چه‌ند ساڵێكه كه‌رتی گشتی و به‌تایبه‌ت نه‌خۆشخانه حكومیه‌كان له بارودۆخێكی خراپدان .
له رێكه‌وتی 1/8/2019 به‌مه‌به‌ستی سه‌ردان و هه‌واڵپرسینی نه‌خۆشێك رووم له نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری هه‌ولێر كرد كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، به‌ته‌واوه‌تی و له نزیكه‌وه به‌چاوی خۆم كه‌موكوڕیه‌كانم بینی.
به‌چاوی خۆم بینیم كه كه‌رتی گشتی ته‌ندرووستی له‌باتی گه‌شه‌كردن ڕوو له ژاكانه. جێگای بایه‌خ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه كه هه‌موو وڵاتانی جیهان به داراو نه‌داره‌وه بگه‌ڕێ و لێیان بكۆڵیته‌وه، ئه‌و راستییه‌ت بۆ ده‌سه‌لمێنرێت كه ژاكان و داڕمانی به‌شی گشتی خزمه‌تگوزاریه بنه‌ڕه‌تیه‌كان و له‌وانه به‌شی ته‌ندرووستی به‌مانای ژاكان و داڕمانی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌و وڵاته‌كه‌یه، چونكه وه‌ك ده‌زانن كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ندرووست و سه‌لامه‌ت ، له ده‌رئه‌نجامی هه‌بوونی تاكی ته‌ندرووست بونیاد ده‌نرێت. بێگومان مرۆڤ ئه‌گه‌ر نه‌خۆش نه‌بێت ڕوو له‌نه‌خۆشخانه ناكات ئه‌گه‌ر ڕووی تێكرد ده‌بێ یارمه‌تی بدرێت و به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌خۆشه چین و توێژی كه‌م داهات و هه‌ژاربێت . زۆر جار له‌زاری به‌رپرسانی حكومه‌ته‌وه ئه‌وه‌م گوێ لێ بووه كه ده‌ڵێن ئێمه سیسته‌می بازاڕی ئازاد په‌یره‌و ده‌كه‌ین كه‌به‌شی ته‌ندرووستیش ده‌گرێته‌وه ئه‌مه به‌و مانایه دێت كه حكومه‌ت ده‌یه‌وێ بایه‌خ به كه‌رتی تایبه‌ت بدات .
چه‌ند ساڵێكه هه‌ر له‌م هه‌ولێره ده‌یان نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت كراوه‌ته‌وه و گه‌شه‌یان سه‌ندووه، به‌ڵام ئایا نه‌خۆشێكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت ده‌توانێ بۆچاره‌سه‌ر ڕوو له‌و نه‌خۆشخانانه بكات؟ هیچ پرسیار كراوه ئه‌و پاره زۆره‌ی كه وه‌ك تێچووی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش له‌و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت دیاری ده‌كرێت له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه ؟ ئایا ناوه‌نده حكومیه‌كان چاودێری ئه‌و دۆخه ده‌كه‌ن ؟ كاتێك مرۆڤێكی نه‌دار به‌هۆی نه‌بوونی نه‌توانێت ڕوو له نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت بكات كه پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی داوا ده‌كه‌ن ناچاره ڕوو له نه‌خۆشخانه‌ی گشتی و حكومی بكات . ئه‌ی باشه ئه‌گه‌ر له‌وێش ئه‌وه‌نده ده‌رفه‌ت و خزمه‌تگوزاری نه‌بێت كه چاك بێته‌وه ده‌بێ چی بكات ؟ جگه له قبووڵكردنی مه‌رگ.
ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی خۆمان بایه‌خ به كه‌رتی گشتی ته‌ندروستی و نه‌خۆشخانه حكوومیه‌كان نه‌درێت . هیچ گومانتان نه‌بێ كه ژماره‌ی نه‌خۆشه‌كانمان زیاتر ده‌بێ و به‌تایبه‌ت له‌ناو ژنان و منداڵاندا. ئه‌مه‌ش به‌واتای ئه‌وه دێت كه داهاتووی كوردستانه‌كه‌مان ده‌خه‌ینه مه‌ترسیه‌وه.
ناڵێم هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌كی ته‌ندروستی به‌خۆرایی بێت بۆ هه‌موو كه‌س و هه‌موو نه‌خۆشێك . چونكه به‌باشی ئه‌وه تێده‌گه‌م كه كه‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ست رۆَیشتوو له رێگای واسیته و خزم خزمانێ زۆرترین سوود وه‌رده‌گرن له‌كه‌رتی ته‌ندروستی و ئه‌مه‌ش خه‌رجێكی زۆر ده‌خاته سه‌ر حكومه‌ت ، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه ئه‌و كه‌سانه توانای چاره‌سه‌ركردنی خۆیان هه‌یه له نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت . به‌ڵام پرسیاری من ئه‌وه‌یه ئایا ناكرێ میكانیزمێكی وا دابنرێت كه داراونه‌داره‌كان له‌یه‌ك جیا بكرێنه‌وه له روانگه‌ی رێژه‌ی داهاته‌وه.مه‌گه‌ر وڵاتی به‌ریتانیا كه‌خۆی له داهێنه‌رانی سیسته‌می بازاری ئازاده به‌شی ته‌ندرووستیه گشتیه‌كه‌ی چۆنه ؟ بۆ وایه؟ ده‌با ئێمه‌ش لاسایی ئه‌وان بكه‌ینه‌وه . به‌كورتی ئه‌وه‌نده‌ی من هه‌ستم پێكردووه بایه‌خ نه‌دان به نه‌خۆشخانه گشتیه‌كان زیان و خه‌ساره‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر زیاتره له سوود و خێری و كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری زیاتر توشی ناته‌بایی و جیاوازی دارا و نه‌دار ده‌كاته‌وه.
نوسینی / مام خدر