لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت و پرۆژە لە بارەی کەرکوکەوە پێشنیار کران. ڕاپۆرتی گروپەکەی بەیکەر – هاملتن لە دیسەمبەری ٢٠٠٦، هەرچەندە تایبەت بوو بە بارودۆخی گشتیی عێڕاق و گەڕان بەدوای دەرچەیەکدا بۆ شکستی سەربازی و سیاسی ئەمریکا لەو وڵاتە، بەڵام ئاماژەی بە کێشەی کەرکوکیش وەک فاکتەرێکی گرنگ کرد بوو لەو چوارچێوەیەدا.
ئەم ڕاپۆرتە دەقا و دەق بۆچوونەکانی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکانی دووبارە کردبووەوە، کە لە ١٨ تەمموزی ٢٠٠٦ دا سەبارەت بە کەرکوک بڵاوی کردبووەوە. یونامیش دوای سێ ساڵ لە نیسانی ٢٠٠٩ هەمان بووچوونی دووبارە کردەوە، واتا هەموو ئەم پڕۆژە و ڕاپۆرتە بێ ئەنجامانە لە یەک سەرچاوەوە ئاویان دەخواردەوە.
خاڵێکی سەرەکیش کە هەموویان لەسەری کۆک بوون ئەوە بوو کە لە دژی داخوازییەکانی کوردن و بەئاشکرا لایەنگیرییان لەوانی تر کردووە. لە نێوان ئەم پرۆژانەدا باسی مۆدێلی برۆکسلیش بۆ کەرکوک کرا، کە لە هیچ شتێکدا لە یەک ناچن و تەنها خوایان یەکە. ئەم پرۆژانە وەک چاوەڕوان دەکرا هیچ ئەنجامێكیان نەبوو، بەڵام وەک بەڵگە و هەوڵ لەبەر دەستن و هەر کاتێک پرۆسەیەکی جددی دەرەکی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، گومان لەوەدا نیە کە پەنایان بۆ دەبرێتەوە.
بە دوور و درێژی باسی هەمو ئەم پرۆژە و مۆدێلانەم لەو کتێبەدا کردووە کە پێشتر ئاماژەم پێ کرد. لە گەڵ ئەوەشدا با بزانین بۆچی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بەو شێوەیە کار دەکات. راپۆرتەکەی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان لە ١٨ی تەمموزی ٢٠٠٦دا لە ژێر ناونیشانی ” عێراق و کورد ئاماژە سەرەتاییەکانی شەڕێک کە خەریکە لەسەر کەرکوک هەڵدەگیرسێ” بڵاوکرایەوە.
ئەرکی سەرەکی ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە ئەوەیە بیروڕای گشتی لە ڕۆژئاوا و دونیا بۆ ئەوە ئامادە بکەن کە چارەنووسی کەرکوک لە دژی خواستەکانی کورد بڕیاری لەسەر بدرێت. بڕیارێکی لەو جۆرە لە کاتێکدا کورد پێگەیەکی پەیدا کردبوو و ڕۆڵێکی ئەرێنی لە عێراق و لە دژی گروپە توندڕەوەکان دەبینی، کارێکی ئاسان نەبوو و ئامادەکاری زۆری پێویست بوو.
بۆیە دەبینین هاودەنگییەکی سەرنجڕاکێش لەنێوان ناوەندە گرنكەكانی لێكۆڵینەوە، رۆژنامە و گۆڤارە دیارەكانی ڕۆژئاوادا سەبارەت بە دۆزی كەركوك هەیە، کە بەگشتی دژ بە خواستەكانی كوردن. دەوڵەتان نایانەوێت ڕاستەوخۆ ئەو دیدانە دەرببڕن، بۆیە هەوڵدەدەن لە ڕێگەی “میدیای ئازاد” و ڕێکخراوی “سەربەخۆی ناحکومی” ییەوە ئەو بیر و بۆچوونانە دەرخواردی خەڵک بدەن.
دەتوانم بڵێم چالاکترین ڕێکخراوی لەم جۆرە لە بواری دۆزی کەرکوکدا گروپی قەیرانە نیودەوڵەتییەکانە، کە تا ئێستایش هەر خەریکە و ڕووداوەکانی ١٦ ئوکتۆبەری ٢٠١٧ ی بە “دەرفەتێکی باش دەزانێت بۆ دەسپێکردنەوەی گفتوگۆ لەبارەی ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە”. ئەو دەزانێت کورد ئێستا لاوازە و لایەنەکان دەتوانن ئەو چارەسەرییەی بەسەردا بسەپێنن کە ئەو بانگەشەی بۆ کردووە کە لەبەرژەوەندی ئەوانی تردایە و زیان بە کورد دەگەیەنێت.
گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان خۆی وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ناحکومی قازانج نەویست دەناسێنێت و هەوڵی ئەوە دەدات ڕێگە لە شەڕ و پێکدادان بگرێت و پشتیوانی لەو سیاسەتانە دەکات کە دەبنە هۆی ئاشتی لە جیهاندا. لە ڕێگەی بڵاوکراوەی مانگانەوە پێشوەخت خەڵک لە کێشەکان ئاگادار دەکاتەوە. گروپەکە کارەکانی لە ڕێگەی لێکۆڵێنەوەی مەیدانی و پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ڕاسپاردەوە جێبەجێ دەکات.
ڕێکخراوەکە لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە و بەیەکێ لە سەرچاوە هەرە گرنگەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە جیهانییەکان، پێشکەشکردنی ڕاوێژ بە دەوڵەتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتوەکان، یەکێتی ئەوروپا و بانکی نێودەوڵەتی، دادەنرێت. دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ڕێکخراوە خێرخوازەکان، دەوڵەمەندانی ڕۆژئاوا و دامەزراوەی تایبەت یارمەتی دارایی پێشکەش بەم گروپە دەکەن. گەورەترین سپۆنسەرکانی ڕێکخراوەکە دوو ملیاردێری ناسراوی جیهانن کە ناتل سیمۆڤیچی کرواتی و جۆرج سۆرۆسی جووە.
لە ساڵی ٢٠١٨ دا سەرچاوەی دارایی ڕێکخراوەکە ٤٥٪ ی لە دەوڵەتانەوە بووە و ٢٣٪ ی لە دامەزراوەکان و ٢٧٪ ی لە کەرتی تایبەت و ئەوەی تریش لە ڕێکخراوی خێرخواز و وەبەرهێنانەوە هاتبوو. بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوەکە بریتین لە کۆنە کاربەدەستانی گەورەی وڵاتانی ڕۆژئاوا. پاشخانی ڕێکخراوەکە و ئەوانەی یارمەتی دارایی پێشکەش دەکەن، دەتوانن شێواز و میتۆدی کارکردنیمان بۆ ڕوون بکەنەوە.
ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی تەمەنیان لە ئۆفیسەکانی حکومەتە ڕۆژئاواییەکان بەسەر بردووە و پۆست و پێگەی گرنگیان هەبووە، باش دەزانن بەرژەوەندی دەوڵەتان و ئەو ناوەندانەی پارەیان پێ دەبەخشن لە چیدایە. ئەم بۆچوونە نابێ وا لێكبدرێتەوە، کە ئەو ڕێکخراوانە دێن و کارەکانیان ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا لە بەرژەوەندی ئەو دەوڵەت و ناوەندانە دەکەن، بەڵام کەسیش باوەڕ ناکات و ڕێی تێناچێت ئەمانە بێن و لە دژی بەرژەوەندی ئەوانەی یارمەتی داراییان پێشکەش دەکەن کار بکەن.
ئەوان باش دەزانن کام ڕاوێژ و ڕاسپاردە مایەی ڕەزامەندییە و کامیان ڕەت دەکرێتەوە. ئەوەیش دەزانن کام لایەن بەهێزە و دەتوانێ خواستەکانی خۆی بسەپێنێ و کێشەی گەورە دروست بکات و کارەکەیان لێ تێک بدات، کام لایەنیش لاواز و بێ پشت و پەنایە و دەکرێت هەموو داخوازییەکانی یان بەشێکی پشتگوێ بخرێن. لەبەر ڕۆشنایی ئەم لێکدانەوەیە دەتوانین لەوە تێبگەین بۆ ئەم ڕاپۆرتانە لایەنگری لە هەموو لایەنەکان دەکەن، کورد نەبێ.
ئەوان زۆر باش لەوە تێگەیشتوون کە لەسەر ئاستی هەرێمی دەوڵەتانی ناوچەکە هەموو لە دژی خواستەکانی کوردن. لە نێوخۆی عێراقیش لایەنە سیاسییەکان لەدژی ئەوەن کورد پێگەی گرنگی هەبێ و لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم باڵادەست بێ. خۆخۆری و ململانێ و یارییە بچووکەکانی بەرپرسانی کوردیش زۆر لە ئێمە باشتر دەزانن، چونکە ئەوەی لە لای ئەوان باسی دەکەن بۆ خۆمانە باسی لیوە ناکەن.
لەسەر ئەو بنەمایانە ئامادەکارانی ئەو ڕاپۆرتانە پرسەکانیان بەشێوەیەک خستووەتە ڕوو کە مایەی پەسەندکردنی دەوڵەتە هەرێمییەکان و لایەنە عێراقییەکان بن و گوێیان بە داخوازییەکانی کورد نەداوە. لە هەمان کاتدا داوا لە بەرپرسانی کورد کراوە نەرمی بنوێنن و لە پێناوی ئاشتی و سەقامگیریدا قوربانی گران بدەن و دەست لە بەشێک لە داخوازییەکانیان هەڵبگرن.
ئەوان دەزانن ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ئەوەندە کارتیان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر کورد و ناچاریان بکەن بەو پرۆژانە قایل بن. ئەگەر کورد بەتەنیا دژی ئەو پرۆژانەیش ڕاوەستێت، ئەوا شتێکی ئەوتۆی پێ ناکرێ و دەکرێت بەئاسانی زیانی گەورەی پێ بگەیەنن. گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە بارودۆخی ئاڵۆز و ترسناكی کەرکوک کردووە، لایەنەكانی ململانێکە و خواستەکانیانی خستووەتە ڕوو و داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە خۆی لە بەرپرسیارێتی نەدزێتەوە.
ئەوە ئەم بوو داوای دواخستنی ڕاپرسی لەسەر دواڕۆژی كەركوك کرد و بە هۆکاری تەقینەوەی بارودۆخەکەی لە قەڵەم دا. لەمەدا ڕاپۆرتەکەی بەیکەر – هاملتن ڕێک بۆچوونەکانی ئەمانی وەرگرتووە. ڕاپۆرتی قەیرانە نیودەوڵەتییەکان داوا دەكات كەركوك بكرێت بە هەرێمێكی فیدیڕاڵی سەربەخۆ و پێی وایە کە نابێت بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان.
پێشنیاری ئەوەیش دەکات هەر چوار پێکهاتەکەی کەرکوک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە كەركوك رێك بكەون. چەند ساڵێكە ئەو گروپە ئەو جۆرە چارەسەرییە پێشنیار دەكا و كۆر و كۆنفرانسی بۆ دەبەستێ و بیروڕای رۆژئاوای بۆ ئامادە دەكات. گروپی قەیرانە نیودەوڵەتییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ بانگەشە بۆ ئەم چارەسەرییە دەکات، تورکیایش زۆر جار پێداگری لەسەر هەمان شت دەکات. لە کۆتاییدا کۆمەڵێ ڕاسپاردەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتانی هەرێمی، عێراق و کوردستان پێشکەش کردووە.
یەکێ لە دیاردە عەنتیکەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەستنی چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی بێ ئەنجام بوو لە وڵاتانی دەوروبەر، ئەوروپا و ئەمریکا بۆ “نوێنەرانی پێکهاتەکان؟!”، کە ڕۆژانە لە ئەنجومەنی پارێزگا پێکەوە خەریکی کەین و بەین و پارە پەیدا کردنن. ئەو جۆرە کۆنفرانسانە پڕن لە دووڕوویی و گوایە پێکهاتەکان هیچ کێشەیان نیە و هەموو وەک برا پێکەوە دەژین!!.
هەڵبەتە ڕێکخەرانی ئەو جۆر کۆنفرانسانە گاڵتەیان بەو قسانەدا دێ چونکە ئەوان لەو سەری مەسەلەکانەوە دێنەوە، بەڵام قەت هیچ دەرناخەن و هەر سەریان بۆ دەلەقێنن. ئەوان بۆ خۆیان لەم ڕێگەوە کار و سپۆنسەریان پەیدا کردووە کە پارەی باشیان دەدەنێ بۆ ئەم جۆرە کارانە. لە دوورەوە خەڵکی داماو زۆر دڵخۆش دەبن بەم جۆرە کۆبوونەوانە و لێکدانەوەی جۆرا و جۆریان بۆ دەکەن و بە نیشانەی ئەوەی دادەنێن کە دونیا خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکەیانە. ئەوان نازانن هەموو ڕۆژی دەیان و بگرە سەدان کۆنفرانسی لەم جۆرە لە هۆڵە داخراوەکانی ئەو وڵاتانە دەبەسترێن و هیچ ئەنجماێکیش نادەن بەدەستەوە.
لە یەک حاڵەتدا ئەو کارانە بەرهەمێکیان دەبێت، ئەگەر نوێنەرانی ڕاستەقینەی لایەن و پێكهاتەکان بۆ خۆیان باوەڕیان بە ڕێککەوتن و پێکەوە ژیان هەبێ و خاوەن بڕیاریش بن نەک پیاوی ئەم بەرپرسە و ئەو دەڵەتە بن و کۆیلەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و حیزبەکانیان نەبن. لەم حاڵەتەشدا هیچ پێویست ناکات بچن بۆ ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵکو دەتوانن لە قەرەهەنجیر و تازەخورماتووش کۆببنەوە و ڕێکبکەون.
بۆیە نابێ خەڵکی کەرکوک بە تایبەتی کوردەکەی باوەڕیان بەوە هەبێت، کە خەڵکێکی تر لە دەرەوەی عێراق یا تەنانەت لە دەرەوەی کەرکوکەوە دێن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەن. دەبێت بۆ خۆیان لە گەڵ نوێنەرانی ڕاستەقینەی پێکهاتەکاندا هەوڵ بدەن یەکدەنگییەک دروست بکەن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
هەڵبەتە ئەمە کارێکی ئاسان نیە و پێویستی بە بین درێژی و کارکردنی زۆر هەیە و بۆ ئەمە دەبێت لە کەرکوک کۆڕ و کۆبوونەوە بکرێت، نەک لە بەڕلین و عەممان و ژنێف…هتد.
دکتۆر جەبار قادر
نوسەر
دکتۆرا لە مێژووی کورد