له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه كه‌رتی وه‌به‌رهێنانی خانووبه‌ره له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و هه‌ولێر به‌تایبه‌تی یه‌كێك بووه له كه‌رته پڕ قازانجه‌كان و خاڵێكی سه‌رنجڕاكێش بووه له‌سه‌ر ئاستی ته‌واوی عێراق و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دراوسی..
له‌نێوان ساڵه‌كانی (2013-2003) كه‌رتی خانووبه‌ره له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ڕووی له بوژانه‌وه و گه‌شه‌سه‌ندن بووه و به‌ڕاده‌یه‌ك به‌رزبوونه‌وه‌ی له نرخی خانووبه‌ره له كوردستان هاته‌كایه‌وه كێبه‌ركی وڵاتانی ئه‌وروپی ده‌كرد له‌ڕووی نرخه‌وه و به‌شێك له شێكه‌ره‌وانی ئابووری ئه‌م حاڵه‌ته‌یان به بڵقی خانووبه‌ره پێناسه ده‌كرد، واته نرخی واقیعی بازار نییه و نائاسایه..
به‌ڵام له‌نێوان ساڵه‌كانی (2018-2014) كه‌رتی خانووبه‌ره ڕووی له پاشه‌كشه‌كرد و نرخه‌كان دابه‌زین و پرۆژه‌كان ڕووبه‌ڕووی وه‌ستان بوویه‌وه، به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی جیاوازى وه‌ك هێرشى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و هتد..
له‌نێوان ساڵه‌كانی (2018-2019) كه‌رته ئابوورییه‌كان به‌هۆی ئاسایبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و كه‌مبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی داعش و گۆڕانی نرخی نه‌وت قۆناغ به قۆناغ جوڵه له‌كه‌رتی خانووبه‌ره دروستبوویه‌وه.
چاوه‌ڕوانییه‌كانی بۆ ساڵی 2020 جیاواز بوو، به‌هۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت و ده‌ستپیكردنی پرۆسه‌ی چاكسازی، به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له جیهان و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و گۆڕانكاریه سیاسی و ئه‌منیه‌كانی عێراق بوونه‌وه مه‌ترسی به‌رده‌م ته‌واوی سیكته‌ره ئابوورییه‌كان و به‌تایبه‌ت كه‌رتی خانووبه‌ره له كوردستان.
له ناوه‌ڕاستی 2020ه‌وه به‌هۆی هاتنه‌كایه‌ی كه‌شوهه‌وای خۆگونجاندن له‌گه‌ل بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و ده‌ستپێكردنی چاكسازی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جوڵه له‌كه‌رتی خانووبه‌ره له كوردستان به گشتی و هه‌ولێر به‌تایبه‌تی ده‌ستیپیكرده‌وه.
به‌چاوخشاندنێك له شاری هه‌ولێر به‌ئاسانی هه‌ست به ده‌ستپیكردنی چه‌ندین پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌كرێت، كه به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (ئینستیوتی ئابووری به‌ژماره) له ئێستادا زیاتر له 20 پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌ستیان به‌كاركردن كردووه كه به‌شی زۆرینه‌یان له‌بواری دروستكردنی شوقه‌یه و پیشبینی ده‌كرێت تا كۆتایی ساڵ ژماره‌ی پرۆژه‌كان بگاته زیاتر له 30 پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون.
مه‌ترسیه‌كانى قه‌یرانی دارایی و به‌هاى نه‌وت و كۆرۆنا به‌رده‌وامن، ئه‌ى هۆكاری زۆربوونی پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون چییه؟
ده‌توانین بڵین هه‌ریه‌ك له‌م هۆكارانه ڕوڵى له‌زیادبوونى پرۆژه‌كان هه‌بووه:
•بڕیارێكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كه ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ى تێدایه كه هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێك مۆڵه‌تی پرۆژه‌ی وه‌رگرتووه و له‌ماوه‌ی دیاریكراو ده‌ست به پرۆژه‌كانی نه‌كات زه‌ویی لی وه‌رده‌گیرێته‌وه.
•ئاسانكاری و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مۆڵه‌تپیدانی نوێ بۆ پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان.
•زۆربوونی خواستی بازار بۆ پرۆژه و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونی نوێ.
•وه‌به‌رهێنه‌رانی كه‌رتی خانووبه‌ره و پیویستیان به سیویله‌ی زیاتر هه‌یه بۆ به‌گه‌رخستنی پرۆژه‌كانیان.
زۆربوونی پرۆژه‌كان نرخه‌كانى شووقه له بازار داده‌به‌زێنێت؟
به‌ڵی به‌دڵنیایه‌وه ڕووداوه‌كانی ڕابردوو و هه‌روه‌ها زۆربوونی پرۆژه‌كان كاریگه‌ری له سه‌ر نرخى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون هه‌بووه، جگه له‌وه بووه‌ته‌هۆى زیادبوونى شوقه له زۆنى جیاواز به نرخى جیاواز.
لایه‌نه ئه‌رینیه‌كانى زیادبوونى پرۆژه‌كان:
دروستبوونی جوڵه‌ی زیاتر له‌بازاری خانووبه‌ره.
هاتنى سیویله‌یه‌كی زۆر له ماڵه‌كانه‌وه بۆ بازار.
زیادكردنی قیسته‌كانی كڕینی یه‌كه‌كانى نیشه‌جێبوون.
زیادبوونی پرۆژه‌ی جیاواز له زۆنی جیاواز له هه‌ولێر.
دروستبوونی كێبه‌ركی له پرۆژه‌كان له ڕووی نرخ و جۆرى جیاواز.
زۆربوونی پرۆژه‌كان و لایه‌نه نه‌رینیه‌كان:
له‌هه‌ندێك شوێن خستنه‌ڕوو له خواستى بازار زیاتره.
گۆڕانكاریه‌كان له‌نرخ سنورداره به‌تایبه‌ت له زۆنى زێڕین.
پرۆژه‌كان له ئاستی هاوڵاتیانی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت نییه.
زۆرێنه‌ی پرۆژه‌كان له‌یه‌ك زۆنی دیاریكراو كۆبووه‌ته‌وه.
گۆرانكاریى له‌زیادكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان دروست نه‌بووه.
پیویسته چی بكرێت؟
•به‌ئامانجی به‌رپاكردنی شه‌فافیه‌ت و پاراستنی مافی هاوڵاتی و دروستبوونی جوڵه‌ی زیاتر له كه‌رتی خانووبه‌ره‌ی كوردستان ئه‌م چه‌ند هه‌نگاوه ئه‌نجام بدرێت:
•ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ڕاپۆرتی وه‌رزی و ساڵانه له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى كه‌رتى خانووبه‌ره له‌ڕووی سه‌رمایه و جۆری پرۆژه‌ی و ماوه‌ی پرۆژه‌كان بخاته‌ڕوو.
•بۆ نه‌هێشتنى فه‌وزاى پێدانى مۆڵه‌ت له‌نێوان وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان زۆر گرنگه “دامه‌زراوه‌ى نیشته‌جێبوون” له كوردستان دابمه‌زرێت بۆ زانینى خواستى هاوڵاتیان و ئاستى خستنه‌ڕوو.
•كاتى ئه‌وه‌یه سه‌ندیكایه‌كی تایبه‌ت به كه‌رتی خانووبه‌ره له كوردستان دروستبكرێت به‌ئامانجى یه‌كخستنى تواناى كۆمپانیاكانى خانووبه‌ره و ڕێگریكردن له ماف خواردنى هاوڵاتیان.
•گرنگه حكومه‌ت داكۆكی له پرۆسه‌ی دابه‌زاندنی نرخه‌كان بكات و كێبه‌ركی زیاتر له‌نێوان خاوه‌ن پرۆژه‌كان بهێنیته كایه‌وه به ئامانجی دابه‌زاندنی نرخه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان.
•پیویسته له‌ئاستى پارێزگاكان پرۆسه‌ى ماركیتین له‌بوارى كه‌رتى خانووبه‌ره بخرێته بوارى جێبه‌جێكردن به‌ئامانجى دروستبوون و په‌ره‌پێدانى وه‌به‌رهێنانى ناوخۆیى و بیانى له‌كه‌رتى خانووبه‌ره‌ى كوردستان.
هه‌ڵسه‌نگاندنێكى خێراى ئینستیوتى ئابوورى به‌ژماره بۆ 24 پرۆژه‌ى نیشته‌جێبوون شوقه له هه‌ولێر:
1.تێكڕاى به‌هاى یه‌ك مه‌تر یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون(شوقه) له هه‌ولێر 900 دۆلاره، به‌رزترین نرخ 1,200 دۆلاره و كه‌مترین نرخ 500 دۆلاره.
2.له‌ڕیگه‌ى 24پرۆژه‌ى نیشته‌جێبوون (شووقه) زیاتر له 25 هه‌زار یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوو له هه‌ولێر دروستده‌كرێت.
3.زۆرترین پرۆژه‌ى نیشته‌جیبوون ده‌كه‌وێته پرۆژه‌ى ڕامى تاوه‌ر له‌ناوچه‌ى زێڕین، كه‌مترین ده‌كه‌وێته پرۆژه‌ى په‌رۆش توێن تاوه‌ر.
4.یه‌ك له سه‌ر چوارى پرۆژه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیاى “لالاڤ” جێبه‌جى ده‌كرێت و به‌ته‌واوكردنى پرۆژه‌كان كۆمپانیاكه ده‌بێته خاوه‌نى زۆرترین یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون ه.
5.قیست له‌ناو پرۆژه‌كان له 12 قیسته‌وه ده‌ستپیده‌كات تاوه‌كو 2 ساڵ و زۆرێنه‌ى پرۆژه‌كانى لالاڤ قیسته‌كانیان دور مه‌ودایه.
6.به‌رزترین تاوه‌ر له‌كۆى 24 پرۆژه‌ى نیشته‌جێبوون كه بڕیار وایه بێته بازار، پرۆژه‌ى سكاى تاوه‌رزه كه 40 نهۆمه، نزمترین تاوه‌ریش پرۆژه‌ى پاك لانده كه 11 نهۆمه.
7.له‌كۆى 24 پرۆژه، 16 پرۆژه‌ى ده‌كه‌وێته شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانى( 100 مه‌ترى، 120 مه‌ترى، 40 مه‌ترى) 8 پرۆژه دیكه‌ش ده‌كه‌وێته ڕیگا سه‌ره‌كییه‌كانى(كۆیه، بحركه، موسڵ، كه‌ركوك) هه‌روه‌ها گه‌ڕه‌كى وه‌زیران.
ئامادەکردنی بیلال سەعید