لە دە ساڵی رابردوودا كاتێك دەستپێشخەریمان كرد لە دۆسیەی خانەنشینی پلە باڵاكان تا هەنووكە كۆی گشتی 30 گردبونەوەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكان و كەمكردنەوەی موچەی بنەڕەتیان ئەنجامداوە, زۆر جار بە دوای چالاكیەكانماندا لە لیستە جیاجیاكانی پەرلەمان پڕۆژە یاسا پێشكەشكراوە بۆ هەمان مەبەست بێ ناوهێنانی ئێمەو هەوڵەكانمان, زۆر جار كەسی وا هەبوو واژۆی دەخستە سەر چەندین پڕۆژە یاسا, مخابن زۆربەی هەوڵەكانیان بۆ خۆ دەرخستن و دەنگ كۆكردنەوە بووە, تا هەنووكە یەك پەرلەمانتار و پلە باڵا لە تاقیكردنەوەكە دەرنەچوون كە لە خۆیانەوە دەستپێبكەن, تەنانەت ئەوانەشی دەوڵەمەند بوون یان لە پارتە دەسەڵاتدارەكان بوون هیچ پێویستییەكیان بەو موچەیە نەبووە, لە بەرامبەردا لە خولی پێشووی پەرلەماندا بە یاسا بودجەی زەبلاحی بێ نموونە لە جیهانیان بۆ پارتەكانیان دیاریكرد, تا ئێستا نەیانتوانی پڕۆژە یاسایەك بۆ چاكسازی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان پێشكەش بكەن,یاخود پێشكەشكرا لە بەر بەرژەوەندییەكان خۆیان رەتیان كردەوە, ئێمە كە حیزبەكانمان لە ساڵی 1991 لە ئاوارەیی هێنایەوە كوردستان و كردمانن بە فەرمانڕەوای ئەم هەرێمەو سەركردەكانیشیانمان لە كرێكارییەوە كردە ملیاردێر, ئەمڕۆ هیچ مافێك بە ئێمە بە رەوا نابینن, تەنانەت لە هۆڵە داخراوەكانیش چالاكییان لێ قەدەغە كردوین, دەبوایا بەرامبەر بەو هەموو قوربانیەی پێشكەشمان كرد ونەزانانە كوردستانمان وەك هێلكەی پاككراو دوای ئازادكردنی خستە بەردەستیان وەفادار بونایا بەرامبەرمان, ئێستا ئەوان و نەوە لە دوای نەوەیان لێی دەخۆن, لیرەدا كۆمەڵێك داواكاری بۆ 30یەمین جار دەخەینە بەردەم كابینەی نۆی حكومەت و پەرلەمانتارانی خولی تازەی پەرلەمان لە لیستە جیاجیاكان بە هیودارین پشتیوانی بن و بێئومێدمان نەكەن وەك جارانی پێشوو :
1-پێمان وایە دەبێت چاكسازی لە لوتكەوە لە خانووە ملیۆن مەترییەكانتانەوە دەست پێبكات, ناكرێت ئێوە لە خانووی ملیۆن مەتریدا بژێن و خەڵكانیش مەترێك زەویان نەبێت, پارێزگاری لە هەرێمی كوردستانیش بەوان بكرێت, لە بارودۆخی وادا باسكردنی چاكسازی و وتنەوەی عەدالەت شەرمە.
2- موچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ نیوەی ئێستای كەمبكرێتەوە, بۆ ئەوەی جیاوازی موچە كەمبكرێتەوە لە كوردستان كە بەرزترین رێژەیە لە جیهان.
3- یاسای خانەنشینی پلە باڵاكان بە ئاستێك رێك بخرێت لە 2 ملیۆن زیاتر نەبێت بۆ ئەوانەی تەمەنی خانەنشینی دەیانگرێتەوە, ئەوانی دیش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان, ئەوەشی كاری نەبووە, بە پێی بڕوانامەو پسپۆرییەكەی دابمەزرێت.
4– بودجەی پارتەكان كە زیاتر لە 1%ی بودجەی كوردستانە, كەمبكرێتەوە بە راستەوانە لە گەڵ بڕەكەی, واتا ئەو پارتانەی بەرزترین بودجەیان هەیە بەرزترین رێژەیان لێ كەمبكرێتەوە, بە ئاستێك كەمبكرێتەوە لە ملیارێك دینار بۆ مانگێك تێ نەپەڕێت بۆ هەر پارتێك, وەمافی سیاسی هاووڵاتیانی كوردستان پارێزراو بێت.
5- موچەی بنەڕەتی لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ هەموو ئەو هاووڵاتیانەی كوردستان ببڕدرێتەوە كە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتیان نییە, لە داهاتوودا هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بگرێتەوە, بڕەكەی لە لایەن دەستەیەكی ئابووریزانەوە دیاریبكرێت, ریالیستی بێت لە گەڵ داهاتەكانی هەرێمی كوردستان, لە دابین كردنی ژیانێكی شەرافەتمەندانە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان, هاوكات لە داهاتوودا دامەزراندن تەنها بۆ تاكەكانی ئەو خێزانانە بێت هیچ سودمەند نەبوونە لە كەرتی حكومەت و سەرچاوەی داهاتیان نییە.
6- وێرانكردن و تاڵانكردنی كەرتی گشتی بۆتە تایبەتمەندی حكومەتی هەرێم, بۆ راگرتنیان داواكارین:
ا-جیا کردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەت لە ناوەندە تەندروستیەکان و گرنگی دان بە کەرتی گشتی لە دابینكردنی دەرمان و خزمەتگوزاری, بەرز کردنەوەی ئاستی گشتی ھۆشیاری تەندروستی خەڵک, بازرگانی نەکردن بە تەندروستی خەڵک, نەھێشتنی دیاردەی حیزب لەو سێکتەرە گرنگە,چارەسەركردنی بەرپرسانی حیزبی و حكومی و خێزانەكانیان لە نەخۆشخانەی گشتی وەك رێزلێنان لەو كەرتە نەك چوون بۆ هاندەران بۆ بچوكترین نەخۆشی.
2- لە كەرتی پەروەردە پۆستی کارگێڕی بەکەسی لێهاتو بدرێت نەک بە کادیری حزب, چیتر حزب دەست لە کاروباری پەروەردە وەرنەدات, هەمواركردنەوەی وانەكانی خوێندن لە گەڵ روحیەتی زانست و گەشەی زانست بگونجێت, گەڕاندنەوەی منداڵانی بەرپرسانی حیزبی و حكومی و پەرلەمانتاران بۆ خوێندنگا گشتیەكان وەك رێزلێنانێك لە حكومەت و دەزگاكانی و كۆتاییهێنان بە سستەمی پارالێڵ كە هەنگاوێكە بۆ بە پارە كردنی خوێندن لە زانكۆكان لە ئایندەدا.
3- كۆتاییهێنان بە پارە كردنی ئاو و مانەوەی لە چوارچێوەی كەرتی گشتی.
4- دەستنەدان لە كەرتی كارەبا.
هەڵمەتی دادپەروەری
17-9-2019
