کە ھیچ ھیوایەکی بەئایندەی خۆی نییە لەم وڵاتەدا، نەدامەزراندن ھەیە، نەھەلی کار ھەیە، نەتروسکاییەک بەدیدەکات بۆ بەدیھێنانی حەزو ئارەزووەکانی، ئەو وتی “بۆچی نەڕۆم؟! دڵم بەچی خۆش بێت؟! ئەوا خوێندنیشم تەواو کرد، چ ئیشێک ھەیە بیکەم؟!”.
وتیشی “ئەزانم رۆشتنیش قورسو زەحمەت بووە، ئەزانم جێکردنەوەی پەنابەر لەئەروپا وەک جاران ئاسان نییەو زۆر قورس بووە، بەڵام نامەوێ کاتم لەم وڵاتە بێھوودە بڕواتو ھەر زانکۆم تەواو کرد، یەکسەر بەجێیدەھێڵمو دەڕۆم”.
ھەرچەندە ساڵانێکی زۆرە گەنجانی کوردستان روودەکەنە وڵاتانی ئەوروپاو کەنەداو ئەمەریکاو ئوسترالیا، کە زیاتر لەھەشتاکانی سەدەی رابردوەوە دەستپێدەکاتو لەدوای رەپەڕینی خەڵکی کوردستانەوە دژ بەڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩١ بەدوا، شەپۆلی کۆچکردن گەورەتر بوو، ھاوڵاتییان ئەوکات بەڕێگەی قاچاخ دەڕۆیشتنن، بەڵام لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە لەساڵی ٢٠٠٣، بەشێک لەگەنجان لەڕێگەی پاسپۆرتەوە دەچونە تورکیاو لەوێوە بەرەو یۆنانو پاشان ئەوروپا، لەدوای سەرھەڵدانی قەیرانی داراییەوە دیسان شەپۆلی کۆچی گەنجان بەرەو ئەوروپا زیادی کردووەو ھەنووکەش گەشتی گەنجان بەردەوامە.
“ئێستا ئەگەر پاس لەم بەر مزگەوتی گەورەیە بوەستێو ھاوار بکات ئەسینا ئەسینا، گەنجی تیا نامێنێت، ھەمووی سوار ئەبن ئەڕۆن”.
ئەمە وتەی محەمەدی تەمەن ١٨ ساڵە، کە بەدیار عەرەبانەیەک مرەبای قوتوەوە لەسەر شەقامە سەرەکیو قەرەباڵغەکەی بەردەمی مزگەوتی گەورە راوەستاوەو ھاوار دەکات: تەئریخەکەی دوومانگی ماوەو وەرە دووانی بەھەزار”!
محەمەد وتی “ئێستا ئەگەر قاچاخچییەک ھەبێت بەگرەنتی بمبات، ناڕۆمەوە بۆ ماڵەوە یەکسەر دوای دەکەومو دەڕۆم”.
وتیشی “ئەترسم لەم وڵاتەدا بمێنمەوەو سی ساڵی تریش، ھەر لەم شوێنەدا ھاتو ھاوارم بێت بۆ پەیداکردنی پاروویەک نانو ھیچیشم بەھیچ نەبێت، بۆیە کەمپەکانی ئەوروپام، لەم ژیانەی ئێرە پێخۆشترە”.
کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بەدەر نەبووە لەکارەساتو قوربانیدانی ئەو گەنجانەی کە قومار بەژیانی خۆیانەوە دەکەنو رێگەی ھاتو نەھاتی دەریای ئینجەو مانش ئەگرنەبەر، تەنانەت بەشێکیان تا ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە. بەڵام سەرباری ئەوەش ھێشتا گەنجان ئەو رێگە مەترسیدارە دەگرنەبەرو دەڕۆن.
“لەمنداڵییەوە خەون بەئەوروپاوە دەبینم”.
ئەمە وتەی شازادی تەمەن ٢٨ ساڵە، کە لەدوکانێکدا لەشاری رانیە کاری شآگردی دەکات، ئەو وتی “کاتێک تەمەنم سیانزەو چواردە ساڵان بوو زۆر حەزم لەئەوروپا بوو، بەڵام لەبەرئەوەی منداڵ بووم، ئەو حەزو خۆزگەیەم بۆ مەیسەر نەدەبوو، ئێستاش گیرۆدەی ئەو خەونەی منداڵیمو دەبێت بەھەر نرخو شێوەیەک بێت بیھێنمەدی”.
شازاد ھەرچەندە ئەو زانیارییانەش دەزانێت کە لەئێستادا لەئەوروپا مافی پەنابەری بەئاسانی وەرناگیرێتو ئەو رێگەیەش زۆر مەترسیدارە، بەڵام بڕیاریداوە پاشگەز نەبێتەوە لەبڕیارەکەی، ئەو وتی “سەد جار ئەوروپا باوی نەمابێتو رێگەش پڕ لەمەترسی بێت، من ھەر لەسەر بڕیاری خۆم سوورم”.
شازاد ھەتا ئێستا دوو جار ھەوڵیداوە خۆی بگەیەنێتە ئەوروپا، بەڵام لەتورکیا گیراوەو باس لەوەش دەکات کە ئێستاش ئەگەر بوارو پارەی ھەبێت جارێکیتر ھەوڵی گەیشتن بەئەوروپا ئەداتەوە، ئەم پەرۆشییەی ئەو بۆ ئەوروپا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، ٢٨ ساڵە لەکوردستان بچوکترین خۆشی تێدا بەسەر نەبردووە، ئەو وتی “ئەگەر ئەگەمە ئەوروپا ئامادەم ٢٠ ساڵ لەکەمپدا ژیان بەسەرببەم”.
ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆرترین قوربانیەکانی رووکردنە ھەندەران لەدەڤەری راپەڕین بووە، لەچەند ساڵی رابردوودا بەسەدان گەنجیان لەو رێگەیەدا گیانی لەدەستداوە.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرترین ژمارەی ئەو گەنجانەی لەھەرێمی کوردستانەوە کۆچ بەرەو دەرەوەی وڵات دەکەن، گەنجانی دەڤەری راپەڕینن، ئەو بەئاوێنەی وت “ئەم گەنجانە لەھەلومەرجی ژیانێکی سەخت رادەکەن، تا رێژەی بێکاریو نادادپەروەری بەرز بێت، رێژەی کۆچکردنی گەنجانیش بۆ دەرەوەی وڵات زیاتر دەبێت”.
وتیشی “لەساڵی ٢٠٢٢دا، ٢٨ ھەزار ھاوڵاتی لەھەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، لەو ٢٨ ھەزار ھاوڵاتییە، ٧٨٠٠ کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن، کە ژمارەی دانیشتوانی ٤٥٠ ھەزار کەسە، ئەمەش وایکردووە زۆرترین قوربانیەکانی کۆچ کردن ھەر لەدەڤەری راپەڕین بێت”.