ئەگەر بەراوردێک لە نێوان هەردوو کەرتی تەندرووستی و سیستەمی هاتووچۆدا بکەین، دەبینین یاساکانی هاتووچۆ بە پاساوی پاراستنی سەلامەتیی مرۆڤ، سزایەکی قورسی سەرپێچیکاران دەدەن. بەڵام ئەوە ڕوونە کە کەرتی تەندرووستی و کەرتی سەلامەتیی شۆفێر و سەرنشینان، لە بنەڕەتدا هەردوولا ئامانجیان قازانج و کەڵەکەکردنی پارەیە نەک تەندرووستی و سەلامەتیی هاوڵاتییان. چونکە ئەگەر سیستەمی حوکمڕان هێندە پەرۆشی گیانی هاوڵاتیانە، ئەوا ئەولەوییەت ئەوەیە چارەسەری هەموو ئەو کەسانە بکات، کە تووشی نەخۆشی بوون و بێ چارە و دەرمانن، نەک ئەوەی پارەی نەبەستنی قایشی سەلامەتی و تیژڕەوی وەرگرێت. لەبەرئەوەی یەکەمیان مەترسی لەسەر ژیانی درووستبووە و چاوەڕێی خزمەتگوزاریی تەندرووستییە، ئەوەی دووەمیان هێشتا ئیحتیمالی تووشبوونی بە ڕووداوی هاتووچۆ لە سەدا پەنجایە.
لەم ڕۆژانەی پێشوودا دکتۆرێکی ئافرەت بەناوی (هەڤین کەمال)، بابەتێکی سەرنجڕاکێشی لەسەر خزمەتگوزاریی تەندرووستی بڵاوکردەوە، بابەتەکە بۆ ئینسانی عەدالەتخواز و بەویژدان پێش ئەوەی پرسێکی ئەخلاقی بێت، پرسێکی سیاسی و ئایدۆلۆژییە، چونکە لە بنەڕەتدا سیستەمی تەندرووستی یەکێکە لە هەرە کەرتە هەستیارەکان، کە چیتر لە سایەی سیستەمی نیولیبڕاڵیزمدا لە کەرتێکی گشتی و خۆڕاییەوە بۆتە کەرتێکی تایبەت و تەنها پارەدارەکان دەتوانن تەندرووستیی خۆیانی پێ دابین بکەن. بەڵام بابەتەکەی ئەو دکتۆرە لەوەش گرنگترە کە ئێمە نەک سیستەمێکی تەندرووستیی سۆشیاڵمان نییە، بەڵکو باس لەو هەموو نەنگی و بێویژدانییە دەکات کە جیهانی پزیشکانی گرتۆتەوە، بەشێوەیەک هەمووان ئەمڕۆ درک بەو بێ مۆڕاڵی و بێویژدانییە دەکەن کە زۆربەی پزیشکانی گرتۆتەوە، چونکە لەبری کێبڕکێی زانستی و توێژینەوە و دۆزینەوەی چارەسەریی نەخۆشی، ئەمڕۆ کێبڕکێی پزیشکان کێبڕکێیەکی بازرگانییە و شەڕەکە لەسەر ئەوەیە، کێ نۆرینگە و دەرمانخانە و تاقیگەی خۆیی هەبێت.
پێمخۆشە وەک دەردەدڵێکیش بێت، ئەزموونێکی خۆم و نموونەیەکی زیندوو لەسەر ئەم بابەتە بهێنمەوە. جارێکیان لەگەڵ کەسێکی نزیکی خۆم سەردانی پزیشکێکمان کرد چەند پشکنینێکی بۆ نووسین، بەڵام ئەنجامەکەی کەوتە ڕۆژی دواتر، کاتێک نەخۆشەکەمان ئەنجامی پشکنینەکانی ڕۆژی پێشووتری بردەوە، پزیشکەکە هەمان پشکنینی دوێنێی بۆ نووسیبووەوە کە بیکات، بەڵام کاتێک بە تاقیگەکەمان وت، تەلەفونی بۆ پزیشکەکە کرد، پێی وتبوو نەمزانیوە و ئەنجامەکانم نەدیوە. لێرە پرسیارێکی ئەخلاقیی تر سەرهەڵدەدات، کاتێک زۆرینەی نەوەی پێشووی ئێمە نەخوێنەوارە، دەبێت ڕۆژانە چەندینجار پشکنین و سۆنار و دەرمانی دووبارەمان بۆ بنووسن. بە مەرجێک ئەو پزیشکە یەکێکە لە پزیشکە دیارەکانی سلێمانی و نەخۆشخانەی تایبەت بە خۆی هەیە و سەیری هیچ پشکنینێک ناکات ئەگەر لە تاقیگەکەی خۆی نەکرابێت. بەڵام ئەوەی ئێمە هەر لای خۆشی کرابوو کەچی پێی دووبارە دەکردینەوە.
* دواجار دەبێت هەمووان ئەوە بزانین، سەرباری بەرزنرخاندنی هەڵوێست و هەوڵە تاکەکەسییەکان، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستەمی تەندرووستی و سەلامەتی بە هەوڵی تاکەکەسی ناکرێت و پێویستی بە پرەنسیپ و ئایدیای سۆسیالیستی و هاوپشتییە، کە ببێتە سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی پیادەکراو.