هەست کردن بە بارودۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورت نابێتەوە تەنیا لە چاوەڕاونی کردنی ڕوخانی ڕژێمێكی دیاریکراو، کە ڕووداوێکە ئێستا وەکو کێکێکی گەرمی لێهاتووە هەموو چاوەڕوانن بێتە سەر سفرەو دەستی لێبوەشێنن، بەڵکو ئێمە هەموو وا پێ ی دەنێینە قۆناغێك کە جەنگ لە تارمایی دەردەچێت و دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
ئاڵۆزیەکانی ئەو جەنگانەی وا گەرمن و ئەوانەشی وەکو جەنگی موحتەملی ئایندە بەڕێوەن لەوە کورت نابێتەوە کە بەرژەوەندیەکانی بەرە جیاوازەکان بە ئەوپەڕی توندی بەر یەکتر دەکەون، بەڵکو لەوەدایە میلتاریزم وەکو ئەمری واقیع خۆی وەکو تاقە ڕێگای سیاسەت سەپاندووە.
ئامارەکانی خۆ پڕچەك کردن لە ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕیکۆردەکانی هەموو مێژووی سیاسی و سەربازی ئەم ناوچەیەی بڕیوە. ئابوریش بە بێ ناولێنان بووە بە ئابوری جەنگ، بە مانایەك پارەو بودجە تەنیا بۆ سوپا بە بێ ڕۆتین و دەردەسەری تێدەپەڕێ.
هنری کێسنجەرلە ساڵی ٢٠١٢چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازکرا بۆ شی کردنەوەی بارودۆخی سیاسی جیهان، چاوپێکەوتنەکە بە نێوی “ئەگەر گوێت لە تەپڵی جەنگ نییە دیارە تۆ کەڕییت” لەوێ لە بەشێکی قسەکانی دەڵێت:-
((ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕوسیاو چین دەتوقێنێ، دوایین بزماری تابوتەکەشیان ئێران دەبێت کە ئەویش ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلە. ئێمە خۆمان ڕێگەمان دا چین پەرە بە هێزە چەکدارەکانی بدات و روسیاش لە قەیرانی سۆڤیەت ڕزگاری بیت، ئەمەش بۆ ئەوەی هەستێکی چەواشەکارانەی دوور لە ڕاستیان لەلادروست بیت سەبارەت بە هێزوو توانایان، دیارە ئەم هەستەش رایاندەکێشێتە ناو پرۆسەکەو لە ناوچونیان خێراتر دەکات. بۆ بەرامبەرەکەمان بوار دەڕەخسێنین دەست بداتە چەك، بەڵام ئێمە وەك شەڕکەرێکی وریاو لێزان، زووتر دێینە دەست))
ئەمە قسەی شەڕەکانی سەدەی بیست نیە، ئەوە قسەی هێنری کێسنجەرە، کێشە ئەمە نییە کە ئەم زاتە هیچ پۆستێکی حکومی و سیاسی نییە لەبەر ئەوەی خانەنشینە، کێشە ئەوەیە کە لە دونیای راستیدا خۆی یان کەسانی وەکو ئەو بەشێك لەو حەقیقەتە تاڵ چاوەڕنکراوەمان پێ دەڵێن، ئەم جۆرە لە کەسایەتی پێمان دەڵێن چی چاوەڕوانمانە!
تەپڵی جەنگ لە زۆر شوێن دەنگی دێ، سەرکەوتوو دۆراو قەت ناتوانێ چواچێوەیەك بێ هاوتەریب بێ لە گەڵ ویستی مرۆڤی دووربین بۆ مامەڵە لەگەڵ جەنگ. ئایا مرۆڤایەتی بای ئەوەندە بەهاو بەرگری دژ بە بەربەریەتی تیا ماوە یان بای ئەوەندە حەوسەلەی سیاسەت کردنی تیا ماوە بە ئاراستەی دروست کردنەوەی بەهاکانی ” ئاشتی ” و ” مرۆڤایەتی “؟
ئەو سەرکردە جیهانی و ئیقلیمیانەی ڕۆڵ دەبینن لە ناوچەکە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکانیان ئامادەن ئەو ناوچەیە بکەنە یەك پارجە خوێن، لیستێك سەرکردەی جیهانی وئیقلیمی ملهوڕو تیرۆریست و بازرگان یاری بە چارەنوسی ناوچەکە دەکەن.
ووشە کلیلی “شەڕ” وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارە، ئایا ناوچەکە لە چاوەڕوانی شەڕی تازە هەیە! لە ئێستادا “شەڕ” یان “جەنگ” ئەو چەترەیە کە بەزمانی رەق و خوێناوی خۆی دەدوێ بە پێش هەموو شیکردنەوەو لیکدانەوەیەك دەکەوێت، ئەگەر تۆ وەك هاوڵاتیەك، پێشبینی جەنگ وشەڕ دەکەیت کەواتە دەبێ پێشبینی ئاوارە بوون و کۆمەڵکوژی و تاوانکاریش بکەیت، هەروەکو لە شەڕەکانی ١٩٨٠ ی عێراق-ئێران کرا، شەڕی کوێت ١٩٩١ و شەڕی روخاندنی سەدام٢٠٠٣، هەرچی تراژیدیایەکت لەوێ بینی یان بیستبێ دەقات و سەدبار زیاتر دەبێ.
هەر مرۆڤێك تەمەنی لەسەرووی ١٨ ساڵ بێت، یەك ئەلف و بێ ی زۆر سەرەتایی لە مێژو و لە سیاسەت بزانێ، دوو تێزی ستاندارد لە مرۆڤ بوون پەیڕەو بکا نابێ دڵی بە جەنگ خۆش بێت، ئەوە شەڕەی بڕیارە ڕووبدات قەسابخانەیەکی گەورەی سەدەی بیست و یەك دەبێت.
ئەم نوسینە بەشێكە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی بۆپێشەوە لە گەڵ من لە یادی ئاوارە بوونی خەڵکی کوردستان و لە ١/٤/٢٠١٩ بە درێژی بڵاوبۆتەوە.