عه‌لی وه‌ردی كۆمه‌ڵناسه تاقانه‌و یاخیه‌كه‌ی عێراق، ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی سه‌دام حسێن بە‌خراپترین قۆناغی مێژوی عێراق ناوده‌بات‌و ده‌ڵێت “به‌م نزیكانه ئه‌نجامی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه ده‌بینن. له‌وانه‌یه له‌كاتی هه‌ڵكردنی گێژه‌ڵوكه‌كان به‌سه‌ر عێراقدا من له‌گه‌ڵتان نه‌بم، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش پێی گه‌یشتن قسه‌كانی منتان له‌بیربێت”.
كتێبی سه‌د ساڵ له‌گه‌ڵ عه‌لی وه‌ردی نوسینی محه‌مه‌د عیسا خاقانی‌و وه‌رگێڕانی فه‌یسه‌ڵ خه‌لیله، كتێبه‌كه (375) لاپه‌ڕه‌یه‌و له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای مه‌حمود زامداره‌و له‌چوار به‌ش پێكهاتوه، به‌ناونیشانه‌كانی: پۆرترێتی عه‌لی وه‌ردی، وه‌ردی وه‌ك ئه‌وه‌ی من ناسیومه، ئه‌و زانایانه‌ی كاریگه‌رییان به‌سه‌ر وه‌ردی هه‌بو، وه‌ردی‌و سیاسه‌ت.
نوسه‌ری ئه‌م كتێبە‌بۆ ماوه‌ی ده ساڵ هاوڕێیه‌كی نزیكی عه‌لی وه‌ردی بوه، سه‌رپه‌رشتیاری كۆڕه‌كانی خاقانی بوه، كه وه‌ردی یه‌كێك بوه له‌میوانه هه‌میشه‌ییه‌كانی، له‌م كتێبه‌دا زۆر به‌وردی باس له‌ژیان‌و به‌رهه‌م‌و بیروباوه‌ڕ‌و تێڕوانینه‌كانی وه‌ردی ده‌كات.
وه‌ردی: تاقانه‌و یاخی
عه‌لی وه‌ردی ناوی ته‌وای عه‌لی حسێن موحسین هاشم وه‌ردییه، له(23/10/1913) له‌دایكبوه. چیرۆكی هاتنه دنیای ئه‌م منداڵه چیرۆكێكی سه‌رنجڕاكێشه، چونكه باپیره‌ی وه‌ردی كه ناوی سه‌یید هاشم ئه‌بو وه‌رد بوه، له‌ساڵی (1831) له‌سه‌روه‌ختی بڵاوبونه‌وه‌ی تاعوندا هه‌مو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ده‌مرن ته‌نها خۆی نه‌بێت، دواتر خێزان دروستده‌كاته‌وه‌و كوڕێكی ده‌بێت به‌ناوی موحسین، ئه‌ویش ژن ده‌هێنێ‌و ته‌نها كوڕێكی ده‌بێ به‌ناوی حسێن، ئه‌ویش ژن ده‌هێنێ‌و چوار كوڕی ده‌بێ‌و سیانیان ده‌مرن‌و ته‌نها عه‌لی ده‌مێنێته‌وه. خێزانه‌كه نازناوی (وه‌رد)یان به‌كارهێناوه، چونكه پیشه‌ی هاشم‌و هه‌ندێك له‌كوڕه‌كانی گوشین‌و دڵۆپاندنی گوڵ بوه. ته‌نها عه‌لی پاشگری (ی) زیادكردوه‌و كردویه‌تی بە‌وه‌ردی.
وه‌ردی له‌ته‌مه‌نی پێنج ساڵیدا له‌مزگه‌وتێكی نزیك ماڵی خۆیان ده‌خرێته حوجره. دوای وازهێنان له‌حوجره ده‌چێته قوتابخانه، به‌ڵام به‌هۆی خراپی باری ئابوری خێزانه‌كه‌ی واز له‌خوێندن ده‌هێنێ. له‌باره‌ی ژیانی منداڵیه‌وه، وه‌ردی باس له‌وه‌ده‌كات باوكی زۆر توندبوه له‌گه‌ڵیدا، ویستویه‌تی له‌دوكانی عه‌تارییه‌كه‌یدا هاوكاری بكات‌و بژێوی خێزانه‌كه‌ی په‌یدابكات، به‌ڵام عه‌لی لاسار بوه‌و به‌گوێی نه‌كردوه‌و ئاره‌زوی دوكانداری نه‌كردوه.
دوای ماوه‌یه‌ك، عه‌لی وه‌ردی ده‌چێته دوكانی عه‌تاری ئامۆزایه‌كی باوكی‌و مانگی بە‌پێنج روپیه ده‌بێته شاگرد. به‌ڵام له‌و كاته‌دا هێنده هۆگری كتێب ده‌بێت، رۆژانه له‌گه‌ڵ خۆیدا كتێب ده‌باته دوكانه‌و به‌دزییه‌وه ده‌یخوێنیته‌وه. به‌جۆرێك ئاوێته‌ی خوێندنه‌وه ده‌بێت، كاتێك كڕیارێك ده‌چێته دوكانه‌كه‌ی پێیده‌ڵێت “هیچمان نییه بۆ فرۆشتن”.
كه‌مبونه‌وه‌ی كڕیاره‌كانی دوكانه‌كه ده‌بێته قسه‌وباس‌و ده‌گاته‌وه باوكی‌و خزمه‌كه‌ی، ئه‌وانیش سه‌رزه‌نشتی ده‌كه‌ن‌و پێی ده‌ڵێن خوێندنه‌وه نانی نادات‌و تێری ناكات، كه‌چی ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌وهۆیه‌وه له‌كاره‌كه‌ی ده‌رده‌كرێت. به‌ڵام وه‌ردی به‌و ده‌ركردنه ئاسوده ده‌بێت‌و ده‌ڵێت “دوای پێنج ساڵ هه‌ناسه‌ی ئاسوده‌ییم هه‌ڵمژی”.
یه‌كه‌مه‌كه‌ی عێراق
دوای وازهێنان له‌دوكانه‌كه، وه‌ردی به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس بە‌باوكی بكات ده‌چێته قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ئێواران‌و ناوی خۆی تۆمارده‌كات. باوكی پێیده‌ڵێت پاره‌ی مه‌سروفی قوتابخانه‌م نییه، به‌ڵام وه‌ردی ده‌ڵێت ” به‌پاره‌ی شاگردانه‌كه‌ی خۆم ده‌خوێنم”.
له‌ساڵی (1931) وه‌ردی ده‌ست به‌ده‌وامی قوتابخانه ده‌كات، جگه‌له هه‌ژاری خێزانه‌كه‌ی، لاوازبونی چاوێكی ده‌بێته گرفتێكی دیكه، به‌ڵام هیچ كام له‌و كێشانه له‌سه‌ركه‌وتن نایوه‌ستێنن.
له‌قۆناغی ناوه‌ندیدا وه‌ردی به‌ره‌نگاری كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌وه‌و جلی “ئه‌فه‌ندی” ده‌پۆشێت، بۆ خۆدورگرتن له‌تانه‌ی خه‌ڵكی، كۆڵان‌و رێگه‌ته‌نگه‌به‌ره‌كانی كازمیه ده‌گرێته‌به‌ر، چونكه به‌لای هه‌ندێك له‌خه‌ڵكیه‌وه پۆشینی ئه‌و جله “فرۆشتنی دین بوو بۆ دونیا”.
له‌ساڵی (1935) له‌تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆریادا، وه‌ردی له‌سه‌ر ئاستی هه‌مو شانیشنی عێراق عێراق یه‌كه‌م ده‌بێت. بۆیه به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌ی داوا له‌وه‌زاره‌تی مه‌عاریف ده‌كات موچه‌یه‌كی بۆ ببڕنه‌وه، وه‌زاره‌تیش مانگانه دینار‌و نیوێكی بۆ ده‌بڕێته‌وه، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك “به‌هۆی مه‌حسوبیه‌ت‌و خزمایه‌تی” پاره‌كه‌ی لێ ده‌بڕن‌و ده‌یده‌نه خوێندكارێكی دیكه، وه‌ردی ده‌ڵێت “كه‌چی ئه‌و خوێندكاره خوێندنی ته‌واونه‌كرد”.
كه‌سایه‌تی زانستی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی
له(1937) وه‌ردی به‌ناونیشانی مامۆستا له‌قوتابخانه‌ی شه‌تره له‌به‌سره داده‌مه‌زرێ‌و ساڵێكی پڕ له‌چه‌رمه‌سه‌ری به‌ڕێده‌كات. ساڵی دواتر بە”هاوكاری كوڕانی گه‌ڕه‌ك” ده‌گوازرێته‌وه بۆ قوتابخانه‌ی شالجیه‌ی سه‌ره‌تایی.
له (1939) بۆ خوێندنی به‌كالۆریۆس ده‌چێته زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌به‌یروت. باوكی به‌و مه‌رجه رێگه‌ی پێده‌دات بڕوات كه گه‌ڕایه‌وه ده‌بێت یه‌كسه‌ر هاوسه‌رگیری بكات. له‌ماوه‌ی خوێندنی زانكۆدا وه‌ردی قوتابیه‌كی نایاب ده‌بێت، بۆیه ئێستا له‌سه‌ر سایتی زانكۆكه‌و له‌به‌شی عێراق ناوی وه‌ردی وه‌كو یه‌كێك له‌ده‌رچوه به‌ناوبانگه‌كانی زانكۆكه هه‌یه.
له (1943) وه‌ردی وه‌كو مامۆستای ئابوری له‌ئاماده‌یی مه‌ركه‌زی به‌غدا داده‌مه‌زرێ، ساڵی دواتر ده‌بێته مامۆستا له‌ناوه‌ندی بازرگانی. له‌وێ ناچارده‌كرێت وانه‌یه‌ك بڵێته‌وه به‌ناونیشانی (بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق)، له‌به‌رئه‌وه‌ی وانه‌كه مه‌نهه‌جی نابێت، وه‌ردی چه‌ندین رۆژو له‌شه‌و كتێبخانه‌كانی به‌غداو كازمیه ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كتێبێكی مه‌نهه‌جی بۆ وانه‌كه بنوسێت. ئه‌و ماده‌یه‌ش كه‌سایه‌تی زانستی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ردی دروستده‌كات.
هاوسه‌رگیرییه‌كی نه‌ریتی‌و دكتۆرایه‌كی نایاب
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌به‌یروت، دایكی ژنێكی بۆ ده‌ستنیشانكرد به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆچونی وه‌ردی وه‌ربگرێت یان به‌ر له‌زه‌واجه‌كه‌ی بیناسێ. به‌رهه‌می ئه‌و خێزانه‌ش سێ كوڕ‌و كچێكه به‌ناوه‌كانی: حه‌سان، جه‌عفه‌ر، فه‌یسه‌ڵ، سه‌نا. له‌باره‌ی ژیانی خێزانییه‌وه نوسه‌ر ده‌ڵێت: وه‌ردی زۆر هۆگری جه‌عفه‌ر بو، له‌خۆشه‌ویستی بۆ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵیش كوڕه‌كه‌ی ناونا فه‌یسه‌ڵ.
له(1945) بۆ وه‌رگرتنی ماسته‌ر، وه‌ردی روده‌كاته زانكۆی ئۆستن له‌ویلایه‌تی ته‌كساس له‌ئه‌مه‌ریكا. له(28/8/1948) ماسته‌ری به‌ده‌ستهێنا، له‌پاداشتی سه‌ركه‌وتنیدا زانكۆ ده‌رفه‌تی خوێندنی دكتۆرای پێده‌به‌خشێت‌و له(8/5/1950) تێزه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد كه له‌باره‌ی ئیبن خه‌لدونه‌وه بوو. حاكمی ویلایه‌تی ته‌كساس نیشانه‌ی لێهاتویی له‌سه‌ر ئاستی ویلایه‌ته‌كه‌ی به‌وه‌ردی به‌خشی. ئه‌و نیشانه‌یه‌ش ته‌نها به‌و توێژه‌رانه ده‌درێت كه داهێنانێكی زانستی دیار ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
وه‌ردی تاوه‌كو دكتۆراكه‌ی ته‌واوده‌كات ناگه‌ڕێته‌وه عێراق، دوای گه‌ڕانه‌وه‌شی زانكۆكه‌ی له‌نامه‌یه‌كدا بۆ وه‌زاره‌تی مه‌عاریفی عێراقی ده‌نوسن: تێزه‌كه‌ی وه‌ردی به‌قه‌د سێ تێزی تایبه‌تی دكتۆرایه، تێزه‌كه‌ی زێده‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵناسی.
پرۆفیسۆره ناوازه‌كه
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ئه‌مه‌ریكا، له(30/10/1950) به‌ناونیشانی مامۆستا له‌كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا داده‌مه‌زرێ‌و وانه‌ی ده‌رونناسی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێته‌وه. نوسه‌ر ده‌ڵێت: موحازه‌ره‌كانی وه‌ردی بونه بابه‌تێكی جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆ، قوتابیان له‌سه‌رجه‌م كۆلێژ‌و به‌شه‌كانی زانكۆ هه‌ڵپه‌یان بۆ ده‌كرد.
له ساڵی خوێندنی (1954/1955) به‌شی كۆمه‌ڵناسی راده‌گه‌یه‌نرێت‌و وه‌ردی به‌وه‌كاله‌ت ده‌بێته سه‌رۆكی به‌شه‌كه. له(9/2/1953) له‌به‌ر نوسینی هه‌ردو كتێبی (كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی‌و كاره نائاساییه‌كانی نه‌ست) نازناوی پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ری پێ ده‌به‌خشرێت‌و له(6/8/1962) نازناوی پرۆفیسۆری وه‌رده‌گرێت.
له (27/9/1970) زانكۆی به‌غدا نازناوی پرۆفیسۆری فه‌خری پێبه‌خشی، كه‌چی هه‌ر له‌و ساڵه‌دا خانه‌نشین كرا‌و نازناوه‌كه‌ی لێ وه‌رگیرایه‌وه. له(1989) كڕین‌و فرۆشتنی كتێبه‌كانی له‌بازاڕدا قه‌ده‌غه‌كرا. له(1988) سه‌فه‌ری بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات لێ قه‌ده‌غه‌كرا تاوه‌كو (1992)، به‌ڵام ئه‌وكات به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه توانای سه‌فه‌ری نه‌مابو، دوایین سه‌فه‌ری له(1995) بوو بۆ ئوردن، به‌ڵام نه‌خۆشیه‌كه‌ی “شێرپه‌نجه‌ی زراو” چاره‌سه‌ر نه‌كراو له(13/7/1995) له‌به‌غدا مرد.
له پرسه‌كه‌ی وه‌ردیدا هیچ به‌رپرسێكی باڵای عێراق به‌شدارنابێت، ته‌نها تاریق عه‌زیزو حامد یوسف حه‌مادی ده‌چن بۆ پرسه‌كه‌و دوای خوێندنی فاتیحه ده‌ڵێن “ئێمه به‌و سیفه‌ته هاتوین كه وه‌ردی له‌زانكۆ مامۆستامان بوە”. ساڵانێك دوای كۆچی دوایی وه‌ردی، حكومه‌ت ئه‌و گۆڕستانه‌ی وه‌ردی‌و چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه‌ی به‌ناوبانگی عێراقی تێدا نێژرا ده‌كاته هۆڵی ئاهه‌نگ.
هزری وه‌ردی
خاقانی ده‌ڵێت: وه‌ردی سه‌ره‌تا به‌مێژو كاریگه‌ر بوە دواتر بە‌كۆمه‌ڵگا، دانی به‌وه‌داناوه به‌ر له‌وه‌رگرتنی پسپۆڕی بە‌زاناو مێژونوسی عێراقی د.مسته‌فا جه‌واد، موجته‌هیدو فیقهناسی شیعه هه‌به‌تودینی شه‌هرستانی، موحسین ئه‌مین عامیلی ریفۆرمخوازی به‌بنه‌چه لوبنانی، مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م، نوسه‌ری میسری سه‌لامه مو‌سا كاریگه‌ر بوە.
له‌ڕوی فیكرییه‌وه بە‌ئیبن خه‌لدون، ولیام گراهام سیمنه‌ر، ئارنۆڵد تویبنی، دیل كارینگی، ولیام ئوگبێرن كاریگه‌ر بوه. له‌توێژینه‌وه سیاسیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی به: میكیاڤیللی، جۆن ستیوارت میل كاریگه‌ر بوه. له‌میتۆدی توێژینه‌وه‌دا به‌هه‌ریه‌كه له: تالكۆت پارسۆنز، ئه‌میل دۆركهایم، كارڵ مانهایم كاریگه‌ر بو.
نوسه‌ر ده‌ڵێت: وه‌ردی حه‌زی ده‌كرد كتێبه‌كانی بە‌هه‌رزانترین نرخ كتێبه‌كانی چاپ بكرێت‌و له‌نێو خه‌ڵك بڵاوبكرێته‌وه، به‌ڵام هه‌میشه رازی نه‌بو به‌بێ پێدانی ره‌زامه‌نده كتێبه‌كانی چاپ بكرێت‌و داواشی ده‌كرد مافی پێبدرێت. له‌ڕوی تایبه‌تمه‌ندیی كه‌سیه‌وه، ده‌ڵێت: وه‌ردی سیفه‌تی وابو حه‌زی نه‌ده‌كرد كه‌س قسه‌ی پێببڕێت، زۆربه‌ی داوه‌تنامه‌كانی قبوڵ نه‌ده‌كرد، حه‌زی له‌ته‌وقه‌كردن نه‌بو، له‌كاتی سڵاوكردندا رقی له‌ماچكردن بوو.
له‌باره‌ی ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی‌و مه‌زهه‌بی، نوسه‌ر ده‌ڵێت: وه‌ردی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی له‌سه‌روی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه دانه‌ناوه، رۆژێك له‌رۆژان بۆ نه‌ژادو مه‌زهه‌ب ده‌مارگیری نه‌بوە، به‌ڵكو ده‌مارگیری‌و به‌رگرییه‌كه‌ی هه‌موی بۆ زانست بوو، جا له‌هه‌ر شوێن‌و له‌لای هه‌ر كه‌سێك بوایه.
هه‌ژانه‌كه‌ی چوارده‌ی ته‌مموز
وه‌ردی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مموز بە”هه‌ژانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی” ناوده‌بات‌و ده‌ڵێت: ئه‌و روداوه زۆرێك له‌تێگه‌یشتن‌و تیۆری منی له‌باره‌ی ژیان‌و كۆمه‌ڵگا گۆڕیوه. به‌ر له‌و روداوه به‌دیدێكی دیاریكراو سه‌یری ژیان‌و كۆمه‌ڵگام ده‌كرد. دواتر ئه‌و روداوه پڕ هه‌راو زه‌نایه‌م بینی، دركم به‌وه‌كرد له‌تێڕوانینه كۆنه‌كه‌م بۆ سروشتی مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی‌و بۆ سروشتی كۆمه‌ڵگای عێراقی به‌تایبه‌تی هه‌ڵه بووم.
له‌باره‌ی سه‌ركرده‌كانی عێراق له‌ماوه‌ی پاشایه‌تیدا، وه‌ردی ده‌ڵێت: مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ ویستی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتو له‌عێراق دابمه‌زرێنێ. مه‌لیك غازی كه‌سێكی راڕاو كه‌سێتیه‌كی لاوازی هه‌بوو. عه‌بدولئیلاه‌و نوری سه‌عید هۆكاری كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی بون له‌عێراقدا، فه‌یسه‌ڵی دوه‌م هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی له‌م كه‌وتنه‌دا نه‌بوو. بە‌كۆتاییه تراژیدییه‌كه‌ی فه‌یسه‌ڵی دوه‌م زۆر نیگه‌ران بووم، ده‌بوو رێگه‌ی بدرایه له‌وڵات بڕوات، وه‌ك چۆن عه‌بدولناسر رێگه‌یدا پاشای میسری بڕوات.
وڵاتی هۆزو گوند
كاتێك باس دێته سه‌ر قۆناغی دوای ماوه‌ی پادشایه‌تی‌و راگه‌یاندنی كۆماری، وه‌ردی بۆچونی خۆی له‌باره‌ی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌وه ئاشكرا ده‌كات. له‌وه‌سفی عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا ده‌ڵێت: قاسم كاریزمای رێبه‌رایه‌تی هه‌بوو، به‌ڵام شاره‌زایی‌و توانای ده‌سه‌ڵاتداریی‌و كارگێڕی نه‌بوو، قاسم كاتێك شیوعیه‌كانی له‌خۆی نزیك كرده‌وه كه ده‌بوایه له‌ده‌سه‌ڵات دوریان بخاته‌وه، هه‌روه‌ها قه‌ومیه‌كانی دورخسته‌وه كه ده‌بوو نزیكیان بكاته‌وه. جێگه‌ی داخه بۆ من ئه‌م پیاوه نیشتیمانپه‌روه‌ره پاكه شاره‌زایی‌و توانای له‌به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سیاسی نه‌بوو.. رێبه‌رێكی میللیه، به‌ڵام بە‌كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ت سه‌رۆكی عێراق بێت.
ده‌رباره‌ی عه‌بدولسه‌لام عارف ده‌ڵێت: یه‌كه‌م كه‌س بو عێراقی له‌ڕوی تائیفیه‌وه دابه‌شكرد، جیاكردنه‌وه‌ی تایه‌فی ئه‌نجامداو ده‌رگای دۆزه‌خی به‌ڕوی عێراقدا كرده‌وه. به‌ڵام قۆناغی عه‌بدولره‌حمان عارف به‌جیاوازتر ده‌بینێ‌و ده‌ڵێت: ماوه‌ی نێوان (1966 -1968) جوانترین كات بو له‌ڕوی ئازادییه‌وه كه عێراق به‌خۆیه‌وه بینی، عه‌بدولره‌حمان ئازادییه‌كی به‌خشی له‌سه‌رده‌می براكه‌ی نه‌بوو. به‌و ئازادییه‌ی بە‌سیاسیه‌كانی به‌خشی، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر دانا. روداوێكی بێوێنه‌ی له‌مێژوی عێراق تۆماركرد كه سه‌رۆك دوای كوتاده‌كه نه‌كوژرا.
ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بە‌قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نها هۆزو پارێزگایه‌ك ناوده‌بات. وه‌ردی ده‌ڵێت: به‌كر ده‌وڵه‌تی كرد بە‌ده‌وڵه‌تێكی تكریتی، كه‌سێك نازناوی تكریتی بوایه خه‌ڵك حسێبی بۆ ده‌كرد. به‌عسیه‌كان دركیان به‌و مه‌سه‌له‌یه كرد، بۆیه بڕیاریاندا ته‌نها ناوی سیانی به‌كاربهێنرێت. به‌وه‌ش سه‌دام تكریتی بوه سه‌دام حسێن، عیزه‌ت دوری بوه عیزه‌ت ئیبراهیم.
وه‌لێ سه‌باره‌ت بە‌قۆناغی سه‌دام حسێن، ده‌ڵێت: سه‌دام كۆتایی بە‌رۆڵی هۆز هێناو ده‌سه‌ڵاتی راده‌ستی گوند كرد، عۆجه‌ییه‌كان جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست. ماوه‌ی حكومڕانیه‌كه‌ی خراپترین قۆناغه له‌ته‌واوی مێژوی عێراقدا. عێراق به‌ره‌و كاولكاری ده‌بات، به‌م نزیكانه‌ش ئه‌نجامی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه ده‌بینن. له‌وانه‌یه له‌كاتی هه‌ڵكردنی گێژه‌ڵوكه‌كان به‌سه‌ر عێراقدا من له‌گه‌ڵتان نه‌بم، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش پێی گه‌یشتن قسه‌كانی منتان له‌بیربێت.
جیاوازی به‌عس‌و ئه‌مه‌ریكا
له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدولسه‌لام عارفدا، وه‌ردی بانگ ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌من، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌من پێیده‌ڵێت: دكتۆر ده‌زانی هه‌ر باڵێوزێكی به‌ریتانی یان ئه‌مه‌ریكی له‌عێراق داده‌مه‌زرێ پابه‌ند ده‌كرێ به‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ت: سروشتی كۆمه‌ڵگای عێراقی بخوێنێته‌وه؟ پێتوایه ئه‌و ده‌وڵه‌ته گه‌ورانه بۆ واده‌كه‌ن‌و چی‌یان له‌كتێبه‌كه‌ی تۆ دۆزیوه‌ته‌وه؟
له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌مندا، وه‌ردی ده‌ڵێت: ئه‌وان فیكر ده‌خوێننه‌وه‌و ئێوه نایخوێننه‌وه. ئه‌وان رێزم لێده‌گرن‌و كتێبه‌كانم ده‌خوێننه‌وه، كه‌چی ئێوه وه‌ك تاوانبار بانگی ئه‌منم ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یه جیاوازی نێوان ئێوه‌و ئه‌وان.
سه‌دام دژی وه‌ردی بوو
نوسه‌ر چه‌ند نمونه‌یه‌كی بۆچونی سه‌رانی به‌عس له‌باره‌ی وه‌ردییه‌وه ده‌خاته‌ڕوو. یه‌كێك له‌به‌سه‌رهاته‌كان به‌م جۆره‌یه: ژنه رۆژنامه‌نوسی ئه‌مه‌ریكی كریستین هۆڵمز له‌ساڵی (1983) دیدارێك له‌گه‌ڵ سه‌دام ده‌كات‌و ده‌ڵێت: زانایه‌كی كۆمه‌ڵناسی عێراقی هه‌یه به‌ناوی عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت كه‌سێتی عێراقی به‌ئاسانی پاڵپشتی خۆی به‌ده‌سه‌ڵاتدار نادات.. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدار بزانێت ئه‌و كه‌سێتیه دوفاقییه، له‌وانه‌یه بارودۆخی ئێستا وایكردبێ وه‌لائی به‌ده‌سه‌ڵات بدات ئه‌گینا راسته‌قینه نییه”. له‌وه‌ڵامدا سه‌دام ده‌ڵێت: من له‌گه‌ڵ بۆچونه‌كه‌ی وه‌ردی نیم.
هه‌شت ساڵ دوای ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌و دوای ئه‌نجامدانی راپه‌ڕێن له‌دژی سه‌دام له‌كوردستان‌و باشوری عێراق، له‌ساڵی (1991) سه‌دام، ئه‌رشه‌د یاسینی یاوه‌ری ده‌نێرێته لای وه‌ردی‌و داوای كتێبه‌كانی لێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بیانخوێنێته‌وه.
نوسه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه جارێكیان سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی بابل داوا له‌وه‌ردی ده‌كات كاتێك بۆ دیداری عوده‌ی سه‌دام حسێن دیاری بكات. وه‌ردی مكوڕ ده‌بێت له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی‌و بە‌گاڵته‌كردنه‌وه ده‌ڵێت: بۆ پیاوێكی به‌ته‌مه‌نی وه‌كو من شیاو نییه، له‌به‌رامبه‌ر عوده‌ی كڕنۆش به‌رم.
بۆمبه‌كه‌ی وه‌ردی
له‌كۆتایی مانگی ئازاری ساڵی (1991)، كۆڕبه‌ندی ئه‌میندارێتی به‌غدا كۆڕێك بۆ وه‌ردی سازده‌كه‌ن، ئه‌مینداری به‌غدا له‌كۆڕە‌كه‌دا ئاماده ده‌بێت‌و ریكۆرده‌رێكی بچوك له‌به‌رده‌م وه‌ردی داده‌نێت، وه‌ردی ده‌ڵێت بۆچی تۆماری ده‌كه‌یت؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت: جه‌نابی سه‌رۆك ده‌یه‌وێ گوێبیستی بێت.
دوای قسه‌كه‌ی ئه‌مینداری به‌غدا، وه‌ردی كه ده‌زانێت قسه‌كانی ده‌گاته‌وه سه‌دام ره‌خنه‌كانی توند ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: تۆ ئه‌گه‌ر له‌سیاسه‌ت نازانی، وازی لێ بێنه‌و بڕۆ.. ئێمه مشك نین هه‌موو رۆژێك بمانخه‌نه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێوه.. ئه‌گه‌ر ئێوه رێگاتان ونكردوه، وه‌رنه لای ئێمه رێگای دروستتان بۆ حكومڕانی گه‌ل نیشانده‌ده‌ین”. پاشان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی هه‌ڵچونی ئه‌میندار په‌ندێكی باوی به‌غدادییه‌كان ده‌هێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: ئێوه چۆن بن كه‌سانێكی وه‌كو خۆتان حكومڕانیتان ده‌كات.
دوای ته‌واوبونی كۆڕه‌كه، خاقانی له‌وه‌ردی ده‌پرسێت له‌سته‌می رژێم ناترسی به‌و شێوه‌یه قسه‌یه ده‌كه‌ی؟ له‌وه‌ڵامدا وه‌ردی ده‌ڵێت: كاتێك به‌م توندییه ره‌خنه‌له رژێم ده‌گرم، ده‌مه‌وێ كۆتاییه‌كی تراژیدیم هه‌بێت، له‌لایه‌ك ئه‌و كۆتاییه له‌لای خه‌ڵك نه‌مرم ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌ش به‌درێژایی مێژو ئه‌و كاره رسواكردنی رژێم ده‌بێت. له‌وه چاكتر نییه ناوم بچێته ریزی ئه‌و زانا شه‌هیدانه‌ی كه له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵاتی زۆردار داكۆكییان له‌بۆچونه‌كانی خۆیان كردوه.
چاره‌سه‌ر چییه؟
جارێكیان د.حسێن عه‌لی مه‌حفوز له‌وه‌ردی ده‌پرسێت: تۆ زۆر باس له‌گرفته‌كانی تاك‌و كۆمه‌ڵگای عێراقی ده‌كه‌یت، به‌و خه‌سڵه‌ته‌ی زانایه‌كی كۆمه‌ڵناسی، چۆن كۆمه‌ڵگا له‌و نه‌خۆشیانه چاره‌سه‌ری ده‌بێت؟ له‌وه‌ڵامدا وه‌ردی ده‌ڵێت: ئه‌ركی زانای كۆمه‌ڵناس ئه‌وه‌یه ده‌رده‌كه ده‌دۆزێته‌وه‌و ئاماژه بە‌هۆكاره‌كانی ده‌كات، ده‌رمان له‌لای چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته. ریفۆرمخواز بیرۆكه‌كان بە‌خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێ‌و هه‌وڵی چاككردنیان ده‌دات، خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌و یاسایانه ده‌رده‌كات كه له‌گه‌ڵ چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كده‌گرێته‌وه، تا كۆمه‌ڵگا پابه‌ند بێت بە‌یاساوه‌و ببێته كۆمه‌ڵگایه‌كی سودبه‌خش. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ریفۆرمخوازمان تێكده‌ربێت‌و ده‌سه‌ڵاتمان یاسای پێچه‌وانه ده‌ربكات‌و بۆ سودێكی كاتی رێگه بە‌تێكدانی كۆمه‌ڵگا بدات، ئه‌وه كاره‌ساته.