راپۆرتێكی نێودەوڵەتی ئاشكرای دەكات لە ساڵی 2018دا دەوڵەمەندەكانی جیهان دەوڵەمەندتر بوون و هەژارەكانیش هەژارتر و جیاوازی چینایەتی لەسەر ئاستی جیهان بە ئاستێكی مەترسیدار بەرزبووەتەوە.
دامەزراوەی ئۆكسفام لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە لە ساڵی 2018دا جیاوازییەكی گەورە لەنێوان دەوڵەمەند و هەژارەكانی جیهاندا دروستبووە، بەوپێیەی لەماوەی ئەو ساڵەدا سامانی 26 ملیاردێری جیهانی هێندەی سامانی 3 ملیار و 800 ملیۆن مرۆڤ بووە لە سەرانسەری جیهاندا.
هاوكات رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە پشتبەستن بە راپۆرتەكەی ئۆكسفام ئاشكرای كردووە، لەماوەی ساڵی 2018دا 2 هەزار و 200 ملیۆنێری جیهانی بڕی 900 ملیار دۆلار قازانجیان كردووە، بەوپێیەش لە هەر رۆژێكدا ملیۆنێرەكانی جیهان یەك ملیار و 500 هەزار دۆلاریان دەستكەوتووە.
بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی هەژاری و رێژەی سودی ملیاردێرەكانی جیهان دامەزراوەی ئۆكسفام رایدەگەیەنێت ئەگەر رێژەی1% وەك باج لە ملیاردێرەكانی جیهان كۆبكرێتەوە ئەوا تەنها لەماوەی ساڵی 2018دا دەتوانرا بڕی 418 ملیار دۆلار بۆ ئەو وڵاتە هەژارانە كۆبكرێتەوە كە كێشەی خۆراك و ئاوی پاكیان هەیە لەكاتێكدا ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان 3 ملیۆن كەس بەهۆی نەبوونی یان خراپی خزمەتگوزەرانەوە گیان لەدەستدەدەن.