پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمیش چەند زانیارییەك ئاشكرا دەكات.
كاتژمێر 8 ی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 30 ی ئەیلول دەرگای بنكەكانی دەنگدان بەروی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كرانەوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمیش ژمارەی وێستگەو بنكەكانی “هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە” ئاشكرا دەكات.
هەولێر 499 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە 2 هەزارو 142 وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتوەو ملیۆنێك و 36 هەزاو 419 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە سلێمانی 476 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە 2 هەزارو 306 وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتوەو ملیۆنێك و 134 هەزارو 760 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە دهۆك 257 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە هەزارو 361 وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتوەو 677هەزارو 797كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە هەڵەبجە 28 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون كە 132 وێستگەی دەنگدانیان لە خۆگرتوەو 66 هەزارو 16 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بەپێی ئامارەکان، لە کۆی ژمارەی دەنگدەران لەم ھەڵبژاردنەدا ٣٧١ ھەزار و ٥٦٠ کەس بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان ھەیە.لە ھەڵبژاردنەکەدا ٣٨ لیست و ھاوپەیمانی بە ٧٧٣ پاڵێوراوەوە کە ٥٣٢یان پیاون و ٢٤١یان ژنن، کێبڕکێ لەسەر ١١١ کورسی پەرلەمان دەکەن.بەپێی سیستمی ھەڵبژاردن، ١١ کورسی بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراون، کە پێنجیان بۆ مەسیحی و پێنجیان بۆ تورکمان و کورسییەکیشیان بۆ ئەرمەنەکان تەرخانکراوە و لەم ھەڵبژاردنەدا ١٨ قەوارە بە ٦٥ کاندیدەوە کێبڕکێ لەسەر کورسی پێکھاتەکان دەکەن.
ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی نیمچە کراوە بەڕێوەدەچێت و بەپێی ئەو سیستمە دەنگدەران دەتوانن دەنگ بە قەوارە و کاندیدەکانیش بدەن، یان دەتوانن تەنھا دەنگ بە قەوارەکان بدەن، بەڵام ناتوانن تەنھا دەنگ بە کاندید بدەن و بە قەوارەی نەدەن.
ھەر بەپێی سیستمەکە، ھەڵبژاردن بە شێوەی یەک بازنەیی بەڕێوەدەچێت، واتە دەنگدەران لە ھەر چوار پارێزگاکەوە دەتوانن دەنگ بە کاندیدی لیست و قەوارەکان بدەن و قەوارەکانیش لەسەر ئاستی ھەرێم یەک لیستی کاندیدیان ھەیە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمیش رایدەگەیەنێت پرۆسەكە لەلایەن چاودێرانی نێودەوڵەتیو رۆژنامەنوسانی بیانیو ناوخۆییەوە چاودێری دەكرێت.