وامیلی کاتژمێرەکانمان مل لەبەربەیانی ڕۆژی 16 ئازار دەسوێت؛ واتە چرکەساتەکانی نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە. منیش هەواڵێکی ترسناکی تۆڕەکۆمەلایەتیەکان هێندەیتر دەمهەژێنێت. خەمی دواساتەکانی مالئاوایکردنی یەکێک لەکەسایەتیە ناسراو جوامیرەکانی ئەم شارەم لەکۆلناوەو دڵم لەمستمتدایەو نیگەرانی ئەو ڕووداوەم کەهێشتا دەرفەاتی ڕێلیگرتنی ماوە. بەڕاست ئەمە چ کارەساتێکە، ئەو ئینسانەی کە هەرەتی گەنجیەتی کردە قوربانی و ڕۆژگارێک وەک قارەمانی زیندان ناودەبرا، ئەمڕۆ هەمان حزب هەر ڕۆژەی کۆمەلێک بەڵێنی ساردوسڕی بەتەتەرەکانی جاراندا بۆ دەنێرێت وساڵەهایە دلنیایدەکەنەوە لەوەی کە کارێکی بۆ دەکەن.
ئەرێ شوێنێک لەڕووی قایمی ئەم حزبانەدا ماوە کە ئینسان پیاهەڵشاغێت بەهیوای ئەوەی کە لەم غەمساردی و شانخالیکردنەوەیە ڕاجلەکین و هەر نەبێت وەفاداربن بۆ بەڵینەکانی خۆیان. بەڵی بەبیستنی هەواڵی نەخۆشکەتنەوەی ئەم ئینسانەو ڕازی نەبوونی بلاوکردنەوەی وێنەیەکی لە تۆرە کۆمەلایەتیەکاندا، مەگەر هەر لەو شوێنەدا لێحالبین کەوتبووی لێگەڕین وێنەم مەگرن منێک کەتائیستە سەبازی ون وبێناونیشانبم، چاکتر هەر بەشێوە بمینمەوەو کەس نەمناسێت.
ئەم دەربڕینە ئازاربەخشە منی زۆر بە قوڵی پەلکێشی بیرکردنەوە لەڕابردو دەیان کەسایەتی تری ئەم شارە کرد، کەتائیستەش مەگەر لەتونیلی مەحاڵەوە دەرچووبن و بەر بەرحمەتی قەلەمی بەدواچوونی نووسەران کەوتبن. جەغار کەمنین ئەو کەسایەتیانەی کە جێیانهێشتین بەلام هێندەشیان پێڕەوانەبینرا کە کارنامەو جوانیەکانیان لە مێژووی کەسایەتیەکانی ئەم شارەدا تۆماربکرێت. تۆبڵی لەهەرشتێک زیاتر بەو دەلیلە سادەبێت کە ئەو کەسایەتیە سادەو هەژارانەی ئەم شارە نەتوانن تیراژی بلاوکراوەو کتیبەکانیان بەرزتربکەنەوە؟!
ئاخر چۆن پێموانەبێت کاتێک کەدەبینم زۆربەی هەر زۆری نووسەران سەراپای بەدواچونەکانیان سیخناخە لەپیاهەڵدان وستایشیکردنی، فلان شەهید وفلان فەرماندەو قارەمان وکوری فلان ئاغاو کۆیخاو شیخ و کەسایەتی فلانە شەعشیرەت وبنەمالەی ناودار…دیارە مەبەستم خۆبەخۆ ڕەخنەگرتن لەو پیاهەڵدان و شەن وکەو کردنی کارنامەی ئەو کەسایەتیانە نیە، وەک بەشێک لەخەلکی دانیشتوانی ئەم شارە. بەلام کاتیک ئەمە بە قیمەتی پەراوێزخستنی بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتیە جوان ناسراوەکانی ئەم شارەبێت، ئیتر ئەم دابەشکردنە ئازارمان دەدات بەتایبەت لەکاتیکدا کە سەرنج دەدەین، تەنیا ئەوە دەبینینەوە کە زۆرێک لەو کەسانە سەربە هیچ عشیرەت و هۆزێک نەبوون و ڕەنگە هیچ ڕابردویەکی((شۆرشگیرانەشیان))سەروەتمەند بوونیان نەبێت. بۆیە گەر پێگەی چینایەتیان بووبیتە هۆکاری ستەملیکردنیکیان و لەژیانێکی ئاسوودەو بەختەوەر بەهرەمەندنەبووبن؛ ئەوا ئەو نووسەرە بەڕێزانەش هۆشیارانە یا نا وشیارانە نەک هەر زۆڵمی دووهەمیان لەو کەسایەتیانە کردوەو بە فەرامۆشیان سپاردون، بەڵکو نووسین و بەدواچوونەکانی خۆیشیان بێبەهرەکردوە لە نمایشنەکردن و نیشاننەدانی ئەو کەسایەتیە خۆشەویستانەی ئەم شارە کە زۆریکیان واهەستدەکریت کە ناویان لەمیژووی ئەم شارەدا سراوەتەوە. لەڕاستیدا دیوێکی تری فەرامۆشکردنی مێژوو کارنامەی ئەو کەسایەتیانە دەچیتە خانەی چەواشەکاری. گەر بە ئەرگومەندکردنی مێژووی ئەم شارە بەهەر دەلیلیک گرنگ بێت، ئەوا ئەم جۆرە لە نووسینەوەی مێژووش دەکریتە ئەو کارت و پیناسەییەی کە تەنیا لە خزمەت بەشێکی دیاریکراودابێت. بەمەش نەک هەر مێژوو بەشێوازێکی ئیفلیجکراوی دەنووسینەوە بەلکو بەکردەوە ئەم ( فەرامۆشکاریە) دەکەوێتە خانەی سانسۆرکردنی ژیانامەی دەیان و سەدان کەسایەتی جوان و جێشانازی کە لەگەل دفنکردنی ئەم شارەدا بەخاک دەسپیرین.
ئەگەر من لێرەدا مشتێک لەخەرمانی ئەو کەسایەتیانە بە ناوهینانیان ئاماژە پێبکەم، ڕەنگە زۆرێکتان ئەوکاتە وەک من نیگەرانی بەردەوامبوونی ڕەوشتی شاردنەوەی روخساری جوان وسیمای خۆشەویتسی ئەم ئینسانەبن. زۆرجار کەسانێک لەئێمە بەدوای وەلامی ئەو پرسیاردە ویلین، تۆ بڵی سیمای جوان و دۆستانەی ئەم شارە جاریکتر بگەڕێتەوە نێومان؟ کە من هەمیشە ووتوومە نـــــــا، ناگەریتەوە ئاخەر بەشێک لەسیمای جوان ودۆستانەو پڕ لەشادی ئەم شارە بە دانیشتووانی ئەو کات و کەسایەتیەکانیەوە گریدراوەتەوە کەئیدی هەرگیز نایەتەوە!
ئەوانەمان کە تەمەن یارمەتیمان دەدات دەتوانین بەخەیال بگەڕینەوە بۆ ئەو ڕۆژگارەی بەیانیان کە لە خەو هەلدەساین بۆ کڕینی موچە نانێک، کاتێک کە دەگەشتینە ناوەڕاستی شار (بابا)ی دوکاندار لەگەل گزنگی بەربەیاندا بە روخسارە هەمیشە دەم بەخەندەکەیەوە سهبەتەی فرۆ، پەنیر، دڵەمە، کەشک، ماستی خەستەی لەسەر مێزی بەردەم دوکانەکەی ڕیزدەکردو لەو لاشیەوە ئەوەندەمان نەزانی (ئەفرۆزی) ماستفرۆش منارەیەک قابلمە ماستی لەسەر سەری دادەگرت کە لە بامۆکەوە هێنابووی، پاش چاونوقنێک پەتوگوریسەو چەند قابلەمەیەکی کۆدەکردەوەو بەرەو ماڵەوە دەکشا. لەو بەرەوە (مامە شیخ کریم) فەردە کوێزو تەنەکە هەنگوین و ڕۆنی کوردی… دەهێنایە پیش دووکانەکەی و ریبوارانیش بەرلەوەی کە بەدەستی پرەوە بگەڕینەوە مالەوە نانێکی گەرمیان لای (ئەحمەدی حمەشریف) دەبرو دەچوونە چایخانەکەی تەنیشی و بە (خالە باقی)یان دەگوت چایەکی شیرین قاپیک قەیماغمان بۆ بینە… هیشتا خۆر لەدەمی کەلەوە دەرنەکەوتبوو (مینە ورگە) سەر مێزی بەردواکانەکەی بە سەوزەومیوەو بامی وتەماتە بایجان ولوبیا دەرازانەوە…(سەیدعزیز)یش پاش کەمێک عەرەبانە پر لە تورەکەی دەهێناو لە تەنیشت دوکانەکەیەوە دەکەوتە دەسکەنەکردن ریکوپیکردنی سەر عەرەبانەکەی بەتوورو سەوزە…ئەوەندەمانزانی لەخوار دوکانەکەی (حاجی شەخەل)ەوە (سەقلە – حەمە سعید) لەبەردم گەراجکەدا بەخێراییەکی سەرسورهێنەر هاواری دەکرد تەویڵە، تەویڵە، تەویڵە…دواتر زۆری پێنەدەچوو ڕیکلامی فیلیمەکانی ئەو ڕۆژانەی لەسەر شانی دەداناو بەناو شاردا بانگەشەی نمایشکردنی فلیمەکانی سەنگام و دۆستی و هەرقل و… دەکرد.
دڵنیام زۆرێک لە ئێمە ئەو دیمەنانەی لەیادە کە چۆن (ئەمیری حەمال) شانی دەدایە بەر ئەو فەردە برنج و قالبە تووتن و گابەردانەی کە مەگەر تەنیا لە توای ئەودابووایە جولاندن و بەرزکردنەوەی. کام لە گەنجانی دڵدارو عاشقی شار، یا ئەوانەی کەسەریان لە سیاسەت دەخوراوە بەشێک لەکاتە ئازادەکانی ڕۆژانەی لە چایخانەکەی( خالەی چایچی ) بەسەر نەبردوەو جارجارەش کە بێتاقەت دەبووین لە تەقەی دۆمینە خۆمان دەکرد بە دوکانی تێنس و دووگولیەکەی (دارای عەبە سور)دا و دەستمان دەکرد بە یاری. ئەوانەمان کە برسیەتی تەنگی پیهەڵدەچنین خێرا دەچووین نەفەرێک کەبابی (عومرە دۆم)مان دەخوارو بۆ پاکەت کرینیکیش جارجار دەچووینە لای (حەپسەی) دوکاندار کە ساڵەهای ساڵ بەر لەتەمەنی ئێمە ئەو ژنە ئازاو ئارامە لەدوکانێکی بچکۆلەی عەتاریدا بەدوای دابیکردنی بژیوی ژیان بوو. شاریک کەجاران کە بەریکەوتی ژیان یا بەهۆی کارو بژوی ژیانەوە ریان دەکەتە ئەم شارە، ئیتر هەم ئەوان بۆ هەمیشە لە خۆشەویستی خەلکی شار بەهرمەندەبوون و هەم خەلکی شار لە تواناو بەهرەی ئەوان بەهرمەند دەبوو، کە ڕەنگە نموونەکانی وەک مامۆستا (قالەڕەش، مامۆشتا عاسی، مامۆستا جیهاد، بورهانی گولچی، یاقوبی مزەمید…) تەنیا چەند کەسانێکی پشت ئەم ڕاستیەبێت.
بەڵی بەڕێزان، شارێک کە کەسایەتیەکی وەک(فایەفە دۆم) کە 40 سال هاواری فرشتنی هەناری گولان دەکات، ئێستەش لەغەمی نانی سبەیدابێت، شارێک کە(حەمەعەلی بۆرکاو) کە یەکێک لەجوانترین ئینسانەکانی بێت، تائیستەش کە تاڵی ڕەش بە ڕیشیەوە نەماوە بەدیار فرۆشتنی بتلی گازەوەبێت بۆ دابینکردنی نانی ژیان. ئیتر دەبێبڵین سەیر نەبێت لامان کە ئەو ئینسانەی سەردەمانێک سمبولی ڕاوەستانەوەو مقاوەمەتکردن بوون لە زیندانەکانی بەعسداو تائستەش هەموو ڕۆژێ دەزگاکانی راگەیاندنیان دەیلین ودەیلینەوە (ئەو ڕۆژانەی کە ئەمرۆیان دروستکرد) … لەبەرچاویشیاندا (ئایاری مەلا حسن)ەکان دەبێت دواچرکەی ژیان لە سەخترین کاندا بەسەرببات و 40 سال خەبات و تیکۆشان کەهەرەتی لاویەتی خۆیکردە قوربانی، لەپیناوی ئازادو بەرابەریدا. ئەم ئینسانە بەدەر لەوەی کە خانەنشینیەکی بندیواریشی بۆ قایل نابن، بەڵکو ئەم ئەمڕۆژانە بەدیاری تەرمەکەی خۆیەوە دانیشتووەو حزب و لایەنە بەرپرسەکانیش پەیاتا پەیا پەیامی گەرم ونەرمی پڕبەڵینی بۆ دەنێرن بەشکو خوا شفای خێری بدات.
کەواتە ئێستە ڕۆشنە کە خەتاو کەمتەرخەمیەکە تەنیا بەرۆکی نووسەران ناگریتەوە، لە نووسینەوەی میژووی ئەم شارەو دەرخستنی کارنامەی کەسایەتیەکانی پەراوێز دەکەن. بەلکو حزب ودەسەلاتیک ئەوە مامەلەو بەڵێنی بێت بەو کەسانەی کە خاون جوانترین و پرشانازیترین میژوون، ئەوکاتە فەرامۆشکردن وپشگوی خستنی بەشێک لە دیارترین کەسایەتیەکانی ئەم شارەش دەبیت ئاسای بێتە بەرچاو. ماوەتەوە بلین ئەگەر ئایارەکان بە تاوانی مامەلە نەکردن بەهەڵوێستیانەوە فەرمۆشکرین، ئایا پەراویزکردنی ئەو هەموو کەسایەتیانە لەپای چی ئەگەر تەنیا بەخاتری دەستکورتی و پێگەی چینایەتیان نەبێت، کەناتوانن بچنە خانەی ئاخاو بەگ و شیخ و شیخ و داراو دەسترۆشتووەکان؟!
تیبینی / هەموو ئەو بەڕیزانەی کە ناویان لە کەوانەکاندا هاتووە بەشیکن لەو کەسایەتیانە، کە من ناوەکانیانم وەک خۆی نووسیوە بەدور لەهیچ مەبەستیک لەگەل ریزمدا!