گرنگترین خاڵه‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی لۆزانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی 5+1 بریتین له:
+ ئێران قایل بووه به‌وه‌ی ئامێره‌كانی تایبه‌ت به پیتاندنی یۆرانیۆم به‌ڕێژه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێ واته له 19هه‌زاره‌وه بۆ 6104 كه‌مبكاته‌وه. له‌و ژماره‌یه له‌ماوه‌ی 10 ساڵی داهاتوودا 5060 ئامێر به‌پراكتیكی كارده‌كه‌ن.
+ له‌ماوه‌ی 15 ساڵی داهاتوودا ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی عه‌مباركراوی خۆی له 10 هه‌زار كیلۆگرامه‌وه كه‌مده‌كاته‌وه بۆ ته‌نیا 300 كیلۆگرام.
+ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم چاودێری له‌سه‌ر ئامێره‌كانی تایبه‌ت به پرۆسه ئه‌تۆمییه‌كه ده‌كات.
+ ئێران هیچ وێستگه‌یه‌كی ئه‌تۆمیی تر له‌ماوه‌ی 15 ساڵی داهاتوودا بنیات نانێت.
+ له‌ئێستادا كاتی پێویستی مه‌زنده‌كراو بۆ ئێران تا بتوانێت ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی پێویست بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی به‌ده‌ستبهێنێت به دوو تا سێ مانگ داده‌نرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م رێككه‌وتنه‌وه، ئه‌و كاته مه‌زنده كراوه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ یه‌ك ساڵ.
+ له‌ماوه‌ی 15 ساڵی داهاتوودا ئێران وێستگه‌ی فۆردۆ ده‌گۆڕێت بۆ وێسته‌گه‌یه‌ك كه پیتاندنی تێدا نه‌كرێت.
+ ئێران وێستگه‌ی فۆرد ده‌كاته دامه‌زراوه‌یه‌ك كه ته‌نیا بۆ كاروباری ئاشتی بێت و ببێته سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ئه‌تۆمی و فیزیایی و ته‌كنه‌لۆژی. له‌ماوه‌ی 15 ساڵی داهاتوودا ئه‌م وڵاته هیچ كارێكی په‌ره‌پێدان له فۆردۆ جێبه‌جێ نه‌كات كه په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌پیتاندنی یۆرانیۆمه‌وه.
+ بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ هیچ ماده‌یه‌كی ته‌قینه‌وه له فۆردۆدا نابێت.
+ ئێران ته‌نیا له وێستگه‌ی ناتانزدا یۆرانیۆم ده‌پیتێنێت.
+ ئێران بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له دامه‌زراوه‌ی ناتانزیشدا به‌ئامێره‌كانی نه‌وه‌ی یه‌كه‌م پیتاندن ئه‌نجامده‌دات. ئامێره پێشكه‌وتووه‌كانیش لاده‌بات.
پشكنین و شه‌فافیه‌ت
+ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم، ئازادی ته‌واوی هه‌یه بۆ گه‌یشتن به هه‌موو دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران. به وێستگه‌ی ناتانزیشه‌وه، هه‌روه‌ها به دامه‌زراوه‌ی پێشووی فۆردۆشه‌وه و به به‌كارهێنانی تازه‌ترین ئامێری چاودێریكردن.
+ پشكنه‌ره‌كان ئازادی ته‌واویان ده‌بێت بۆ گه‌یشتن به سیسته‌م یان ئه‌و زنجیره كرده‌وه‌یه‌ی هاوكاری به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ده‌كات. ئامرازه‌كانی پشكنین و شه‌فافیه‌ت چاودێری له نزیكه‌وه و به‌وردی چاودێری ده‌كات تاكو نه‌بنه به‌رنامه‌ی نهێنی.
+ چاودێره‌كان بۆ ماوه‌ی 25 ساڵی ره‌به‌ق كانگاكانی ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی یۆرانیۆم ده‌خه‌نه ژێر چاودێری، پشكنه‌ره‌كان ئازادی ته‌واویان ده‌بێت بۆ گه‌یشتن به‌و شوێنانه‌ی ئێران “كێكه زه‌رده‌كه”ی تیادا به‌رهه‌م دێنێت.
+ هه‌موو ژێرخان و ئامێره‌كانی دامه‌زراوه‌كانی فۆردۆ و ناتانز لاده‌برێن و ده‌خرێنه ژێر چاودێری وردی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌تۆمه‌وه.
+ كه‌ناڵێك ده‌كرێته‌وه بۆ فه‌راهه‌مكردنی پێداویستییه‌كانی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران كه به‌چاودێری و قایل بوونی هه‌ردولا ده‌بێت.
+ ئێران پرۆتۆكۆلی ئیزافی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم جێبه‌جێده‌كات. ئه‌وه‌ش واده‌كات ئاژانسه‌كه زۆرترین زانیاری له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانه‌وه ده‌ستبكه‌وێت به دامه‌زراوه رێپێدراو و رێپێ نه‌دراوه‌كانیشه‌وه.
+ پێویسته له‌سه‌ر ئێران مافی گه‌یشتن بداته ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی گومانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت، یان پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت كه بووبنه دامه‌زراوه‌ی نهێنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
+ ئێران یاسای هه‌مواركراوی 3.1 جێبه‌جێ ده‌كات.
– ئێران كۆمه‌ڵێك رێوشوێن جێبه‌جێ ده‌كات كه ریَككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ڕووكاری سه‌ربازیی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی.
وێستگه‌كان و سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه
+ ئێران سه‌رله‌نوێ وێستگه‌ی ئاراك كه به‌ئاوی قورس كارده‌كات دیزاین و دروستده‌كاته‌وه، به‌پێی ئه‌و دیزاینه‌ی كه له‌گه‌ڵ گروپی 5+1دا له‌سه‌ر رێكده‌كه‌ون. به‌جۆرێك ده‌بێت نه‌توانێت ماده‌ی پلۆتۆنیۆم بۆ مه‌رامی سه‌ربازی به‌رهه‌م بهێنێت.
+ سه‌نته‌ری ئه‌و وێستگه‌یه‌ی گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت بڕێكی گرنگ له ماده‌ی پلۆتۆنیۆمی به‌كارهێنراو له دروستكردنی چه‌كی تێدا به‌رهه‌م هێنرابێت، وێران ده‌كرێت یان ده‌گوازرێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران.
+ ئێران به‌بێ دانانی كاتێكی دیاركراو، قایل بووه به‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه و توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی سوته‌مه‌نی ئه‌تۆمی رابگرێت.
+ ئێران زیاتر له پێویستی وێستگه‌كانی ئاراك، ئاوی قورس دروست ناكات. ئه‌و وێستگه‌یه‌ش دواتر به‌ڕێككه‌وتن دیزاینی بۆ ده‌كرێته‌وه. بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ هه‌ر بڕێكی زیاده ئاوی قورسی هه‌بێت، له‌بازاڕی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌یفرۆشێت.
+ له‌ماوه‌ی 15 ساڵی داهاتوودا، ئێران هیچ وێستگه‌یه‌كی نوێ ناكاته‌وه كه به ئاوی قورس كار بكات.
سزاكان
+ سزاكان له‌سه‌ر ئێران سوك ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر پابه‌ندبێت به به‌ڵێنه‌كانییه‌وه به‌جۆرێك كه بكرێت لێی دڵنیابن.
+ ئه‌و سزایانه‌ی به‌هۆی به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه سه‌پێنراون به‌سه‌ر ئێران‌دا سوك ده‌كرێن. له‌پاش ئه‌وه‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم دڵنیاده‌بێته‌وه له‌وه‌ی ئێران هه‌موو هه‌نگاوه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و بواره‌ی گرتووه‌ته‌به‌ر. هه‌ر كاتێك ئێران خۆی دزییه‌وه له جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی، ده‌ستبه‌جێ سزاكانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێنه‌وه.
+ پارێزگاری ده‌كرێت له بنه‌ڕه‌تی زۆرینه‌ی سزاكانی ئه‌مریكا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له‌دوای جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه، به‌شێوه‌یه‌ك رێگه‌بدات به‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ سزاكان بسه‌پێنرێنه‌وه به‌سه‌ر ئێران‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌دای ئێران جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی نه‌بوو.
+ هه‌موو بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سه‌باره‌ت به‌دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی ئێران‌دا بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌موو مه‌ترسییه سه‌ره‌كییه‌كان هه‌ڵده‌گیرێن (پیتاندن، فۆردۆ، ئاراك، شه‌فافیه‌ت، ره‌هه‌ندی سه‌ربازی پرۆژه‌كه).
+ به‌نده سه‌ره‌كییه‌كانی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، كه په‌یوه‌ستن به گواستنه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا هه‌ستیاره‌كانه‌وه، سه‌رله‌نوێ كارا ده‌كرێنه‌وه.
+ میكانیزمێك دیاری ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان. میكانیزمه‌كه رێگه‌ده‌دات به‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له پلانی كاری هاوبه‌شی گشتگیردا، داوای چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان له دید و بۆچوونه‌كانیاندا بكه‌ن، سه‌باره‌ت به پابه‌ندبوونی ئێران به په‌یگیرییه‌كانییه‌وه.
+ ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و میكانیزمه نه‌گه‌یشتنه چاره‌سه‌ر، ئه‌وا ده‌كرێت هه‌موو سزاكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بسه‌پێنرێنه‌وه.
+ رێككه‌وتنه‌كه سزاكانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر ئێرانه‌وه ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌وانه‌یان كه تایبه‌تن به بواری تیرۆر و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و بۆمبه بالیستییه‌كان.
قۆناغی رێككه‌وتن
+ بۆ ماوه‌ی 10ساڵ، ئێران سنوور داده‌نێت بۆ تواناكانی له بواری پیتاندن و توێژینه‌وه و په‌ره‌پێداندا. به‌جۆرێك بیمه‌ی ئه‌وه بدات كاتی پێویست بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌یه‌ك ساڵ كه‌متر نه‌بێت. له‌پاش ئه‌وه‌ش، ئێران پابه‌ند ده‌بێت به پلانێكی درێژخایه‌نه‌وه بۆ پیتاندن و توێژینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیدار، كه گرووپی 5+1 پێی گه‌یشتووه.
+ بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ، ئێران سنوور داده‌نێت بۆ پێكهاته‌كانی تری به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، بۆ نموونه: ئێران وێستگه‌ی نوێ بۆ پیتاندن یان وێستگه‌ی به‌ئاوی قورس كاركردوو، دروست ناكات. یۆرانیۆمی پیتێنراو له عه‌مباره‌كانیدا كه‌مده‌كاته‌وه. قایلیش ده‌بێت به رێوشوێنه‌كانی شه‌فافیه‌تی زیاتره‌وه.
– له پاش 15 ساڵه‌كه‌ش، رێوشوێنه‌كانی پشكنین و شه‌فافیه‌ت به‌رده‌وام ده‌بن، پابه‌ندبوونی ئێران به پرۆتۆكۆلی ئیزافی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمه‌وه، پابه‌ندبوونێكی هه‌میشه‌ییه. هه‌موو بواره‌كانی شه‌فافییه‌تی تایبه‌ت به‌و پابه‌ندبوونه له‌خۆده‌گرێت. پشكیننی وردی سیسته‌می فه‌راهه‌مكردنی ئه‌تۆمی، ماوه‌ی 25 ساڵ ده‌خایه‌نێت.
+ ته‌نانه‌ت له‌دوای ته‌واوبونی ئه‌و كاته‌ی كه ته‌رخان كراوه بۆ سه‌پاندنی كۆتوبه‌ندی توند به‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران‌دا. ئێران ئه‌ندام ده‌بێت له رێككه‌وتننامه‌ی رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی. ئه‌وه‌ش رێگر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێران چه‌كی ئه‌تۆمی به‌رهه‌مبهێنێت یان په‌ره‌ی پێبدات. ئه‌وه‌ش وا پێویست ده‌كات ریَوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به سه‌لامه‌تی، كه له‌لایه‌ن ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمه‌وه دانراوه جێبه‌جێ بكرێت.
سه‌رچاوه: rt.com