ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بە پشت بەستن بە ئامارێکی ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، ٨٠%ی منداڵانی عێراق ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، و زیاتر لە نیوەی منداڵانی هەژاریش خوێندنی سەرەتایی تەواوناکەن.
ڕێکخراوەکە نوسیویەتی، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ یونسێف، لە ڕاپرسیەکدا ٢٠ هەزار و ٥٢٠ ماڵیان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بە نموونە وەرگرتووە، و لەسەر بنەمای ئەو ئامارە، دەردەکەوێت ئاڵۆزی وڵاتەکە و نایەکسانی بواری دارایی، کاریگەری لەسەر دۆخ و گوزەرانی وڵاتەکە هەبووە. منداڵانی هەژاری وڵاتەکەش هیچ هاوکارییەکیان لە حکومەت وەرنەگرتووە.ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرباری ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە وڵاتەکەدا کەمبووەتەوە بەڵام ٨٠%ی منداڵان لە ماڵەوە یان لە قوتابخانە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
یونسێف نوسیویەتی، هەرچەندە ٩٢%ی منداڵانی عێراق خوێندنی سەرەتایی دەخوێنن بەڵام نزیکەی نیوەی ئەو منداڵانەی کە لە نێو خێزانێکی هەژاردا دەژین خوێندنی سەرەتایی تەواودەکەن و ڕێژەی خوێندنی منداڵانی هەژاریش لە ساڵانی دوایی خوێندنیاندا کەمدەبێتەوە بەجۆرێک تەنها ٢٥%ی منداڵانی هەژار خوێندنی دواناوەندی تەواودەکەن، لەکاتێکدا ئەو منداڵانەی کە خێزانەکانیان باری داراییان باشە ڕێژەی تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی لە نێویاندا ٧٥%ە.
یونسێف ڕایگەیاندووە، منداڵانی عێراق پێویستییەکی زۆریان بە خوێندن هەیە، هاوکات نیوەی خوێندنگە حکومییەکانی وڵاتەکەش پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە، هەروەها لە کۆی سێ قوتابخانەش یەکێکیان سێ دەوامی تێدا دەکرێت و بەوەش ماوەی وانەوتنەوە بە قوتابیان کەمدەبێتەوە.
هەر بە گوێرەی ئەو ئامارە فەرمیانەی حکومەتی عێراق، پێنج لەو پارێزگایانەی عێراق کە بواری پەروەردە و خوێندن لە خراپترین ئاستدایە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە و کەمترین ڕێژەی منداڵان خراونەتە بەر خوێندن، دەکەونە باشووری وڵاتەکەوە و لە نێویشیاندا پارێزگای نەینەواو ئەنبار هەن. ئەوەش هۆکارەکەی بۆ خراپی دۆخی ئابووری ئەو پارێزگایانە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە دروستبووە. یونسێف دەڵێت “خوێندن ڕۆڵی کاریگەری هەیە بۆ باشبوونی دۆخی منداڵان چونکە زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی عێراق پێویستیان بە هاوکاری دەروونی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرێ دەروونیانەی کە بەهۆی جەنگەوە دروستبووە“.
پیتەر هاوکینس نوێنەری یونسێف لە عێراق ئاماژە بەوەدەکات “ئەگەر وەبەرهێنانی زیاتر نەکرێت لە پێناوی ئەوەی منداڵان تواناکانی خۆیان بەکاربهێن ئەوا داهاتوویەکی سەقامگیر لەدوای شەڕی داعش بەدی نایەت“.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی یونسێف ئاماژەی بەوەکردووە، کە عێراق لە ڕووی پاراستنی تەندروستی منداڵانی تازەلەدایکبووەوە بەرەو پێشچووە و ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە یەکەم مانگی تەمەنیاندا دەمرن کەمیکردووە، بەجۆرێک لەساڵی ٢٠١١دا لە کۆی هەزار منداڵ ٢٠ منداڵ گیانیان لەدەستدەدا بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ ١٤ منداڵ کەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرفتەکانی تەندروستی منداڵان لە عێراقدا هەر ماون و لە کۆی ١٠ منداڵ تەنها ٤ منداڵیان دەکوترێت و ئەو منداڵانەی لە کوتان بێبەشدەبن زۆرینەیان منداڵانی هەژارن، لەکاتێکدا لەسەدا ٤٠ ی ماڵەکانی عێراق مەترسی ئەوەیان لەسەرە ئاوی خواردنەوەیان پیسببێت، هاوکات بەشێک لە هاوڵاتیانیش لە ماڵەوە ئاوی خواردنەوەیان نیە و ئەوەش دەبێتە مەترسی توشبوونی منداڵانی تازە لەدایکبوو بە نەخۆشی.
هاوکینس وتوشیەتی، “دەبێت گوزەرانی منداڵان بە کاری لەپێشینەیی لە عێراق دابنرێت چونکە منداڵان داهاتووی وڵاتەکەن، حکومەتی عێراقیش بە سیاسەتێکی دروست دەتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات “.