٣٠\٩\٢٠١٨ ، هەڵبژاردن بۆ خولێکیتری پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت ، لیستی ئازادی بە ژمارە ١٦٤ بەشداری ئەو هەڵبژارنەی کردوە ، لەنێو ئەو بەربژێرانەدا کاندیدی ژمارە ( ٢) نەهرۆ جلال عوسمان ناسراو بە ( نەهرۆ عاڵایی )یە
سایتی ئاشتی : پێشتر ئێوە لە چەندین کەمپین بەشدار بونە و دەورتان هەبووە ،وەکو کەمپینی دادپەروەری و بڕینی خانەنشینی نایاسایی ،کەمپینی دژی داگیرکاری و هێرش و پەلاماردنی وڵاتانی ناوچەکە و خۆپیشاندانەکانی دژی تیرۆری رۆژنامەنووسان و چەندین کەمپینیتر … دەتانەوێت لە پەرلەمان چۆن ئەو کەیسانە بجوڵێنن ؟
نەهرۆ عاڵایی: وەکو لە پرسیارەکەتان ئاماژەتان پێکردوە،ئێمە بووین بەهاوکاری چەند چالاکوانێکی شاری هەولێر و شار و شارۆچکەکانیتری کوردستان گەورەترین کەمپینمان بەڕێخست،لە دژی ئەو ناعەدالەتیەی لە مووچەی پلە باڵاکان و خانەنیشنینانی نایاسای هەیە،سەدان مەلەفمان ئاشکرا کرد و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵآومان کردەوە کە کەسانێک هەن یەک رۆژ وەزیفەیان نەدیوە کەچی بەچەندین پلەی بەرزی وەزیفی جیاواز جیاواز بەچەندین ملیۆن دینار لەسەر قوتی خەڵک خانەنشینکراون،لەم لاشەوە فەرمانبەرێک دوایی ٦٢ ساڵ تەمەن و دەیان ساڵی خزمەت بە مووچەیەکی کەمی ٤٠٠ هەزاری خانەنشین دەکرێت کە بەشی دەرمان و دکتۆری ناکات . ئێمە هەر زوو هەستمان بەم مەترسیە گەورەیە کرد کە دەبێتە هۆی دابەشبونی چینایەتی و چەندینجار بەردەرگای حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریمان گرت تا چاوێک بەم مەلەفانە بخشێننەوە،بەڵین بێت درێژە بەهەمان کەمپین دەدەم لەناو پەرلەمان و لێناگەڕێین ئەو ناعەدالەتیە ئاوا بچیتە پێش.
تیرۆری رۆژنامەنووسان یەکێک لە کارەساتە هەرە ناخۆش و بەسوێکانی ژیانی تایبەتی و رۆژنامەگەری من بووە کە یەکێک لە هاوکارە هەرە نزیکەکانی خۆم لەدەستدا ( سەردەشت عوسمان ) یەکێک لە رۆژنامەنوس و هاوکاری ئێمە بوو تا ئەوکاتەی تیرۆریشکرا ،برینێکە بۆ ئەبەد بیرم ناچێتەوە،بۆیە ئێمە بەردەوام بەشێک بووین لە کەمپینەکان لەبەرامبەر تیرۆر و سەرکوتی دەنگی ئازاد لە کوردستان و لەم بارەیەوەش خۆپیشاندان و نارەزایەتی جۆراوجۆرمان بەرێخستوە وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی،لە تیرۆری رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانیدا ،بەڵێن بێت لەپەرلەمان رێگا نادەین ئاوا بەئاسانی ئەو هەموو پێشێلکارییە بەرامبەر هاوپیشەکانمان بکرێت و پەرلەمانیش رۆڵی نەبێت لەکەمکردنەوە و سنورداکردنی .
سایتی ئاشتی : تۆ لەکەمپینی هەڵبژاردن دەڵێی ( دەنگ بدەن بە کوڕە هەژارێک ..) دەتەوێ لێرە چ بە خەڵک بڵێیت ،ئەگەر ئەو رستەیەمان بۆ رووونتر بکەیتەوە ؟
نەهرۆ عاڵلایی :بێگومان ئێوە دەبینن و دەبیستن رۆژانە چەندین کەس خۆیان دەکوژن و ئاگر لەخۆیان بەردەدەن و کۆتایی بەژیانی شیرینی خۆیان دەهێنن،هۆکاری بەشێکی زۆری ئەو کارەساتانە نەبوونی و دیار نەبوونی چارەنوسێکی رۆشنە بۆ گەنجان و لاوانی کچ و کوڕ ،ئێوە قەت بیستوتانە یان بینیوتانە بەرپرسێک دەزگایەک،لایەنێک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە جەرگبڕانە بکات ؟ بێگومان نەخێر ! لەبەر ئەوەی لە ژیانی ئەو خەڵکە هەژارە تێناگەن، ئەوان لەو ژیانە نەژیاون و نەیاندیوە .ئەوە ئێمەین دەزانین و هەستی پێدەکەین چ هۆکار گەلێک لەپشتەوەی کەسێکە کە بەدەستی خۆی ساتەکانی تەمەنی خۆی کورت دەکاتەوە .
ئێوە دەبینن و دەبیستن رۆژانە دەیان و سەدان گەنج لەبەر نەبوونی و نەهامەتی و دیار نەبونی سبەینێیەکی باشتر سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەبنە خۆراکی ماسیەکانی دەریای ئیجە،قەت بیستوتە دەزگایەکی حکومی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەهۆکاری کۆچی گەنجان بکات؟! بێگومان نەخێر،چونکە ئەوان لە واقعی ژیانی ئەو گەنجانە تێناگەن و پێیان وایە لە خۆشیدا کۆچ دەکەن ،نەیاندیوە و هەستی پێناکەن .ئەوە ئیمەین دەزانین و هەستی پێدەکەین چ جەهەنەمێک لە پشتەوەی کۆچی گەنجانەوەیە .
ئێوە قەت بە سوتفەش دیوتانە بەرپرسانی خاوەن بڕیار سەر بەگەرەکێکی هەژار نشینی وەکو کوران و بەهار و کرێکارانی هەولێر و کانی سپیکەی سلێمانیدا بکەن ؟ ئەوە ئێمەین لەم گەڕەکانە ژیاوین و دەژین و بەشانازییەوە لەو گەڕەکانە پەروەردە بوین و لە کێشە و گرفتی گەنجان و لاوان و مناڵان و پیر و پەککەوتوانی هەژار و کەمدەرامەتی ئەو وڵاتە تێدەگەین . بۆیە داوایان لێدەکەین دەنگ بدەن بە کوڕە هەژارێک چونکە لەکێشە و گرفتەکانتان تێدەگات،بۆیە دەڵیین دەنگ بدەن بە ئێمە تا هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی هەژاران ببەینە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەرپرسانی لێ ئاگادار بکەینەوە و لایەنی پەیوەندیدار چارەسەریان بکات .