پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق ناوەڕۆكی كۆبونەوەو دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان هەولێرو بەغدا سەبارەت بە پرسی نەوت و بودجە ئاشكرادەكات.
حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی “بەغداد ئەلیەوم”ی راگەیاند”حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی داوە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بكات و هەروەها داهاتی مەرزە سنورییەكانیش رادەست بكات بە مەرجێك.”
حەسەن ئاڵی وتوشیەتی”حكومەتی هەرێم جەختی كردۆتەوە كە 24 ملیار دۆلاری كۆمپانیا نەوتییەكان قەرزارە ئەوەش بەهۆی بڕینی بودجەی ساڵانی 2014 و 2015و 2016 و 2017ی هەرێمەوە لەسەردەمی حكومەتەكانی مالیكی و عەبادیدا.”
هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەرێمی كوردستان داوای كردوە ئەو بڕە قەرزە دەبێت بكەوێتە ئەستۆی بەغدا، چونكە هەرێمی كوردستان ناچار بوە لەپێناو دابەشكردنی موچەی فەرمانبەراندا، گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیا نەوتییانەدا بكات كە قەرزەكەیان لای هەرێمە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە كە پێشكەوتنێكی زۆر لە دانوستانەكاندا هەیەو وەفدی حكومەتی ئیتیحادی كە بەم دواییە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردوە، بەڵێنیان داوە كە ئەو بابەتە بخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.
وتوشیەتی”ئەگەری هەیە بەغدا ئەو بڕە پارەیە(20 ملیار دۆلار) بە چەند جارێك بداتە هەرێم و لەبەرامبەردا حكومەتی هەرێم بەڵێنی داوە ئەو بڕە نەوتە خێراو رۆژانە رادەستی بەغدا بكات.”