لەبەردەم پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان شەشەمین ساڵیادی شەهید کاوە گەرمیانی-یان بەرز ڕاگرت.
بەهزاد موحسین چالاکوان و ڕۆژنامەنووس بەنوێنەرایەتی ئامادەبووان بەیاننامەیەکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە و تێیدا هاتووە:”ئێمە وەک ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی هەولێر، لە شەشەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی قەڵەم و ڕۆحە دژەگەندەڵی و ئازادیخوازەکەی شەهید کاوە گەرمیانی لە هەولێر گرد بوووینەتەوە، تا پەیامی هاوسۆزیی بۆ بنەماڵەکەی و تەواوی خەمخۆرانی ئازادی و هاوپەیامەکانی شەهید کاوە گەرمیانی دووپات بکەینەوە.
جارێکی دیکەش ڕایدەگەیەنین، لای ئێمە نەوەک هەر دۆسیەکەی شەهید کاوە گەرمیانی دانەخراوە، تەنانەت دۆسیەی تێکڕای شەهیدانی قەڵەم، سۆران، سەردەشت، ویداد و دەیانی تر دانەخراون.
ئەمڕۆ هاوپەیامانی کاوە لە بەردەم قەڵەمەکەی شەهید کاوە و کاوەکان دەچەمێینەوە، لە هامانکات جارێکی دیکەش لە بەردەم دەسەڵات ڕەق وەستاوین. چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە نەدۆڕاوەکانی شەهید کاوە و هاوڕێکانی، ئەوانەی لە ڕۆژی یەکەمەوە خوێنی شەهید کاوەیان کردە مەرەکەبی قەڵەمەکەیان و تا ئێستاش تەسلیمی ترس و پارە و پلە نەبوون، بۆیە هەمیشە قەڵەمەکەیان بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە ئازادیکوژە سور دەنوسێ.
ڕاشیدەگەێنن ئێمە ئەوە دەزانین، لەم بارودۆخە ناهەموارەی ئێستای هەرێم، دۆسیەکانی شەهید کاوە و سەردەشت و سۆران و ویداد و ئەوانی تریش، بە مەنتقی هێز داخراون و یەکێتی و پارتی و حکومەت و پەرلەمان خەریکی تۆزبارانیان بوونە و هەنە، کەچی لای ئێمە ئەم دۆسیانە هێندە زیندوو و کراوەن، هێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێ و ڕۆژانە بەر هەناسەی شەهید کاوەکان دەکەوین.
ئێمە بۆ چەند پاتکردنەوەی ناڕەزایی و قەبوڵ نەکردن و پڕۆتستۆکردنی ڕژانی خوێنی شەهید کاوە لێرە گرد بووینەتەوە، تا بە بیر دەسەڵات و شەقام و هەمو جیهانی بێنینەوە، کە ئێمە کۆڵنادەین، لە خاوەندارێتیی خوێنی شەهید کاوە و سەردەشتەکان، نەک بۆ ئەوە گرد بووبینەوە، داوا لە دادگا و حکومەت بکەین، تا تاوانبار و بکوژانی شەهیدانی قەڵەم بە سزا بگەیەنێ، چونکە بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕوانی لە ستەمکار و پیاوانی دژی ئازادی و خودی بکوژ، گەمژەییەکی گەورەیە!.
بیست و هەشت ساڵە قەڵەمی ئازا و بیری ئازاد و جیا لە بەرژەوەندی حیزب، تیرۆر دەکرێن، تا ئێستاش لە هیچ کابینەیەکی بنەماڵەیی، بکوژێکی قەڵەم یا بکوژێکی فیکر، نەک هەر بە سزا نەگەیەنرا، تەنانەت دادگاییش نەکرا! لە سایەی ئەم دو حیزبە کۆپیبازە، چەندین ساڵە هەمان کۆپیە بێزەوەرەکانی دادگا و پەلەمان و حکومەت دەبینینەوە.
وەک چۆن دادگاکانی دەسەڵات ئومێد بە کۆتاهێنانی هاوپەیامانی شەهید کاوەکان دەخوازن، ئێمەش بە ئومێدی ئەو ڕۆژەین، دادوەر و دادگاکان دادگایی بکەین، ئەوانەی لە پێناو خزمەتی حیزبی بنەماڵەیی، ئەرکی سەرەکیی ئینسانی و ئەخلاقی خۆیان لە بیر کرد و بوون بە باشترین سیناریستی حیکایەتە تراژیدیاکان.
دەبو دوا کابینەی حکومەت لە ڕووی ئازادی دەربڕین و کرانەوەی فیکردا، کابینەکانی پێش خۆی تێپەڕاندبا، کەچی دەبێ خۆزگە بە کابینەکانی پێشووتر بخوازین، کە بەردەوام ڕۆژنامەنوسان لەسەر دەرخستنی دزی و گەندەڵی و ڕێکارە چەوتەکانی حکومەت زیندانی و تەوقیف دەکرێن و تا ئەوپەڕی پەلبەستی ڕۆژنامەنوس و چالاکان خۆی بچووک کردۆتەوە”.