وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە، واشنتۆن تاوتوێی ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەت بکات بە تورکیا، لە بەرامبەر ڕازیکردنی ئەنقەرە لە بابەتی دۆسیەی جەمال خاشقچیدا.
هیزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و قسەیان لەگەل هاوکارەکانیان کردووە لە کۆشکی سپی، ڕوونیانکردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ نەکراوە لەسەر بابەتی ڕادەستکردنی گولەن بە تورکیا.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستاش وەزارەتی دادی ئەمریکا تاوتوێی ئەو بەڵگانە دەکات کە تورکیا پێشکەشیکردووە، بۆ گێرانەوەی گولەن بۆ وڵاتەکەی کە تۆمەتباری دەکات بەوەی لە پشت کودەتاکەی هاوینی ساڵی ٢٠١٦وەیە، و ئەو دۆسیانە لە بەردەستی وەزارەتی دادی وڵاتەکەیدایە بە تەواوی.
سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە دۆسیەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئەستەنبوڵ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “هیچ پەیوەندییە نییە لە نێوان ئەو دوو دۆسیەیەدا، چونکە ئێمە هەر لە بنەڕەتەوە کارمان لەسەر بابەتی سزاکان دەکرد، بۆیە شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە.”
ئەوە لەکاتێکدایە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێن بی سی ئەمریکی دوێنێ پێنجشەممە (١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨)، لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە کە ناوەکانیانی ئاشکرا نەکردووە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕادەستکردنەوەی گولەن، لەپێناو کەمکردنەوەی داخوازییە بەردەوامەکانی تورکیا لەسەر دۆسیەی تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی، لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئەستەنبوڵ لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا .